كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڕیاری نوێی دەركرد بۆ ڕێگریی لە ساختەكاری‌و زیادكردنی متمانە

25-09-2018 04:16
جیاكردنەوەی دەنگەكان لە سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق/ ساڵی 2010. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ڕێكاری نوێ دەگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە ساختەكاری‌و زیادكردنی متمانە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەو چوارچێوەیەدا بڕیاریدا، بەر لە دەنگدان وێنەی هەر دەنگدەرێك‌و ئەو بەڵگەنامەیە بگیرێت كە دەنگی پێدەدات.

 

هەروەها دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردن‌و هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەنگەكان لە وێستگەی دەنگدان، بەڕێوەبەری وێستگەكە ناوی قەوارەكان‌و دەنگە بەدەستهاتووەكانیان دەخوێنێتەوەو بە ڤیدیۆ تۆماردەكرێت‌و نوێنەری قەوارە سیاسییەكان مافی ئەوەیان هەیە ئەو پڕۆسەیە بە ڤیدیۆ تۆمار بكەن‌و لایخۆیان بیپارێزن.

 

سەرچاوەیەكی باڵا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئەو ڕێكارانە كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بڕیاری لەسەردا، بە مەبەستی دڵنیایی زیاترە بۆ دەنگدەران‌و قەوارە سیاسییەكان‌و زیادكردنی متمانەیان، هەروەها بۆ ڕێگرییە لە هەر هەوڵێكی ساختەكاری.

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لە حاڵەتێكدا ئەگەر دەستكاریی دەنگی دەنگدەران یاخود سندوقەكانی دەنگدان بكرێت لە ڕۆژانی دوای هەڵبژاردن، قەوارە سیاسییەكان دەتوانن ئەو ڤیدیۆیانەی تۆماریان كردووەو دەنگە بەدەست هاتووەكانیانی تێدایە، لە سكاڵاكانیاندا بەكاری بهێنن.

 

دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 5 ڕۆژی دیكە دەستپێدەكات‌و 2 ڕۆژ بەر لەوەش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت، قەوارە سیاسییەكان لە كۆتا ڕۆژەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندان بۆ كێبڕكێ كردن لەسەر 111 كورسییەكەی پەرلەمان.

 

بڕیارەكانی ئەمڕۆی كۆمسیۆن