دیوڵ لە نێوان بارزانی‌و بەرهەم ساڵح لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار

22-09-2018 05:54
بارزانی‌و بەرهەم ساڵح.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار، ساردیی خستووەتە نێوانی پارتی‌و یەكێتی، پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستەو دەڵێت، بەبێ ئێمە كەس لەسەر ئەو كورسییە دانانیشێت، ئەو سووربوونە لای بەرهەم ساڵحیش هەیە كە بۆ ئەو پۆستە گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی.

 

ئەو دۆخە وەك دیوڵ(Duel)ی نێوان پارتی بە سەرۆكایەتی بارزانی‌و بەرهەم ساڵح بە پشتیوانیی یەكێتی وایە، ئەنجام بە كەوتنی یەكێكیان‌و بردنەوەی ئەوی دیكە كۆتایی دێت.

 

دیوڵ چیە؟

دیوڵ، لە سەدەكانی ناوەڕاست بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەو ململانێكان پشتی پێ بەستراوە، بە جۆرێك بووە؛ كاتێك كێشە لە نێوان دوو كەسی دەسەڵاتدارو چینی سەرەوەی كۆمەڵگا دروست بووەو بە گفتوگۆ بۆیان چارەسەر نەكراوەو نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن، هەریەكەیان كەسێكیان وەك نوێنەری خۆیان دیاریی كردووە بۆ دیوڵ-ێك تا كێشەكە بە لایەكدا بخەن.

 

دیوڵ سەرەتا بە شمشێرو دواتر كە چەك پەیدابووە بە دەمانچە ئەنجام دراوە، ئەو دوو كەسەی نوێنەرایەتی كەسانی خاوەن كێشەیان كردووە، چوونەتە گۆڕەپانێك‌و بەرامبەر یەكتر وەستاون، ساتێك دیاریكراوە بۆ دەستپێكردن‌و براوە ئەو كەسە بووە كە بەر لەوەی دیكە بتوانێت شمشێرەكەی یاخود دەمانچەكەی بەكاربهێنێت‌و لەوەی دیكە بدات.

 

دەبوو یەك یان دوو فیشەك بتەقێندرێت، مەرجەكە ئەوە بووە كەسی بەرامبەر بكوژرێت یان خوێنی لێبێت بە ڕادەیەك نەتوانێت بە ڕێدا بڕوات، بەردەوام تیمی پزیشكی ئامادەبوون بۆ چارەسەركردنی برینداری دیوڵەكەو ڕزگاركردنی ژیانی، ئەوەی زووتر فیشەكەكەی بەردەكەوێت‌و دەكوژرێت یاخود بریندار دەبێت، دەبێتە دۆڕاوی دیوڵ.

 

بەرهەم ساڵح بەربەستێكی تێپەڕاندو نۆرەی دیوڵە

دوای وازهێنانی لەو حزبەی كە كەمتر لە ساڵێكە دایمەزراندووەو گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی بە مەرجی بوون بە تاكە كاندید بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح بەربەستی یەكێتی تێپەڕاند، بەڵام باجێكی زۆریدا بە تایبەت لەناو خەڵك، ئێستا پارتی گەورەترین‌و كۆتا بەربەستەو تێپەڕاندنی ئاسان نییە‌و دیوڵ یەكلایی دەكاتەوە.

 

بۆ بارزانی‌و بەرهەم ساڵح، پەرلەمانی عێراق گۆڕەپانی دیوڵەكەیە، بارزانی نوێنەرێك‌و بەرهەم ساڵح خۆی دەچێت، بارزانی سەرۆكی گەورەترین حیزبی كوردییەو خاوەنی دەسەڵاتێكی زۆرو پەیوەندییەكی فراوانە، حیزبەكەی زیاتر لە هەموو حیزبەكانی دیكەی عێراق‌و كوردستان پەرلەمانتاری هەیە لە بەغداد.

 

هەرچی بەرهەم ساڵحە، تازە گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی‌و ئەو حزبە بەكاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی كورسی سەرۆك كۆمار، خۆیشی خاوەنی پەیوەندییەكی فراوانی دیبلۆماسییە، بەڵام ئەوەی دەیكات بە "سەركێشییەكی گەورە" ناودەبرێت.

 

سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییە دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆمار، بۆ پەرەگراف وتی"كاك بەرهەم خەریكە سەركێشییەكی گەورە بە ژیانی سیاسیی خۆیەوە دەكات، پارتی دەستبەرداری ئەو پۆستە نابێت‌و وا ناسراوە قسەی خۆی دەباتەسەر، لەبەرئەوە بردنەوەی بەرهەم ساڵح لەم یارییەدا مەحاڵە."

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە "ساردییەكی زۆر"ی خستووەتە نێوانی پارتی‌و یەكێتی، وتی"پارتی دەڵێت ئێمە لە هەموو كۆبوونەوەیەكدا پێمان وتوون ئەو پۆستە هی ئێمەیەو مامەڵەی پێوە مەكەن، بەڵام یەكێتی گوێیان بەو قسەیە نەداوە."

 

گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، ناوبراوی ڕوبەڕوی ڕەخنەو هێرشی تووندی خەڵك كردەوەو تانەو توانجی زۆری لێدرا، لەوانە "حزبەكەی فرۆشت بۆ پۆستێك. لە پێناوی پۆست‌و پارە هەمووشت دەكات. بێحورمەتی سیاسیی بەخۆی كردووە" ئەوانە زۆر لەسەر سومعەی سیاسیی بەرهەم ساڵح كەوتن، لە پێناوی ئامانجێك كە هێشتا بە دەستهێنانی ئاسان نییە.

 

"كاك بەرهەم خۆیشی سوور دەزانێت پۆستی سەرۆك كۆمار بە تەنها بە یەكێتی یەكلایی ناكرێتەوەو پارتی بەهی خۆی دەزانێت، پرسیارەكە ئەوەیە بۆ ئەوكارەی كردو چووە ئەو مامەڵەیەوە لەگەڵ یەكێتی؟" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

 

ململانێكە بە جۆرێكە پارتی‌و یەكێتی ئێستا پشت بە لیستە عەرەبییەكان دەبەستن بە سوننەو شیعەوە تا پشتیوانیی كاندیدەكانیان بكەن‌و پەرلەمانی عێراق دەكەنە مەیدانی یەكلاییكردنەوە.

 

كەسانی نزیك لە بەرهەم ساڵح دەڵێن، بە دەنگی لیستە عەرەبەكان(شیعەو سوننە) كورسییەكەی "مسۆگەر" كردووەو پشتیوانیی زۆرەو ئێران‌و ئەمەریكاش پشتی دەگرن، بەڵام لای پارتی دۆخەكە پێچەوانەیە.

 

كەسێكی نزیكی بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف وتی"كاك بەرهەم یەكێتی لا مەبەست بوو ئەوەش بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئێران كە ڕۆڵی گرنگی لە پڕۆسەكەدا هەیە، بەبێ پشتیوانیی پارتیش دەچێتە كێبڕكێكەوە."

 

لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسێكی باڵای پارتی ئەوە ئاشكرا دەكات، حیزبەكەی دەستیكردووە بە كۆكردنەوەی پشتیوانی لیستە عەرەبییەكان بۆ ئەو كەسەی كاندیدی دەكەن بۆ سەرۆك كۆمار، هەرچەندە سبەینێ دەرگای خۆ كاندیدكردن دادەخرێت، بەڵام هێشتا پارتی كاندیدی خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە، ئەو بەرپرسە وتی"بەهێزترین ناو تائێستا فازڵ میرانییە."

 

ئەو بەرپرسەی پارتی باسیلە قورسایی حزبەكەیان كرد لە عێراق، ئەوەی خستەڕوو "زۆر لایەنی باڵای عێراقی" بەهێزبوونی پارتییان مەبەستە لە بەغداد، ئەوەشی ڕەتكردەوە ئێران‌و ئەمەریكا هیچ پەیامێكیان گەیاندبێتە پارتی كە پشتیوانی بەرهەم ساڵح دەكەن.

 

بەرپرسەكەی پارتی كە پێیباش نەبوو ناوی بهێنرێت، وتی"یەكێتی بە هەردوو باڵەكەیەوە بەرژەوەندیی زۆریان لەگەڵ پارتیدا هەیەو زەحمەتە لەسەر كورسییەك بۆ بەرهەم ساڵح لەگەڵ پارتیدا تێكی بدەن، ئەمە بۆ ئێران‌و ئەمەریكاش ڕاستەو ئەوانیش پەیوەندییان لەگەڵ پارتیدا هەیە."

 

وتیشی"بە دڵنیاییەوە بەبێ پارتی هیچ كوردێك نابێتە سەرۆك كۆمار، یەكێتی‌و خودی كاك بەرهەمیش ئەم ڕاستییە دەزانن."

 

پۆستی سەرۆك كۆمار لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا سەرۆكی هەرێم نەماوەو پارتی داوای سەرۆك كۆمار دەكات.

 

كاتێكی كەم لەبەردەستدا ماوە بۆ ڕێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی‌و بەرهەم ساڵح لەسەر یەك كاندید تا پێویست بەوەنەكات بە دیوڵ یەكلایی بكەنەوە، بەڵام كەسانی ئاگادار ڕێككەوتن بە "زۆر زەحمەت" ناودەبەن.

 

ئەگەر بارزانی دیوڵەكە بباتەوە كە بەرپرسانی پارتی وادەڵێن، ئەوا كۆتایی ژیانی سیاسی بەرهەم ساڵحە لانیكەم بۆ ماوەی چەند ساڵی داهاتوو، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بەرهەم ساڵح بیباتەوە، ئەوكات بارزانی بریندار دەبێت، برینداربوونێك هەڵسانەوەی لە دوایە، بەڵام ڕەنگە لێكەوتەی خراپی لێبكەوێتەوە، ئێستا گرنگە ڕێكبكەون‌و پەنا بۆ دیوڵ نەبەن.