فازڵ میرانی: لەگەڵ یەكێتی ڕێكنەكەوین دوو كاندیدی جیاوازمان دەبێت بۆ سەرۆك كۆمار

18-09-2018 12:36
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی سووربوونی حزبەكەی دووپاتدەكاتەوە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق‌و دەڵێت، ئەگەر لەگەڵ یەكێتی ڕێكنەكەون هەردوولایان كاندیدیان دەبێت‌و دەیخەنەبەردەم پەرلەمانی عێراق.

 

فازڵ میرانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا، باسلە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق‌و ناكۆكییەكانیان لەگەڵ یەكێتی‌و كاندیدكردنی خۆی دەكات بۆئەو پۆستە، لەبارەی كاندید كردنی بەرهەم ساڵحیش لەلایەن یەكێتییەوە پێیوایە، ئەوە ڕوونادات.

 

"هیواخوازم ئێمەو یەكێتی لەسەر یەك كاندید وەك خولەكانی پێشوو ڕێك بكەوین چونكە ئێمە بە برادەرانی یەكێتیمان وتووە سێ خولە ئەو پۆستە بۆ ئێوەیە با ئەمجارەش ئەو پۆستە بۆ كاندیدێكی پارتی بێت، ئەگەر ڕێك نەكەوین كە من ناخوازم ئەوە ڕوبدات ئەوا ئێمەو یەكێتی دەبێت هەریەكەمان كاندیدی خۆی بهاوێژێتە ناو پەرلەمان بۆ بەردەم موقەدەری شیعەو سوننە كە بزانین دەنگ بەكێ دەدەن ئەویان ببێتە سەرۆك كۆمار، كە من خۆم وەك"فازڵ" هیوادارم ئەوە ڕونەدات."

 

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی باسلەوەشدەكات ئەوان پێشتر بە یەكێتییان وتووە ئەو پۆستەیان دەوێت، بەڵام یەكێتی ئەو قسەیەی بەجددی وەرنەگرتووە، وتی"ئەوان پێشتر نەیاندەزانی ئێـمە بەجدیمانە وای بۆدەچوون ئەمە تەنها مامەڵەیەكە-معامەلەیەكە=."

 

هەرچەندە پارتی كورسی زیاتری هەیە لە پەرلەمانی عێراق‌، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆك كۆمار پشكی ئەوبێت، ئەو پۆستە لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا سەرۆكی هەرێم نەماوە.

 

یەكێتی لەناو خۆیدا چەند كاندیدێكی هەیە بۆ ئەو پۆستەو لە دەرەوەی ئەو حزبەش بەرهەم ساڵح لە گفتوگۆدایە لەگەڵیان بۆ گەڕانەوەی بۆناو ئەو حزبە بەمەرجی ئەوەی ببێتە تاكە كاندیدی یەكێتی، لەناو پارتیشدا چەند ناوێك دەهێنرێن وەكو كاندید، فازڵ میرانی یەكێك لەو ناوانەیە.

 

بەدەر لە پارتی‌و یەكێتی‌و بەرهەم ساڵح، كورد چەند كاندیدێكی دیكەی هەیە، لەوانە؛ سەلیم شوشكەیی لە كۆمەڵی ئیسلامی، عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیكان، هەروەها سەردار عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان ئەمڕۆ وەكو كەسێكی سەربەخۆ لە پەرلەمان خۆی تۆماركرد وەك كاندیدی بۆ سەرۆكی عێراق.

 

ئەوانە لەكاتێكدان پەرلەمان دەرگای خۆكاندید كردنی كردووەتەوەو ئەمڕۆو سبەینێ‌و یەكشەممەی داهاتووی دیاریكردووە بۆ وەرگرتنی سیڤی ئەو كەسانەی خۆیان كاندید دەكەن، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 25ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجام بدرێت‌و كاندیدی براوە پێویستی بە دەنگی 210 پەرلەمانتارە لە كۆی 329 ئەندامەكەی پەرلەمان.

 

لەبارەی ئەوەی پارتی چەند كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە؟ فازڵ میرانی دەڵێت"ئەگەر ڕاستگۆ بم لەگەڵتان بەگۆڕی مەلا مستەفا تا ئەم دەقەیە نازانم."

 

میرانی دەشڵێت"ناوی خۆمم لە ڕاگەیاندنە عەرەبیەكانەوە بیستووە، ناوی من لەگەڵ هەریەك لە هۆشیار زێباری‌و د.فوئاد حسێن كەوتۆتە ناوان، بەڵام نە كەس بەمنی وتووەو نە سیڤیم ئامادەكردووە تەنانەت بیرم لێ نەكردووەتەوەو خەیاڵیشم بۆی نەكردووەتەوە چی بكەم و نەكەم."

 

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ڕەتیدەكاتەوە حزبەكەی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار داوای پارێزگاری كەركوك لە یەكێتی بكات‌و دەڵێت ئەوە پرسێكی دیكەیەو پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە نییە.

 

لەوەڵامی ئەوەی ئەگەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بێت ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت چ بەرنامەیەكی هەیە؟ میرانی دەڵێت، ئەگەر ببێتە سەرۆك كۆمار هەرچی دەستوریی بێت بەبێ سێ‌و دوو ئەوە دەكات.

 

"لەوێ دانانیشم بەتەنها موخەسەسات وەربگرم، پارێزەری دەستور و مافی كورد دەبم، هەر فشارێك لەكورد كرا بێدەنگ لەوێ دانانیشم، یا بۆ نمونە؛ ئەو ڕیفراندۆمەی كرا فشار لەكورد كرا لەوێ دەستم لەكاردەكێشایەوەو دەهاتمەوە هەولێر، پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان بەپێی دەستور دەنێرم، دەسەڵاتەكانی خۆم پەیڕەو دەكەم، چونكە دەسەڵات لە عێراق بریتیە لە سەرۆكایەتی كۆمار و حكومەت و داد، نەك دانیشم خۆم كەناربگرم بڵێم لای من خۆشە حەقی هیچم نیە، من ئەو سەرۆكایەتی كۆمارە ناكەم."

 

دەربارەی ئەو كاندیدە كوردانەی لەدەرەوەی پارتی و یەكێتی بەنیازی خۆ كاندید كردنن، میرانی باسلەوەدەكات، لە عێراقدا عورفێك هەیە ئەویش سێ پۆستە سیادییەكە كاندیدەكانیان لە سێ پێكهاتە زۆرینەكە دەبێت.

 

"كابرایەك بەتاقی تەنها ناتوانێت بچێت خۆی كاندید بكات، چونكە ئەو ڕێكەوتنەی لەنێوان لایەنە عێراقیەكان‌و كورددا هەیە لایەنە عێراقیەكان بۆ كەسێك تێكی نادەن، چونكە خودی كەسەكە ڕێكەوتنی كوردی لەسەر نەبێت چۆن هی عێراقیەكانی لەسەر دەبێت؟ جا كەوابێت سبەی شیعەش دەتوانێت كەسێكی سوننە لەبەسرەوە بهێنێت بیكاتە كاندیدی سوننە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، لەناو عێراقدا ئەو تێگەیشتنە هێشتا ماوە كە ڕێكەوتنی پێكهاتەكان خۆیان لەسەری نەبون دەنگی پێنادرێت."

 

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لەو بڕوایەدا نییە یەكێتی بەرهەم ساڵح كاندید بكات، دەڵێت"چونكە یەكێتی ناكۆكی هەیە كە بچێتەوە ناو یەكێتی، باشە ئەگەر بچێتەوە ناو یەكێتی ئەی ئەو ئیسلامیانەی لەگەڵیدابوون(كاك محەمەد ڕەئوف و كاك ئارام قادر ) بۆ كوێ دەچن؟ ئینجا دوایئەوە ئەو هۆكارانەی وای لە دكتۆر بەرهەم كرد یەكێتی بەجێ بهێڵێت هۆكارەكان چاك بون و نەماون یا خۆی چاك بووە؟ چونكە ئێـمە ئەگەر وتەكانی كاك بەرهەم بهێنیەوە كە دەیوت بۆ حورمەتی خۆم‌و ئەخلاقی خۆم ناگەڕێمەوە ئەمە بابەتی گەندەڵیە، ئەمە بابەتی موناقەشەیە، یا بڵێین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەچێتەوە ناو یەكێتی؟ یا بۆ یەكێتی دەچێتەوە ناو یەكێتی؟ ئەمە بابەتی برادەرانی یەكێتیە؟ سەبارەت بەوەی ئێمە پشتگیری دەكەین ئەوە دەكەوێتە سەر ڕێكەوتنی نێوان ئێمـەو یەكێتی هیوادارین ئەوە ڕونەدات."