مەلا بەختیار مەرجی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار ئاشكرا دەكات

18-09-2018 04:51
مەلا بەختیار - بەرهەم ساڵح.

 

پەرەگراف

 

مەلا بەختیار مەرجی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئاشكرا دەكات، مەرجەكە پێچەوانەی ئەو مەرجەیە كە بەرهەم ساڵح هەیەتی لەسەر ئەو پرسە.

 

مەلا بەختیار ڕایگەیاند، هەركاتێك هاوپەیمانی بڕیاربدات بچێتەوە ناو یەكێتی‌و پڕۆسەی یەكگرتنەوە دەستپێبكات، بەرهەم ساڵح دەتوانێت یەكێك بێت لە كاندیدەكانی سەرۆك كۆماری عێراق.

 

ئەو وتانەی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە خۆی یەكێك لە كاندیدەكانی ئەو پۆستەیە، لەكاتێكدایە گفتوگۆو نزیكبوونەوە لە نێوان بەرهەم ساڵح‌و یەكێتیدا هەیە، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد بەرهەم ساڵح بە مەرجی ئەوەی بكرێتە تاكە كاندیدی یەكێتی بۆئەو پۆستە ئامادەیە بگەڕێتەوە. لەو حاڵەتەشدا هاوپەیمانی دەمێنێت‌و دەستەیەك بۆ بەڕێوەبردنی دادەنرێت، ئەمەش خاڵێكی دیكەی ناكۆكە لەگەڵ وتەكانی مەلا بەختیار.

 

مەلا بەختیار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا لەگەڵ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش، دەربارەی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە وتی"جارێ هیچ بڕیارێكی ڕەسمیی لە هاوپەیمانییەوە دەرنەچووە كە بەرهەم دێتەوە ناو یەكێتی، بەڵام هەركاتێك بڕیاری ڕەسمیی لە هاوپەیمانییەوە دەرچوو كە هاوپەیمانی دێتەوە ناو یەكێتی‌و پڕۆسەی یەكگرتنەوە دەستیپێكرد، كاك بەرهەم بۆی هەیە یەكێك بێت لە كاندیدەكان."

 

لە وەڵامی ئەوەی لەو كاتەدا ئامادەیە بكشێتەوە بۆ بەرهەم ساڵح، مەلا بەختیار وتی"بە قەناعەتی خۆم بڕیار دەدەم. بەس بە قەناعەتی خۆم بڕیار دەدەم، چونكە ئەوە مافی خۆمە."

 

مەكگۆرك بۆئەو پرسە سەردانی مەلا بەختیاری كردووە لە سلێمانی‌و دوێنێش بۆ هەمان مەبەست لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبووەتەوە.

 

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا برێت مەكگۆرك وتی"بە دڵناییەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەندین بڕیاری گرنگ دەدرێت لە عێراقدا، متمانەمان زۆرە كە هاوڕێ‌و هاوبەشە عێراقییەكانمان پێكەوە ئەو بڕیارانە دەدەن‌و پابەند دەبن بەو ماوە دەستوورییەی كە بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاریكراوە."

 

ئەوە لەكاتێكدایە هێشتا ئەو پرسە لە نێوان پارتی‌و یەكێتیدا یەكلایی نەكراوەتەوە، مەلا بەختیار وتی، هەردوو حزبە "بەرپرسانە" مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەكەن.

 

هەرچەندە پارتی كورسی زیاتری هەیە لە پەرلەمانی عێراق‌، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆك كۆمار پشكی ئەوبێت، ئەو پۆستە لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا سەرۆكی هەرێم نەماوە.

 

هەر ئەمڕۆ فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی سووربوونی حزبەكەی دووپاتكردەوە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق‌، ڕایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ یەكێتی ڕێكنەكەون هەردوولایان كاندیدیان دەبێت‌و دەیخەنەبەردەم پەرلەمانی عێراق.

 

یەكێتی لەناو خۆیدا چەند كاندیدێكی هەیە بۆ ئەو پۆستەو لە دەرەوەی ئەو حزبەش بەرهەم ساڵح لە گفتوگۆدایە لەگەڵیان لەو بارەیەوە، لەناو پارتیشدا چەند ناوێك دەهێنرێن وەكو كاندید، فازڵ میرانی یەكێك لەو ناوانەیە.

 

بەدەر لە پارتی‌و یەكێتی‌و بەرهەم ساڵح، كورد چەند كاندیدێكی دیكەی هەیە، لەوانە؛ سەلیم شوشكەیی لە كۆمەڵی ئیسلامی، عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیكان، هەروەها سەردار عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان ئەمڕۆ وەكو كەسێكی سەربەخۆ لە پەرلەمان سیڤی خۆی پێشكەشكرد‌و خۆی كاندید كرد بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.

 

ئەوانە لەكاتێكدان پەرلەمان دەرگای خۆكاندید كردنی كردووەتەوەو ئەمڕۆو سبەینێ‌و یەكشەممەی داهاتووی دیاریكردووە بۆ وەرگرتنی سیڤی ئەو كەسانەی خۆیان كاندید دەكەن، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 25ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجام بدرێت‌و كاندیدی براوە پێویستی بە دەنگی 210 پەرلەمانتارە لە كۆی 329 ئەندامەكەی پەرلەمان.