دەنگدانی تایبەت دەستپێدەكات‌و بانگەشەی هەڵبژاردن كۆتایی دێت

27-09-2018 04:07
دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی سبەینێ دەرگای دەنگدان بەڕووی دەنگدەرانی تایبەتدا دەكرێتەوەو 170 هەزارو 469 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە هەمان كاتدا بانگەشەی هەڵبژاردان كۆتایی دێت، هاوكات یەك شەممەی داهاتوو دەنگدانی گشتی دەستپێدەكات كە 2 ملیۆن‌و 914 هەزارو 992 كەس مافی دەنگدانیان هەیە لەو ڕۆژەدا.

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم كۆتایی بە سەرجەم ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان هێناوە، ئەمڕۆش حیزبە سیاسییەكان كۆتا كۆبوونەوەی جەماوەریی خۆیان ئەنجام دەدەن‌و كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی سبەینێ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆتایی دێت.

 

هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسیلەوەكرد، دەنگدان تا كاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، وتی"ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروی 90 ساڵەو لە ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەیان نەكردووە ناویان سڕاوەتەوە‌و ناتوانن دەنگ بدەن."

 

سەرۆكی كۆمسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەشی ناویان لێكچوو بووە لەگەڵ كەسێكی دیكە، بەهەمانشێوە سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان نەكردووە، ناوەكانیان سڕاوەتەوەو ناتوانن دەنگ بدەن، هەروەها خاوەن موچە بەرزەكان لەبەرئەوەی پێشتر فۆڕمی خۆراكیان ڕاوەستاوە، ناتوانن لە بنكەكانی پێشوو دەنگ بدەن‌و لەهەر پارێزگایەك بنكەیەك دیاریكراوە بۆ دەنگدانیان.

 

هەندرێن محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد، لە كاتژمێر 6ی ئێوارە دوای كۆتاییهاتنی دەنگدان ڕاستەوخۆ دەستدەكرێت بە جیاكردنەوەی دەنگەكان‌و ئەنجامەكان لەسەر فۆِرمێك بە "تەسدیق كراو"ی دەدرێتە چاودێرانی قەوارە سیاسییەكان.

 

دەنگدانی تایبەت هێزە چەكدارەكان‌و هێزەكانی ناوخۆ دەگرێتەوە، زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە پارێزگای هەولێرە كە 72 هەزارو 653 دەنگدەرە دوای ئەویش پارێزگای سلێمانییە بە 62 هەزارو 220 دەنگدەر، پاشان دهۆك دێت بە 33 هەزارو 421 دەنگدەرو دواتر پارێزگای هەڵەبجەیە بە 2 هەزارو 175 دەنگدەر، ئەمەش بەپێی فەرمانگەی داتای كۆمسیۆن.

 

ئەوە یەكەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجامی بدات، تا ئەمڕۆ 22 ڕێكخراو خۆیان تۆماركردووە وەك چاودێری پڕۆسەكە. 773 كاندیدی قەوارە جیاوازەكان كێبڕكێ لەسەر 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ڕێكاری نوێی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگری لە ساختەكاری‌و زیادكردنی متمانە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەو چوارچێوەیەدا بڕیاریداوە، بەر لە دەنگدان وێنەی هەر دەنگدەرێك‌و ئەو بەڵگەنامەیە بگیرێت كە دەنگی پێدەدات، ئەم هەنگاوە مشتومڕی جیاوازی لێكەوتووەتەوەو هەندێك لە ڕێكخراوەكان‌و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە پێشێلكاریی مافی مرۆڤ لە قەڵەمی دەدەن.

 

هەروەها كۆمسیۆن بڕیاریداوە، دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردن‌و هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەنگەكان لە وێستگەی دەنگدان، بەڕێوەبەری وێستگەكە ناوی قەوارەكان‌و دەنگە بەدەستهاتووەكانیان دەخوێنێتەوەو بە ڤیدیۆ تۆماردەكرێت‌و نوێنەری قەوارە سیاسییەكان مافی ئەوەیان هەیە ئەو پڕۆسەیە بە ڤیدیۆ تۆمار بكەن‌و لایخۆیان بیپارێزن.