بەرهەم ساڵح لە دووڕیانی سومعەی سیاسی‌و كورسی سەرۆك كۆماردا

19-09-2018 06:16
بەرهەم ساڵح بە ئامانجی گەیشتن بە كورسیی سەرۆك كۆمار گەڕایەوە بۆ "ماڵە گەورەكە". وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

"كاكە ئەمانە ئەسڵ‌و ئەساسی نییە، سیاسەت لەسەر فێڵ بینا ناكرێت‌و ڕۆژگار ڕۆژی لەدوایە، حورمەت‌و ڕاستگۆیی ئینسان لەسەرو هەموو شتێكەوەیە" ئەمە وەڵامی 4 مانگ لەمەوبەری بەرهەم ساڵحە دەربارەی سیناریۆی گەڕانەوەی بۆناو یەكێتی نیشتمانی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

 

وەڵامەكە لە گەرمەی بانگەشەكردن بۆ دەنگدان بە هاوپەیمانی بوو لە هەڵبژاردن كە خۆی سەرۆكایەتی دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح بە كردار گەڕایەوە بۆناو یەكێتی لە پێناو كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

 

بەرهەم ساڵح ئەوكات چەند جارێك ڕوبەڕوی ئەو پرسیارە بووەوە كە گرەنتی چییە دواتر ناگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی؟ هەتا جارێك لە ناوبازاڕ گەنجێك ڕوبەڕو پێی دەڵێت، "من زۆر زۆرم خۆشدەوێیت"، بەڵام داوای گرەنتیی لێدەكات كە ئەو دەنگانەی كۆی دەكاتەوە بۆ یەكێتی نەبێت.

 

لە وەڵامی ئەو گەنجەدا بەرهەم ساڵح دەڵێت"دڵنیابە لەوە، ئەزانی بۆ؟ ئینسان خۆ ناكرێت بێحورمەت بێت، من حورمەتی خۆم‌و حورمەتی میللەتەكەم‌و حورمەتی كەسوكارەكەشم دەگرم، سیاسەت لەسەر فێڵ بینا ناكرێت، من بۆ بیبەمەوە بۆ یەكێتی، بۆ یەكێتیم بەجێهێشت؟ لەبەرئەوەی ناكۆكیم هەبوو لەگەڵیان، من پلەو پۆستم هەبوو لە یەكێتیدا پلەو پۆستی زۆر گەورەتریشیان داوە بە من."

 

هەر ئەوكات بەرهەم ساڵح چەند جارێك پڕوپاگەندەی ئەوەی كرد كە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و سەرۆك كۆماری عێراقی پێدراوە لە بەرامبەر مانەوەی لەناو ئەو حزبەدا، بەڵام ڕەتیكردووەتەوە.

 

واباوە كورد زوو شتی لەبیر دەچێتەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ بەرهەم ساڵح وادەرنەچوو، ڕەنگە ئەوەش پەیوەندیی بە كاتەوە هەبێت، چونكە جیاوازیی‌و پێچەوانەیی نێوان وتەو كردارەكانی بەرهەم ساڵح تەنها 4 مانگە، ئەو كە خاوەنی دروشمی "كردار شەرتە"یە، ئەمڕۆ بەكردار وەڵامی خەڵكی دایەوە.

 

بەرهەم ساڵح چەند ڕۆژێكە لە هەوڵی چڕدایە بۆ چوونەوە ناو یەكێتی لە پێناو پۆستی سەرۆك كۆمار، بەوەش سەرنجی ڕاگەیاندنەكانی بۆلای خۆی ڕاكێشاوەو ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆر كەس بووەوە كە بەشێكیان لەناو خودی هاوپەیمانیدا بوون.

 

ئەمڕۆش كە بە فەرمی گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی‌و دەستبەرداربوونی لە هاوپەیمانی ڕاگەیەندراو كاندید كرا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ڕەخنەكان چوونە ئاستێكی دیكەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە لێشاو تانەو توانجی لێدەگرن.

 

"پیاوێك ڕێزی هیچ شتێك نەگرێ بۆ پۆستێك، شایەنی ئەوە نیە ڕێزی بگیرێ.. بە ڕاستی من ئەمڕۆ یەكجار شەرم لە خۆم دەكەمەوە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان پێم وابووە ئەو پیاوە جێگای ئومێدی میللەتێكە و خەڵكیشم لەم پێناوەدا لە خۆم زوویر كردووە.. هاوڕێیەكی بیانیم لە بەریتانیاوە تەلەفونی بۆ كردم و گوتی داوای لێبووردنێك قەرزاری چونكە لە سەر ئەو د. بەرهەمە بەسەر مندا دەنگت بەرز كردەوە" ئەمە كاردانەوەی هێمن میرانی مامۆستای زانكۆی سۆرانە لە بارەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆناو یەكێتی.

 

ڤیدیۆی وتەكانی 4 مانگ لەمەوبەری بەرهەم ساڵح كە گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی ڕەتدەكاتەوەو باسلە "حورمەت"، دەكات بە فراوانیی لە فەیسبوك بڵاوكراونەتەوەو خەڵك تانەو توانج لە قسەكانی ئەوكاتی‌و كرداری ئەمڕۆی دەگرن.

 

هەندێك نوسیویانە"ئەو برادەرە ئەوەندە ئەم بەرو ئەو بەر بكات، ڕۆژێ سەیارەیەك لێی دەدات. پێی بڵێن داكەسێ" هەندێكی دیكە دەڵێن "پۆست‌و پارەیە"و زۆركەسیش وەك تەنز دروشمی "كردار شەرتە" دەنوسنەوە كە هی خودی بەرهەم ساڵحە‌و بەشێكیش بە "بكوژی هیواو ئومێد" ناوی دەبەن.

 

ئەم وتەیەش لای زۆركەس بەكارهێنراوە"بەرهەم ساڵح موبەریدەی دانا یان حزب؟ هاوین داینا بە پایز هەڵیگرتەوە."

 

دوای پەسەندكردنی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، هاوپەیمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا بەردەوام بوونی وەك حزبە ڕاگەیاندووە، ڕاگەیەندراوەكە لە پەیجی فەرمی هاوپەیمانی لە فەیسبوك بڵاوكراوەتەوەو زۆرینەی زۆری ئەوانەی كۆمێنتیان لەسەر نوسیوە ڕەخنەو تانەو توانج دەگرن.

 

كەسێك نوسیویەتی"كردار شەرتە نەك پلەو پایە چاك هەموتانی یا بەشوو" كەسێكی دیكەش پرسیویەتی"دكتۆر چەند هاودیدی فرۆشتووە."

 

دوای گەڕانێكی وردی پەرەگراف لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان زۆر كەم بوون ئەو كەسانەی پشتیوانیی هەڵوێستی ئێستای بەرهەم ساڵح دەكەن.

 

"ئەمە: بۆ كورد باشە، بۆ سولەیمانی باشە، بۆ یەكێتی باشە، بۆ بەغدا باشە، بۆ ناوچەكەش هەر باشە. ئەگەر زەرەرێكی هەبێت ئەوە تەنها بۆ خودی بەرهەم ساڵح خۆیەتی. ئەویش شانی داوەتە بەر ئەو زیانەو لە بەرپرسیارێتی هەڵ نەهاتووە" ئەمە وتەی كەسێكە بەناوی بەهرۆز جەعفەر كە پشتیوانیی هەڵوێستەكەی بەرهەم ساڵحە.

 

هاوكات سلێمان عەبدوڵا یونس كەسی نزیكی بەرهەم ساڵح كە لە هاوپەیمانیشدا لەگەڵیدابوو، نوسیویەتی"بڕیاری سەركردایەتی یەكێتی، بە بەربژێركردنی دكتۆر بەرهەم، بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، بڕیارێكی گەورە و ژیرانە بوو. هەنگاوێكی تر بوو، بۆ گەورەتركردن و پاراستنی ماڵەگەورەكە و یەكڕیزی كوردایەتی."

 

پەرەگراف لە سەرچاوەكانیەوە لەناو هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری زانیویەتی، لەناو هاوپەیمانیدا چەندین كەس هەن پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەكەن، ئەوكەسانە لەوانەن كە هاوشێوەی بەرهەم ساڵح چوار مانگ لەمەوبەر پڕ بە گەروویان هاواریان دژی نادادیی‌و خراپەكاریی یەكێتی دەكرد، ئەوانە لەناو هاوپەیمانیدا ناسناوی "خورما خۆرەكان"یان بەسەردا بڕاوە، وەك توانجێك لەوەی كە دەیانەوێت هاوشانی بەرهەم ساڵح دەمیان بگاتە شیرینییەكانی كۆشكی سەرۆكایەتی عێراق.

 

هاتنە دەرەوەو گەڕانەوە بۆ ناو حزب‌و وازهێنان لە حزبی نوێ، لە پێناو پۆست‌و پارەدا لەناو سیاسییەكانی كورددا شتێكی نوێ نییە، بەتایبەت لە سەروەختی هەڵبژاردندا ئەو حاڵەتانە زۆر دەبن.

 

یەكێتی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە "گەڕانەوە بۆ ماڵە گەورەكە" ناودەبات، نەوشیروان مستەفاش ڕێكخەری كۆچكردوی گۆڕان‌و سیاسیی ناوداری كورد بە "هاوڕێی نیوەی ڕێگا" ناوی دەبردن، بەڵام بۆ بەرهەم ساڵح جیاوازییەكە ئەوەیە خۆی كەسی یەكەمی حزبەكەبوو گەڕایەوە، دەستبەرداری پڕۆژەكەی بوو كە دوو چەمكی زۆر گەورەی هەڵگرتبوو ئەویش "دادپەروەری ‌و دیموكراسی"ن.

 

ئێستا بەرهەم ساڵح بەربەستێكی تێپەڕاند بۆ گەیشتن بە كورسيی سەرۆكایەتی، بەڵام هێشتا قۆناغی دیكەی لە بەردەمدایە، هەرچەندە كەسە نزیكەكانی دەڵێن، بە دەنگی لیستە عەرەبەكان(شیعەو سوننە) كورسییەكەی "مسۆگەر" كردووە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەرهەم ساڵح ڕەتدەكاتەوەو بڕیارە كاندیدی خۆی بباتە پەرلەمان بۆ كێبڕكێ.