بەشێك لەو دەنگدەرانەی فشاریان لەسەربوو "كڵاویان بۆ بەرپرسەكانیان دووری"

28-09-2018 08:52
داخستنی سندوقی دەنگدان لە كاتژمێر 6ی ئێوارە لە وێستگەی ژمارە 1 لە قوتابخانەی بەردەقارەمان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

"هاوڕێیەكم فشاری لەسەربوو لەلایەن بەرپرسەكەیەوە پێی وتبوو وێنەی دەنگدانەكەی بگرێت‌و لیستی یەكێتی‌و ژمارەی ئەو كاندیدە دەربچێت كە دەنگی پێداوەو ئەو بۆی دیاری كرد بوو، ئەویش كاتی دەنگدان فۆرمێكی وەرگرتووە‌و سەحی لە لیست‌و ژمارەكەداوەو وێنەی گرتووە، دواتر ئەو فۆڕمەی نەخستە سندوقەكەوە، دڕاندی‌و فۆڕمێكی دیكەی وەرگرت‌و بە دڵی خۆی دەنگیدا" ئەمە گێڕانەوەی پێشمەرگەیەكە بۆ پەرەگراف لە كاتی دەنگدانی ئەمڕۆدا.

 

ئەو پێشمەرگەیە كە ئامادەنەبوو ناوی خۆی‌و شوێنی كارەكەی بهێنرێت، بە پێكەنینەوە وتی"بەوشێوەیە كڵاوی بۆ مەسولەكەی دووری"، باسیلەوەشكرد، ئەو فشاری لەسەر نەبووەو ئەگەر فشاری لەسەر بوایە هەمان ڕێگای دەگرتەبەر.

 

وتیشی"ئاگادارم چەند پێشمەرگەیەكی دیكەش هەمان كاریان كردووە، هەبووە دوای وێنەگرتنی فۆرمی دەنگدانەكە سەحێكی لە لیستێكی دیكەشداوە بۆئەوەی دەنگەكەی بسووتێت."

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سەرتاسەری هەرێم بنكەكانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەرانی تایبەتدا كرانەوەو كاتژمێر 6 دەنگدان كۆتایی هات‌و سندوقەكان داخران، پڕۆسەكە چەند پێشێلكارییەكی تێدا كراوە، دیارترینیان بەكارهێنانی مۆبایل بووە لەلایەن دەنگدەرانەوە بۆ وێنەگرتنی دەنگدانەكانیان‌و تۆماركردنی ئەو لایەن‌و كاندیدەی دەنگیان پێداوە، تاوەكو پیشانی بەرپرسەكانیانی بدەن وەك بەڵگەیەك كە بە خواستی ئەوان دەنگیانداوە.

 

ئەمڕۆ 170 هەزارو 469 كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن ڕێژەی بەشداریی لەسەدا 91.69 بووە، بە جۆرێك لە دهۆك لەسەدا 93.6، هەڵەبجە لەسەدا 93.1، هەولێر لەسەدا 92.7، سلێمانی لەسەدا 89.3ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە دەنگیان داوە.

 

دەنگدەران كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردن بێزاربوون لە قەرەباڵخیی‌و سستیی پڕۆسەكە، بەتایبەت ئەوانەی سەرلەبەیانی تا نیوەڕۆ چوون بۆ دەنگدان، هەندێكیان دەیانوت ماوەی چەند كاتژمێرێك لە ڕیزدا وەستاون‌ تا گەیشتوونەتە ناو وێستگەكانی دەنگدان.

 

وێنەگرتنی دەنگدان لەلایەن كۆمسیۆنەوە قەدەغەكراوە، بەڵام ڕێكاری تووند ناگیرێتەبەر بۆ ڕێگریی لەوكارە، ئەو حاڵەتانە زیاتر لە دەنگدانی تایبەتدا تۆماردەكرێن، بەو پێیەی هەندێك لە بەرپرسانی هێزە ئەمنییەكان فشاری جۆراوجۆر دەخەنەسەر دەنگدەران تاوەكو دەنگیان بۆ حزبەكانیان مسۆگەر بكەن.

 

"لەو وێستگەیەی ئێمە نزیكی 10 حاڵەتی وێنەگرتن هەبوو، هەمویمان پێ سڕییەوە ئینجا هێشتمان دەنگ بدات" شوانە عەلی، چاودێری بزووتنەوەی گۆڕان لە وێستگەی ژمارەی 5ی قوتابخانەی بەردەقارەمانی بنەڕەتی لە ناحیەی بەكرەجۆ لە سلێمانی بۆ پەرەگراف وای وت.

 

هاوكات چاودێری یەكگرتووی ئیسلامی لە وێستگەی ژمارە 1ی هەمان ناوەندی دەنگدان، ئەوەی خستەڕوو، لای ئەوانیش چەند حاڵەتێكی وێنەگرتنی دەنگدان هەبووە لەلایەن دەنگدەرانەوە، وتی"كارمەندەكەی كۆمسیۆن ئەگەر پێی بزانیایە ڕێگەی نەدەداو وێنەكەی دەسڕییەوە، بەڵام ڕەنگە چەند حاڵەتی دیكەی وێنە گرتن هەبووبێت‌و نەمان بینیبێت، چونكە ئێمەو كارمەندەكەی كۆمسیۆنیش ناو كابینەی دەنگدانەكە نابینین دەتوانێت وێنەبگرێت بەبێ ئەوەی ئێمە پێی بزانین."

 

وەك چاودێرانی لایەنە سیاسییەكان دەڵێن، پێشێلكارییەكانی دیكە بریتی بوون لە؛ هاتنە ژورەوە بۆ ناوەندی دەنگدان بە چەك‌و ئاڵاو لۆگۆی "حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە."

 

بەپێی وێنەیەك كە پیشانی پەرەگراف درا، چەند كەسێك بە جلی مەدەنییەوە لە ناوەندی دەنگدانی قوتابخانەی بەردەقارەمان وەستاون‌و لیستێك ناویان بەدەستەوەیە، چاودێری لایەنێكی سیاسی كە وێنەكەی گرتبوو، وتی"لیستی ناوەكانی هێزەكەی خۆیانە هەركەس بێت بۆ دەنگدان سەحێكی لێدەدەن‌و ئەوەی نەیەت تەلەفۆنی بۆ دەكەن تاوەكو بێت دەنگەكەی بدات، ئەو كەسانە لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ لە ناو ناوەندەكەدا ئەو كارەیان كرد."

 

لە قوتابخانەی بەردەقارەمان هەزارو 766 كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ڕێژەیە هەزارو 612 كەس دەنگیداوە، ئەمەش بەپێی كۆتا ئامار كە بەرپرسی بنكەكە بۆ ڕۆژنامەنوسانی خستەڕوو.

 

یەعقوب عەبدولقادر، جێگری بنكەی لاوەكی 2270(بەكرەجۆ) دوای كۆتایی هاتنی دەنگدان، لە قوتابخانەی بەردەقارەمان وتی"پڕۆسەی دەنگدانەكە بە ڕێكوپێكی بەڕێوەچووەو لێرە هیچ سكاڵایەك تۆمار نەكراوە، نە لەلایەن قەوارەكان نە دەنگدەران."

 

لە كاتژمێر 6ی ئێوارە سندوقەكانی دەنگدان داخران‌و دەستكرا بە جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی فەرمی دەنگدانی تایبەت ڕاناگەیەنێت‌و چاوەڕوانی ئەنجامی دەنگدانی گشتی دەكات كە یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

 

بەڵام لە ناوەندەكانی دەنگداندا ئەنجامی هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەنگەكان هەڵدەواسرێن بۆ ڕۆژنامەنوسان‌و نوێنەرانی قەوارە سیاسییەكانیش ئەنجامەكان بە "تەسدیق"كراوی وەردەگرن كە تا كۆتایی ئەم شەو تەواو دەبێت، ئەنجامی دەنگی بەدەستهاتووی سەرجەم لیست‌و كاندیدەكان دەردەكەوێت.

 

پەرەگراف ئەنجامی دەنگی بەدەستهاتووی قەوارە سیاسییەكانی لە نوێنەری قەوارەكان لە بنكەی دەنگدانی قوتابخانەی بەردەقارەمان وەرگرت، لە كۆی هەزارو 612 كەسەكەی لەو بنكەیە دەنگیانداوە، یەكێتی لە پلەی یەكەمدایەو هەزارو 11 دەنگی هێناوە، دوای ئەو دەنگی پوچەڵ‌و سپی دێت بە 219 دەنگ، پاشان بزووتنەوەی گۆڕان 162 دەنگ، كۆمەڵ 82، نەوەی نوێ 66، پارتی 58، بەرەو ئیسلاح(بزوتنەوەو یەكگرتوو) 12، پارتی پارێزگاران تەنها 2 دەنگ.