پارتی دەرگا بە ڕووی یەكێتیدا دادەخات‌و قاسم سلێمانی دێتەسەر خەت

24-09-2018 07:44
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی - قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەرگای بە ڕووی یەكێتیدا داخستووەو قاسم سلێمانی بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە دێتەسەر خەت.

 

ئەوەش دوای ئەوەی پارتی‌و یەكێتی بە دوو كاندید چوونەتە كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەو هەرلایەك سوورە لەسەر ئەوەی پۆستەكە بباتەوە، ئێران‌و شیعەكانی عێراق كە زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن، داوایان لە پارتی‌و یەكێتی كردووە بە یەك كاندید بچنە پڕۆسەكەوە.

 

پەرەگراف لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوە دەستكەوتووە، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی گفتوگۆ دەكات بە مەبەستی یەكلاییكردنەوەی ئەو كەسەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەسەر كورسی سەرۆكایەتی عێراق دادەنیشێت.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری پارتی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردووەوە پارتی پەیامی ئەوەی بۆ یەكێتی ناردووە كە "بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار مەیەن بۆ كۆبوونەوە، كاندیدی خۆمان هەیەو بۆ خولی نوێ ئەو پۆستە بۆ ئێمە دەبێت‌و ئیستیحقاقی خۆمانە."

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئاگادارن كە قاسم سلێمانی هاتووەتەسەر خەت‌و بەنیازە سەردانی پارتی بكات بۆئەو مەبەستە، وتی"پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستەكە، لە ئێستاوە وەڵامەكەی بۆ قاسم سلێمانی ئەوەیە كە 3 خولە پۆستەكە لای یەكێتییەو ئەم خولە دەبێت بۆ پارتی بێت‌و ئیستیحقاقی پارتییە، لە بەرامبەردا پۆستەكانی دیكەی بەغداد بۆ یەكێتی."

 

یەكێتی‌و پارتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا یەكەمجارە بە دوو كاندیدی جیاواز دەكەونە ململانێ لەسەر ئەو پۆستە، ئەو دوو حیزبە بە چڕی هەوڵی ڕازیكردنی لیستە گەورەكانی عێراق دەدەن بۆ دەنگدان بە كاندیدەكانیان، نێچیرڤان بارزانی دوو ڕۆژی ڕابردووی لە بەغدادو نەجەف بەسەر برد، دوێنێش بەرهەم ساڵح بۆ هەمان مەبەست گەیشتە بەغداد‌و هێشتا نەگەڕاوەتەوە.

 

دەربارەی كاتی سەردانی قاسم سلێمانی بۆ هەرێمی كوردستان، زانیاریی جیاواز هەیە، هەندێك سەرچاوە دەڵێن "لە دوێنێوە لە سلێمانییە"و هەندێكی دیكە دەڵێن، "سبەی یان دووسبەی دەگاتە سلێمانی"، بەڵام پەرەگراف ئەوەی پستڕاست كردووەتەوە كە هێشتا سەردانی پارتی نەكردووە.

 

"ئێران پشتیوانیی هەرلایەك بكات دەیباتەوە لەبەرئەوەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەكرێن" سەرچاوەیەكی ئاگادار وای وت.

 

لە نوێترین پێشهاتدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامی پشتیوانیی بۆ فوئاد حسێن بڵاوكردەوە كە لەلایەن خۆیەوە كاندید كراوە بۆ سەرۆك كۆمارو ڕكابەریی بەرهەم ساڵح، پێدەچێت ئەوە كۆتا قسەی بارزانی بێت‌و پاشگەزبوونەوەی نەبێت.

 

بارزانی لە پەیامەكەیدا ئەوە دەخاتەڕوو، بڕوای تەواوی بە تواناكانی فوئاد حسێن هەیە، دەڵێت"قەناعەتیشم هەیە كە ئەركەكانی خۆی بە باشی جێبەجێ دەكات و لە پۆستی سەرۆكایەتیی كۆماردا هەم بۆ گەلی كوردستان و هەم بۆ عێراق و پێكهاتەكانی عێراق كەسێكی بەسوود و خەمخۆر دەبێ. بەهەموو توانایەك پشتیوانی لە د. فواد حوسێن دەكەین و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین."

 

هاوكات سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح كە ئاگاداری دوا پێشهاتەكانە دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆمار، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، ئێران‌و شیعەكانی عێراق كە زۆرینەی پەرلەمانن داوایان كردووە پارتی‌و یەكێتی خۆیان ڕێكبكەون‌و بە یەك كاندید بچنە پڕۆسەكەوە.

 

ئەو سەرچاوەیە وتی"ئێستا پرسەكە كەوتووەتە دەست ئێران، بیستومانە بەم نزیكانە قاسم سلێمانی دێتە هەرێمی كوردستان‌و هەوڵی یەكلاییكردنەوەی دەدات."

 

بەوپێیەی ماوەی یاسایی خۆكاندیدكردن كۆتایی هاتووە، پارتی‌و یەكێتی ئەگەر ڕێكبكەون لەسەر یەك كاندید، دەبێت لە نێوان فوئاد حسێن‌و بەرهەم ساڵح یەكێكیان هەڵبژێرن‌و ئەوی دیكەیان بكشێننەوە، ناتوانن كەسی دیكە كاندید بكەن.

 

ئەو سەرچاوە نزیكە لە بەرهەم ساڵح، ئەوەشی خستەڕوو، بەرهەم ساڵح پشتیوانی ئێرانی هەبووە بۆ خۆكاندید كردن، وتیشی"ئێران دەتوانێت پارتی بە شتی دیكە ڕازی بكات، بەڵام پێیباشە د.بەرهەم لە بەغداد بێت."

 

لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر ئێران پشتیوانیی پارتی بكات، بەرهەم ساڵح دەكشێتەوە؟ سەرچاوەكە وتی"نازانم، جارێ ئەوە دیار نییە."

 

ئێران هەژموونی تەواوی هەیە بەسەر عێراقەوە، قاسم سلێمانی خاوەنی كۆتا قسەی ئەو وڵاتەیە لەسەر ئەو پرسانەی دەستێوەردانی تێدا دەكەن، لە كوردستانیش هێندە نزیكە لە یەكێتی نیشتمانی لەو كاتانەی ئەو حزبە ڕوبەڕوی دۆخی سەخت‌و قەیران دەبێتەوە، ئێران بە "ڕزگاركەر"ی یەكێتی ناودەبرێت.

 

حزبەكانی هەرێم بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی، ئەزموونێكی زۆریان لەگەڵ قاسم سلێمانیدا هەیەو لەسەر ئەو پرسانەی بەلای ئێرانەوە گرنگن، حاجی قاسم دێتەسەر خەت‌و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكات، بەڵام مەرج نییە هەموو جارێك بەڵێی بۆ بكەن، وەك پرسی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ڕابردوو.

 

مەسعود بارزانی نەچووە ژێرباری هیچ فشارو هەڕەشەیەكی قاسم سلێمانی كە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی دەكرد، لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمەكەشدا قاسم سلێمانی ئەو هەڕەشانەی جێبەجێكرد كە بەرلە ڕیفراندۆم ئاڕاستەی بەرپرسانی كوردی كردبوو.

 

كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە بۆ سەرۆك كۆمار، پارتی نیگەران كرد، سەردانی نێچیرڤان بارزانیش بۆ بەغداد(22-9)و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان نیگەرانیی یەكێتی لێكەوتەوەو لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێن، پارتی تاك لایەنانە گفتوگۆی دەستپێكردووەو ئەوكارە لەگەڵ "یەكڕیزی ناو ماڵی كورد‌و یەك هەڵوێستی نایەتەوە."

 

یەكێتی لە كاردانەوەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانیدا، نا ڕاستەوخۆ ئەوەی ئاشكرا كرد كە پارتی دەرگای بەڕوودا داخستوون، كاتێك لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا هاتبوو "هەرچەندە هەوڵماندا پێكەوە بكەوینەوە گفتگۆ بۆ ئەم مەبەستە بەڵام جێگای سەرسوڕمانە كە برایانی پارتی هیچ جۆرە ئامادەییەكیان بۆ ئەو مەبەستە دەرنەبڕی."

 

پارتی وەك هێزی براوەی یەكەم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆی بە موستەحەقتر دەزانێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، یەكێتیش ڕێككەوتنی دابەشكردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێم دەكاتە پاساوی وەرگرتنی، لای پارتی ئەو ڕێككەوتنە كاری پێناكرێت‌و دەڵێن یەكێتی خۆی پشتگوێی خستووەو "هەلومەرجەكەش گۆڕاوە."

 

ئەوانە لەكاتێكدان بڕیاربوو لە كۆبوونەوەی سبەینێدا پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت، بەڵام كارنامەی كۆبوونەوەكە ئەو پرسەی تێدا نییەو دواخراوە، لە خولی یەكەمی هەڵبژاردندا كاندیدی براوە پێویستی بە دەنگی 219 پەرلەمانتارە لە كۆی 329، ئەگەر هەڵبژاردنەكە بكەوێتە گەڕی دووەم، كێبڕكێ لە نێوان كاندیدی یەكەم‌و دووەمی گەڕی یەكەمدا دەبێت‌و كێ زۆرینەی هێنا دەبێتە سەرۆك كۆمار.