بەرهەم ساڵح گەڕایەوە ناو یەكێتی‌و كرایە كاندید بۆ سەرۆك كۆمار

19-09-2018 03:20

 

پەرەگراف

 

سەركردایەتی یەكێتی نامەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵحی بۆناو ئەو حزبە پەسەند كردو بە دەنگدانی نهێنیی كردیە تاكە كاندیدی حزبەكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لە دوای بەرهەم ساڵح هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری وەك حزبێكی سیاسی بەردەوام دەبێت لە كارەكانی.

 

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی كاندیدی ئەو حزبە بۆ سەرۆك كۆمار كۆتایی هات، كۆبوونەوەكە گرژیی تێكەوتووەو چەند ئەندامێك هەڵوێستیان تێدا وەرگرتووە، بەڵام ئەوانە كاریگەرییان نەبووە لەسەر یەكلاییكردنەوەی پرسەكە.

 

لە دوای كۆبوونەوەكە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایگەیاند"د.بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق دیاریكرا."

 

هەریەكە لە محەمەد سابیرو لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاواكانی مام جەلال ڕكابەریی بەرهەم ساڵحیان كردووە، دەنگدانی سەركردایەتی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی یەكێكیان بە نهێنیی بووەو محەمەد سابیر 15 دەنگ‌و لە تیف ڕەشید 1 دەنگی بەدەستهێناوەو بەرهەم ساڵح توانیویەتی 26 دەنگ بەدەستبهێنێت.

 

بەرلەوەی پڕۆسەی دەنگدان دەستپێبكات، نامەیەكی بەرهەم ساڵح خوێندراوەتەوە كە تێیدا ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ گەڕانەوەی بۆناو ڕیزەكانی یەكێتی.

 

سەرچاوەیەكی بەشداربوو لە كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، نامەی بەرهەم ساڵح ئاماژەی بە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری نەكردووە، ئەوەش ناڕەزایی لای هەندێك بەرپرسی یەكێتی دروست كردووە، یەكێك لەوانە مەلا بەختیار بووە كە خۆیشی بەنیازبوو خۆی كاندید بكات بۆئەو پۆستە.

 

"كاك بەختیار لەسەر ئەو ڕایەبوو بەرهەم ساڵح هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەی ڕابگەیەنێت‌و یەكبگرن لەگەڵ یەكێتی ئەوكات بخرێتە ناو ئەو ناوانەی سەركردایەتی دەنگی لەسەر دەدات بۆ كاندید كردن، هەربۆیە دوای مشتومڕێكی تووند كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت‌" ئەو سەرچاوەیە وای وت.

 

هاوكات سەعدی پیرە ئەوەی پشتڕاست كردەوە مەلا بەختیارو چەند كەسێكی دیكە ناڕازی بوون‌و كۆبوونەوەكەیان جێهێشتووە، وتی"بەرهەم ساڵح بە فەرمی گەڕاوەتەوە بۆناو یەكێتی، مەلا بەختیار دەنگیداوە بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، ڕەنگە موشكیلەی هەبێ لەگەڵ پڕۆسەكە یان پێش پڕۆسەكە."

 

پیرە وتیشی"مەرجمان نەبووە بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح‌و مولزەمە بە بانگەشە بۆ لیستی یەكێتی‌و پێشبینی دەكەم بە دڵ‌و دەست بانگەشە بكات."

 

دوای یەكلاییكردنەوەی كاندید یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، ئێستا گفتوگۆكە لە نێوان پارتی‌و یەكێتیدایەو هەردوو حزبە دەڵێن، ئەو پۆستە ئیستیحقاقی ئەوانەو ئامادەنین دەستبەرداری ببن.

 

هەر لەسەر ئەوپرسە سەعدی پیرە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی"جێی سەرسوڕمانە كە برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن."

 

وتەبێژەكەی یەكێتی تەئكیدی لەوە دەكردەوە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو لەكوردیشدا "ئیستیحقاقی یەكێتییە" ، وتی"ئەركی یەكێتی لەم قۆناغەدا هەوڵ‌و هەنگاونانە بۆ یەكڕیزی و یەكهێزی كورد لە بەغدا و بەو ئاڕاستەیەش كار دەكات."

 

لە دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆناو یەكێتی، هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری وەك حزبێكی سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لەكارەكانی‌و بڕیارە دەستەیەك بۆ بەڕێوەبردنی پێكبهێندرێت.

 

پەرەگراف دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئەوەی بڵاوكردەوە، بەرپرسانی هاوپەیمانی بەرهەم ساڵحیان سەرپشك كردووە بۆ بڕیاردان لە بارەی مانەوە یاخود گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، ئەوەش لە چوارچێوەی گفتوگۆو ڕێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

 

بەرهەم ساڵحیش مەرجی ئەوەی هەبووە بكرێتە تاكە كاندید یەكێتی بۆئەو پۆستە، ئەمڕۆش یەكێتی ئەو مەرجەی قبوڵكردووە، بەڵام بەرهەم ساڵح لەلایەن پارتییەوە ڤیتۆی لەسەرەو ڕازینین بە كاندید كردنی.

 

دوای كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی، هاوپەیمانی  دیموكراسی‌و دادپەروەری لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، "بەرهەم ساڵح‌و كۆمەڵێك لە هەڤاڵانی یەكگرتنەوەی خۆیان كردووەتە بژاردەو وازنامەی پێشكەش بە دەستەی دامەزرێنەرو ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی كردووەو بەڕێزەوە وازنامەكەی خۆی‌و ئەو هەڤاڵانەی بڕیاریانداوە لەگەڵ یەكێتی یەكبگرنەوە پەسەند كراوە."

 

بەیاننامەكە محەمەد ڕوئوف سەركردەی دیاری ئەو حزبە بۆ ڕۆژنامەنوسانی خوێندەوەو تێیدا تەئكید لەوە كراوەتەوە بەردەوام دەبن وەك حزبێكی سیاسی، "هاوپەیمانی وەك پڕۆژەیەكی سیاسی‌و مەدەنی پەردەوام دەبێت، لەبارەی شێواز و چۆنێتی بەڕێوەبردنی كاری داهاتووی بەم زووانە كۆبوونەوە ئەنجامدەدەین."

 

تەمەنی حزبەكەی بەرهەم ساڵح كەمترە لە ساڵێك، یەكەم ئەزموونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن مانگی 5ی ئەمساڵ بوو بۆ پەرلەمانی عێراق كە تەنها 2 كورسی بەدەستهێنا، ئێستاش بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات، ئەوەش لە چوارچێوەی نزیكبوونەوەی بەرهەم ساڵح بووە لە یەكێتی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار.

 

وەك كەسە نزیكەكانی دەڵێن، بەرهەم ساڵح پشتی بە دەنگی پەرلەمانتارانی عەرەب بەستووە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار، "لەناو لیستە عەرەبییەكاندا بە شیعەو سوننەوە پشتیوانیی زۆرە."

 

بەرهەم ساڵح چوار ساڵ لەمەوبەر هەوڵی زۆریدا كە پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، ئەوكات هێشتا لەناو یەكێتیدا بوو، ململانێكانی لەگەڵ ماڵی مام جەلال بەتایبەت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بێبەشیانكرد لە وەرگرتنی ئەو پۆستەو لە بەرامبەر ئەودا، دوو كەسی دیكە لەناو یەكێتی كاندید كران.