كۆتا پڕۆژەی سیاسی نەوشیروان مستەفا لە بەردەم مەترسیی بایكۆتدایە

18-09-2018 06:15
عومەری سەید عەلی لە نێوان نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردوو، عوسمانی حاجی مەحمود سەركردەی دەستلەكاركێشاوەی گۆڕان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەڕێوەم بۆ یەكەم ئاهەنگی بانگەشەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی ئەو بزووتنەوەیە، شۆفێری ئەو تاكسییەی دەمگەیەنێتە شوێنەكە هەوادارێكی سەرسەختی گۆڕانە، بەڵام لەو كەسانەیە بڕیاریداوە بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات، ئەم هەڵوێستە گەورەترین مەترسییە لەسەر كۆتا پڕۆژەی سیاسیی نەوشیروان مستەفا.

 

"دەنگی چی بدەم ئەوە بەنزینەكەیانە سەیری چۆن دەیبڕێت(مەبەستی ئۆتۆمبێلەكەی بوو)" ئەمە دەستپێكی قسەكانی ئەم شۆفێرە گەنجەبوو لە وەڵامی ئەوەی، بەشداریی هەڵبژاردن دەكەیت؟.

 

شۆفێرەكە بەڕادەیەك بێزارە نایەوێت ناوی بهێنرێت، وەك دەیوت ئەو ناترسێت لە ناوهێنانی، بۆپیشاندانی ئەوەش وتی، لە نوسینگەی قوباد تاڵەبانییەوە تەلەفۆنیان بۆكردووە وتویانە دەنگی پێدەدەیت بە دەنگی بەرز وتوویەتی نەخێر، وتیشی"قسەدەكەی هەر وەی، نایكەی هەروەی، دەنگ دەدەیت هەروەی، نایدەیت هەروەی، هیچ سوودی نییە، ئەم دوو حزبە(پارتی‌و یەكێتی) یان دەبێت بە شەڕ لابچن یا لێیانگەڕێی بۆخۆیان چی دەكەن بیكەن."

 

ئەو، حەوت كەسی ژمارد لە باوك‌و دایك‌و براو براژن كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەچوون بۆ دەنگدان‌و ئەمجارەش ناچن‌و دەیوت زۆر كەسی دیكەش دەناسێت كە ناچن بۆ دەنگدان، وتی"جاری پێشوو هەرخۆم چووم، ئێستا خۆشم پەشیمانم."

 

شۆفێری ئەو تاكسییە نمونەیەكە لە زۆر كەسی دیكە كە لەبەری بایكۆتدان‌و بڕوایان بەوە نییە هەڵبژاردن هیچ لە دۆخەكە بگۆڕێت، بەرەی بایكۆت لە سلێمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆرینەبوون‌و كەمتر لە سەدا 50ی خەڵك بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكەدا كرد.

 

پێشتر لەم پارێزگایە ئۆپۆزسیۆن‌و بەتایبەت گۆڕان بەهێزترین بوو، بەڵام بایكۆت دۆخەكە دەگۆڕێت‌و لە بەرژەوەندیی گۆڕان نییە‌و بایكۆت چییەكان ناڕازییەكانی ئەم شارەن.

 

گۆڕان ئێستا پۆستی باڵای حكومەتی خۆجێیی سلێمانی بەدەستەوەیەو پارێزگار سەربەئەوە، شۆفێری تاكسییەكە ڕەخنەی تووندی لە هەڤاڵ ئەبوبەكر هەبوو، وتی"لە ئاستی نیوە ئەو دەنگانەش نەبوو كەپێی درا."

 

ئەو شۆفێرە سوێندی خوار كە مانگ هەبووە 10 فیول پەمپی بۆ ئۆتۆمبێلەكەی گۆڕیوە بەهۆی خراپیی بەنزینەوە، وتی"بەسیتترین شت د.هەڤاڵ نەیتوانیوە ئەم بەنزینە چارەسەر بكات كە ماڵی خەڵكی وێران كرد."

 

هەڵبژاردنەكە كۆتا ڕۆژی ئەم مانگەیەو لە كاتێكدایە خەڵك لە ڕەوشێكی ناهەمواری ئابوریدان‌و ناڕەزاییەكی فراوان لە حزب‌و حكومەت، هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، گۆڕان یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیەتی بەبێ نەوشیروان مستەفا.

 

كاتێك گەیشتمە بەردەم گردی زەرگەتە سەدان كەس لە چین‌و توێژی جیاواز كە زۆرینەیان سیمای هەژاریی بە ڕوخساریانەوە دیاربوو بە جۆش‌و خرۆشەوە هاواریان دەكرد، "نامرێ‌و نەمردووە ڕێبازەكەی زیندووە" ئەوان مەبەستیان نەوشیروان مستەفا بوو.

 

 

ئاهەنگەكەی گۆڕان لە بەردەم گردی زەرگەتە ئێوارەی 17-9-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

گۆڕان كە كۆتا پڕۆژەی سیاسیی نەوشیروان مستەفایە هێشتا جێگای ئومێدە بۆ زۆركەسی ناڕازیی لە دەسەڵاتی پارتی‌و یەكێتی، وەك ئەوانەی لەبەردەم گردی زەرگەتەبوون‌و بە ئاڵایەكی نیلییەوە شاییان دەكردو دروشمیان دەوتەوە.

 

هاوڕێ تاهیر یەكێك بوو لەوانە، بە حەماسەوە بۆ پەرەگراف وتی"من نەوشیروانیم سەركردەی سادە، دەنگم بۆ گۆڕان بووەو هەر دەنگ بەویش دەدەم، ئومێدم بە كەسەكانی دوای كاكەنەوە هەیە."

 

هاوڕێ گەنجێكی تەمەن 26 ساڵە، تا سێ مانگ پێش ئێستا نانەوا بووەو ئێستا شۆفێری تەكسییە، ئەو دەیوت خەڵكی برسیی زۆر بینیوە، "كاتێك نانەوا بووم بەخوا خەڵك هەبووە هاتووە داوای كیلۆیەك ئاردی كردووە."

 

بەدەر لە بایكۆتی دەنگدەر گۆڕان بایكۆتی ناوخۆیی هەیەو هەندێك سەركردەی لە حزبەكە دووركەوتوونەتەوەو بەشدارنین لە هەڵمەتی بانگەشە، ئەوەش پێچەوانەی هەڵبژاردنی 4 مانگ لەمەوبەری عێراقە كە ئەوكات كێشە ناوخۆییەكانیان وەلاناو هەموویان چوونە خزمەت پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە.

 

كێشەو ناكۆكییە ناوخۆییەكانی گۆڕان كاریگەرییان لەسەر هاوڕێ نەبووە، ئەو هیواداربوو هەمووان پێكەوە بانگەشە بۆ بزووتنەوەكە بكەن‌و سەریبخەن، وتیشی"ئەوەی كاریگەریی لەسەر بووە بۆ پارە دەیكات، من بۆ پارە نایكەم، زۆر كەسیش دەناسم كە پارتی‌و یەكێتین‌و پارەیان لێوەردەگرن، بەڵام ئەمجارە دەنگ بە گۆڕان دەدەن."

 

 

ئاهەنگەكەی گۆڕان لە بەردەم گردی زەرگەتە ئێوارەی 17-9-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

چەند كاتژمێرێك بەرلە دەستپێكردنی ئاهەنگەكەی بەردەم گردی زەرگەتە، عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان بەشداربوو لە هەڵمەتی بانگەشەی لیستەكەیان لە هەولێر، ئەو لە وتارێكیدا بۆ گۆڕان خوازان داوای لێكردن بایكۆت نەكەن‌و بچنەسەر سندوقی دەنگدان.

 

ڕێكخەری گشتی گۆڕان وتی"ئەم دەنگدانە جێگای شۆڕش بۆ ئێمە دەگرێتەوە لەباتی خەباتی چەكداریی دەچین بەشێوەیەكی هێمن دەنگ دەدەین، جێگای ڕاپەڕین بۆ ئێمە دەگرێتەوە، بە خەباتێكی ئارام‌و هێمنانەو لەسەرخۆ."

 

عومەری سەید عەلی ڕووەو دەنگدەران باسیلەوەكرد لێرەوە هاوبەشیی لە حوكمدا دەكەن، وتی"ئەگەر ناتەوێ دەنگ بدەیت‌و وەڕسبووی، ئەگەر ناچیت بۆسەر سندوقی دەنگدان، مانای ئەوەیە تۆ حەزت لەوەیە ئەم ستەمكارییەی هەیە لە وڵاتدا بەسەر تۆوە بمێنێتەوە."

 

گۆڕان بە دروشمی (بەرەو هەرێمێكی خزمەتگوزارو دادپەروەر) بەلیستی ژمارە 148 بەشدارە لە هەڵبژاردنەكەو 100 كاندیدی هەیە بە سەرۆكایەتی عەلی حەمەساڵح.

 

گۆڕان چاوی لە دەنگی خەڵكانی ناڕازیی كوردستان‌و بەشداربوونی بەرپرسە ناڕازییەكانیەتی لە هەڵمەتی بانگەشە، پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی، لیژنەی باڵای هەڵبژاردن بە سەرپەرشتی مستەفای سەید قادر لەلایەك‌و چیای كوڕی نەوشیروان مستەفا لە لایەكی دیكە، لە هەوڵی ڕازیكردنی ئەو سەركردانەدان كە دووركەوتوونەتەوە تاوەكو بگەڕێنەوەو لە هەڵمەتی بانگەشەدا دەربكەون، بەڵام هەوڵەكان هێشتا ئەنجامیان نەبووە.

 

كێشەكانی ناو گۆڕان زۆرن، دیارترینیان شێوازی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكەو بڕیاردان، خاوەندارێتی میدیاو موڵك‌و ماڵی بە جێماو لە نەوشیروان مستەفان كە ڕای جیاوازیان لەسەرە.

 

نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردوی بزووتنەوەی گۆڕان، ناوێكی دیارو ناسراوی نیوسەدەی ڕابردووی خەباتی سیاسی‌و چەكداریی كوردە لە باشوری كوردستان، لەگەڵ ناوهێنانیدا، یارو نەیار، دژایەتی گەندەڵی، سادەیی، خاكی بوون‌و ماڵی دونیا نەویستییان دێتەوە یاد، بەڵام ئێستا لای هەندێك كەس نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو پیاوەو تایبەتمەندییەكانی ژیانی دروست بووە.

 

هەرچەندە لیستی نوێ لەم هەڵبژاردنەدا بەشداریی دەكەن‌و سلێمانی بەهێزترین ناوچەیانە، وەك نەوەی نوێ، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان تەنها بایكۆت وەك مەترسیی بۆسەر كورسییەكانی پەرلەمانیان دەبینن.

 

گۆڕان بۆیەكەمجار لەساڵی 2009 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو 25 كورسیی بەدەستهێنا لەكۆی 111 كورسیی پەرلەمان كە 11یان بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە.

 

ئەو بزووتنەوەیە چوار ساڵی یەكەمی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بردەسەر، بەڵام دوای هەڵبژاردنی 2013 بە 24 كورسیی پەرلەمانەوە بەشداریی لەحكومەتدا كردو بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی پەرلەمان‌و چوار وەزارەت‌و سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت، بەڵام لەمانگی 10ی 2015 ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە هەولێرو وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەحكومەت دورخرانەوە، ئەوەش بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە، دواتر گۆڕان بە فەرمی كشایەوە لە حكومەت‌و ئێستا ئۆپۆزسیۆنە.