بارزانی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئاشكرا دەكات

28-09-2018 10:17

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبووەتەوەو تاوتوێی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراقیان كردووە، بارزانی پێشنیار دەكات پرسی یەكلایی كردنەوەی كاندیدێكی كورد بدرێتە دەست فراكسیۆنە كوردییەكان‌و بە دەنگدان یەكلایی بكەنەوە.

 

پێشنیارەكەی بارزانی لە كاتێكدایە پارتی‌و یەكێتی بە دوو كاندیدی جیاواز كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەكەن، پێشتریش پارتی هەمان پێشنیاری بۆ یەكێتی كردووە، بەڵام یەكێتی ڕەزامەندی پیشان نەداوەو سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە.

 

بارزانی لە پەیامێكدا دەربارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەڵێت"ئێستایش بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەم پرسە پێویستە میكانیزمی دیاریكردنی كاندید بۆ سەرۆككۆمار هەر لای لایەنە كوردستانییەكان بمێنێتەوە و، ڕێز بگیرێت لە ڕای زۆرینەی خەڵكی كوردستان."

 

بەرهەم ساڵح دوای وازهێنانی لەو حزبەی كە كەمتر لە ساڵێكە دایمەزراندووەو گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی بە مەرجی بوون بە تاكە كاندید بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، بەربەستی یەكێتی تێپەڕاند، بەڵام باجێكی زۆریدا بە تایبەت لەناو خەڵك، ئێستا پارتی گەورەترین‌و كۆتا بەربەستەو تێپەڕاندنی ئاسان نییە‌، بارزانی، فوئاد حسێنی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووەو پشتیوانیی دەكات.

 

دەقی پەیامەكەی بارزانی

ئەمڕۆ هەینی 28ـی 9ـی 2018 لەسەر داوای خۆی و بۆ پرس و ڕا لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار، بەڕێز د. بەرهەم ساڵح سەردانی كردین.

 

لەگەڵ ڕێز بۆ كاك د. بەرهەم بەڵام پۆستی سەرۆككۆماری پەیوەستە بە ئیستحقاقاتی سیاسی بۆ گەلی كوردستان، نەك شەخس و لایەنێك و ئەم پۆستە پەیوەندی بە هەموو پێكهاتەكانی عێراقەوە هەیە بە گەلی كوردستانیشەوە. پێمان باش بوو كە هەموو لایەنە كوردستانییەكان لەسەر یەك كاندید ڕێك كەوتبان، بەڵام برادەرانی یەكێتیی نیشتیمانی تاكلایەنە كاندیدی خۆیان دیاری كرد و دواتر لایەنە كوردستانییەكانی تر و پارتی دیموكراتی كوردستانیش كاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستە دیاری كرد.

 

ئێستایش بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەم پرسە پێویستە میكانیزمی دیاریكردنی كاندید بۆ سەرۆككۆمار هەر لای لایەنە كوردستانییەكان بمێنێتەوە و، ڕێز بگیرێت لە ڕای زۆرینەی خەڵكی كوردستان. هەروەها پێمان باشە دیاریكردنی بەڕێزێك بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بۆ ڕای فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا بگەڕێتەوە. هەر بەڕێزێك دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی لایەنە كوردستانییەكانی بەدەستهێنا وەك كاندیدی كوردستان بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار دیاری بكرێت و داوا دەكەم هەموو لایەك ڕێز لە ڕای زۆرینەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا بگرن.

 

مسعود بارزانی

28ـی 9ـی 2018