وتەبێژی پارتی: یەكێتی تاكلایەنانە بەرهەم ساڵحی كاندید كردووەو كاندیدی خۆمان دەبێت

19-09-2018 08:48
مەحمود محەمەد، وتەبێژی فەرمیی پارتی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، یەكێتی تاكلایەنانە بەرهەم ساڵحی كاندید كردووە بۆ سەرۆك كۆمارو ئەو پۆستە ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێ هیچ لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت، بۆیە پارتی كاندیدی خۆی دەبێت.

 

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لێدوانێكی نوسراوی دەربارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بڵاوكردەوە، تێیدا باسلەوە كراوە لە دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی خواست‌و هەوڵەكانیان بۆ ئەوە بووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر یەك كاندید ڕێكبكەون، دەڵێت"هەروەها وەكو ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەحەقی خۆمان زانی پۆستی سەرۆك كۆمار كە چەند جارێكە لە لایەن یەكێتیەوە كاندیدی بۆ دیاری كراوە، ئەم جاریان لە لایەن پارتیمانەوە و بە كاندیدی پارتیمان پڕ بكرێتەوە."

 

وتەبێژی پارتی دەشڵێت"لەم بارەوەش پێشنیارو ڕا گۆڕینەوەمان هەبووە، بڕیار وابوو برایانی یەكێتی دوای گەڕانەوەیان بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی ئاگادارمان بكەنەوە، بەڵام ئاگاداریان نەكردینەوە تا ئەمڕۆ لە راگەیاندنەوەكانەوە بیستمان كە دكتۆر بەرهەم ساڵحیان دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، تاك لایانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پاڵاوتووە."

 

مەحمود محەمەد تەئكید دەكاتەوە پارتی كاندیدی خۆی دەبێت، دەڵێت"ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنین كە پۆستی سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێ هیچ لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت، بۆیە پارتیمان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی دەبێت."

 

ئەو لێدوانەی وتەبێژی پارتی دوای ئەوەدێت یەكێتی نیشتمانی ئەمڕۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵحی بۆناو ئەو حزبە پەسەند كردو كردیە تاكە كاندیدی حزبەكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

 

هەرچەندە پارتی كورسی زیاتری هەیە لە پەرلەمانی عێراق‌، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆك كۆمار پشكی ئەوبێت، ئەو پۆستە لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا سەرۆكی هەرێم نەماوە.

 

گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی‌و جێهێشتنی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری كە كەمتر لە ساڵێكە دروستی كردووە، كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەدان كەس ڕەخنەی تووند‌و تانەو توانجیان لە بەرهەم ساڵح گرتووە.

 

بەدەر لە پارتی‌و یەكێتی‌، كورد چەند كاندیدێكی دیكەی هەیە‌و تائێستا چوار كەس سیڤی خۆیان پێشكەشی پەرلەمان كردووە وەك كاندید بۆ سەرۆك كۆمار.

 

ئەوانە لەكاتێكدان پەرلەمان دەرگای خۆكاندید كردنی كردووەتەوەو یەكشەممەی داهاتووی وەك كۆتا ڕۆژ دیاریكردووە بۆ وەرگرتنی سیڤی ئەو كەسانەی خۆیان كاندید دەكەن، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 25ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجام بدرێت‌و كاندیدی براوە پێویستی بە دەنگی 219 پەرلەمانتارە لە كۆی 329 ئەندامەكەی پەرلەمان.

 

ئەگەر بە یەكەم خولی دەنگدان كاندیدی سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرێت، لە خولی دووەمدا دەنگی زۆرینەی پەرلەمانی پێویستە كە دەكاتە 166 دەنگ.

 

ئێستا پارتی بەربەستی گەورەی بەردەم بەرهەم ساڵحە كە بە ئامانجی بوون بە سەرۆك كۆمار گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی.