ئاسایشی هەولێر بەشێوەی هەڕەمەكی دوو ڕۆژنامەنوسی بیانی دەستبەسەر دەكات

26-09-2018 06:07

 

پەرەگراف

 

ئاسایشی هەولێر بەشێوەی هەڕەمەكی خانمە ڕۆژنامەنوسێكی ئەمەریكی‌و ڕۆژنامەنوسێكی كوردی هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانی بۆ ماوەی 5 كاتژمێر و 20 خولەك دەستبەسەر دەكات، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر دەڵێت، ئاگاداری ئەو ڕوداوە نییە.

 

هەر هەمان ڕۆژ لە هەولێر هێرشكراوەتەسەر كامێرامانێكی كەناڵی ئێن ئاڕ تی، "بە كلكە دەمانچە لێیدراوەو هاردی كامێراكەی لێسەندراوە."

 

ئەو دوو ڕۆژنامەنوسەی ئاسایش دەستبەسەری كردوون، كریستینا بۆگۆس-ی ئەمەریكی بووە كە بەشێوەی فریلانس بۆ چەند ڕاگەیاندنێكی دەرەوە كار دەكات لەوانەش میدڵ ئێست ئای، لەگەڵ فازڵ هۆرامی ڕۆژنامەنوسی كوردو هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانی كە كار بۆ ئەلمۆنیتۆر و گاردیان كاردەكات.

 

ئەوان نزیك كاتژمێر 3ی دواینیوەڕۆی دوێنێ لەبەردەم دەرگای یاریگەی نێودەوڵەتی فرانسۆ هەریری دەستبەسەركران كاتێك دەیانویست بۆ كاری میدیایی بچنە یاریگاكەوە، كە بانگەشەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێ بوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە وتاریدا.

 

كریستینا بۆگۆس بە ماڵپەڕی كەركوك ناوی وت"دوێنێ دەمانویست ڕوماڵی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان بكەین، ئاسایشی هەولێر ڕێگەیاننەداین‌و دەستبەسەریان كردین، گواستیانینەوە بۆ ئاسایشی هەولێر بۆ ماوەی پێنج كاتژمێر و 20 خولەك."

 

كریستینا دەڵێت، سەرەتا وەكو تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەڵ كردون، "هەردوو قوڵی هاوڕێیەكەم (فازڵ هۆرامی)یان گرتبوو، وەڵامی ئەوەیان نەداینەوە بۆچی دەستبەسەردەكرێن یان بۆ ڕێگرییان لێدەكرێت"، زیاتر وتی "بەڵام لەناو بینای ئاسایشدا مامەڵەیان باش بووە و شوێنەكەیان گونجاو بووە كە تیایدا ماونەتەوە."

 

دوای كاتژمێر 8ی ئێوارە ئەو دوو ڕۆژنامەنوسە ئازاددەكرێن، بەڵام هێشتا بەدوای وەڵامی ئەوەوەن "بۆچی دەستبەسەركراون و بۆچی ئازاد دەكرێن!، ئێمە مافمان پێشێلكراوە وەكو ڕۆژنامەنوس"، كریستینا وای وت.

 

هەر لەسەر ئەو ڕووداوە، تاریق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ بە كەركوك ناوی وتووە"هیچ ئاگاداری ئەو ڕوداوە نیم و زانیاری لەو شێوەیەم لا نییە"، دوای پرسینی ئەوەی ناوی ڕۆژنامەنوسەكان چین‌؟ تاریق وتی"ئەگەر دوێنێ دەستبەسەركرابن، هەر دوێنێ ئازادكراون."

 

هەر هەمان ڕۆژ‌و چەند كاتژمێرك دوای ئازاد كردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنوسە، لە كاتی ڕووماڵی ڕوداوێكدا لەبەردەم ماجدی مۆڵ لە هەولێر، هێرشكراوەتەسەر كامێرامانێكی كەناڵی ئێن ئاڕ تی.

 

كەناڵەكە لە هەواڵێكدا دەڵێت"لایەنگرانی پارتی داوای هاردی كامێراكەیان لە كامێرامانەكەی ئێن ئاڕ تی كردووە، دوای ئەوەی لێیدەسەنن بە 10 كەسەوە لێیدەدەن" ئەوەشدەخاتەڕوو، "لە لێدانی كامێرامانەكەی ئێن ئاڕ تیدا لایەنگرانی پارتی كلكە دەمانچەیان بەكارهێناوە."

 

بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری ساڵی 2007ی پەرلەمانی كوردستان، ڕۆژنامەنوسان مافی ئامادەبونیان هەیە‌ لە تەواوی كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكانداو هەركەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سوكایەتی بەڕۆژنامەنوسان بكات، یان دەستدرێژی بكاتەسەر، سزادەدرێت.

 

هە‌روەها لە یاساكەدا هاتوە "لەكاتی ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان كە بە كارێك تۆمەتبار دەكرێت پەیوەندی بەپیشەكەیەوە هەیە، دەبێت ‌سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی لێ ئاگاداربكرێتەوە"، زیاتر هاتووە "نابێت لێكۆڵینەوە لە ڕۆژنامەنوسان بكرێت، یان شوێن و كارو ماڵەكەی بپشكێنرێت لەبەر ئەو هۆیە‌ی سەرەوە، مەگەر بە بڕیاری دادوەر نەبێت، یان نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان یان ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی جێیدەگرێتەوە."

 

سمكۆ عەبدولكەریم، لێپرسراوی لقی هەولێری سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان ئەوەدەخاتەڕوو، وەكو لقی هەولێری سەندیكا ئاگاداری دەستبەسەركردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنوسە بیانییە نین لەلایەن ئاسایشەوە، دەڵێت"ئەگەر سكاڵا لەسەر ئەو دوو ڕۆژنامەنوسە هەبێت دەبێت سەندیكا ئاگاداربێت، بەڵام هەندێك حاڵەتی نائاسایی هەیە ڕۆژنامەنوس بۆ كاتژمێرێك یان زیاتر دەستبەسەر دەكرێن ڕەنگە سەندیكا دواتر ئاگاداربێت."