بەرهەم ساڵح كشانەوە لە بەرامبەر بارزانی بە "شكاندنی ئیرادە" لە قەڵەم دەدات

29-09-2018 08:00
بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كێبڕكێی بەرهەم ساڵح لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار تابێت تووندتر دەبێت لەگەڵ بەهێزترین سەركردەی سیاسیی كورد لە باشوری كوردستان كە مەسعود بارزانییە، بەرهەم ساڵح لە هیچ بارودۆخێكدا لە كێبڕكێكە ناكشێتەوەو هەنگاونان بەرەو دواوە بە "شكاندنی ئیرادە" لە قەڵەم دەدات.

 

لە دواین سەردانی بۆلای بارزانی، دوێنێ بەرهەم ساڵح بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوەو نەیتوانی بارزانی ڕازیی بكات كاندیدەی بكشێنێتەوەو ڕێگا بۆ ئەو چۆڵ بكات تاوەكو 4 ساڵی داهاتووی لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەسەر بەرێت.

 

كۆبوونەوەكە لەسەر داوای بەرهەم ساڵح بووە، تێیدا سەرۆكی پارتی پێشنیاری كردووە ئەو پرسە لە ناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە دەنگدان یەكلایی بكرێتەوە، هەر كاندیدێك زۆرینەی هێنا ببێتە تاكە كاندیدی پارتی‌و یەكێتی، بەڵام بەرهەم ساڵح درەنگانێكی شەوی ڕابردوو بە فەرمی ئەوەی ڕەتكردەوەو سوورە لەسەر یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە لەناو پەرلەمانی عێراق.

 

بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە وازی لە حزبە نوێیەكەی هێنا كە تەمەنی ساڵێكی تەواو نەكردبوو، گەڕایەوە ناو یەكێتی‌و بۆئەو هەنگاوەی باجێكی زۆریدا بە تایبەت لەناو خەڵك، ئێستا پارتی گەورەترین‌و كۆتا بەربەستەو تێپەڕاندنی ئاسان نییە.

 

بارزانی، فوئاد حسێنی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووەو بە هەموو هێزییەوە پشتیوانیی دەكات، ئەمە یەكەمجارە لە 13 ساڵی ڕابردوودا پارتی‌و یەكێتی دوو كاندیدی جیاواز ببەنە پەرلەمان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

 

"كاك بەرهەم دەچێتە كێبڕكێكەوە، ئەگەر لە پەرلەمان شكست بهێنێت ئاساییە لە سیاسەتدا، بەڵام كشانەوە لە پڕۆسەكە شكاندنی ئیرادەیەو قبوڵكراو نیەو بەهیچ جۆرێك ئەو هەنگاوە نانێت" ئەمە وتەی كەسێكی نزیكی بەرهەم ساڵحە بۆ پەرەگراف دەربارەی ئەگەری كشانەوە یاخود بەردەوام بوون لە كێبڕكێكە.

 

هەردوولایەنی كێبڕكێكە بەردەوام تەئكید لە یەكڕیزیی كورد لە بەغداد دەكەنەوە، پێشنیارەكەی بارزانیش بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەرلەو چوارچێوەیەدایە، بەڵام ئەوە بەزیانی بەرهەم ساڵح كۆتایی دێت.

 

پارتی زۆرترین پەرلەمانتاری هەیە لە بەغداد(27)، یەكێتی بەپلەی دووەم دێت بە 18 پەرلەمانتار، بەڵام بەرهەم ساڵح متمانەی بە "تەواوی پەرلەمانتارانی یەكێتی نییە"، بۆ لایەنە كوردستانییەكانی دیكەش(بەدەر لە 2 پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی) بەهەمان شێوەیەو متمانەی نییە دەنگ بەو بدەن.

 

محەمەد بەختیار كەسێكی نزیكی بەرهەم ساڵحە، ئەویش تەئكید لەوە دەكاتەوە كاندیدەكەیان بە هیچ شێوەیەك لە پڕۆسەكە ناكشێتەوە، بۆ پەرەگراف وتی"بە دڵنیاییەوە ئەو ئەركەی لەلایەن سەركردایەتی یەكێتی پێی سپێردراوە تا كۆتایی ئەنجامی دەدات‌و لە هیچ حاڵەتێكدا ناكشێتەوە، هەرچەندە پێمان باش بوو برایانی پارتیش وەكو هەموو هێزە كوردستانییەكانی تر پاڵپشت و پشتیوانی د.بەرهەم بوونایە."

 

محەمەد بەختیار وتیشی"بەپێی ئەو دیدارانەی كە ئەنجام دراون و ئەو باگراوندو پەیوەندییەی كە كاك بەرهەم لە بەغداد هەیەتی، پێمانوایە پەرلەمانتاران لە ڕۆژی دەنگدان كەسی شایستە هەڵدەبژێرن‌و كاك بەرهەم بە پشتیوانی خوا سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراقەو ئەوە مسۆگەرە."

 

تەنها 3 ڕۆژ لەبەردەم پارتی‌و یەكێتیدا ماوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر ئەوپرسە، ئەگەر لایەكیان كاندیدەكەی نەكشێنێتەوە كە ئەم كارە ئەگەرێكی زۆر لاوازە، ئەوا پەنا بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ لیستە عەرەبییەكان دەبەن بە سوننەو شیعەوە، ئەوكاتیش دەكەوێتەسەر وەڵامی ئەو پرسیارەی تۆ چی دەدەیت؟ تا ئەوان دەنگ بە كاندیدەكەت بدەن.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت‌و نزیكە لە بەرهەم ساڵح‌و ئاگاداری هەنگاوەكانیەتی، باسیلەوەكرد ئەوان پێیانوایە كشانەوەی فوئاد حسێن ئاسانترە لە كشانەوەی بەرهەم ساڵح لە پڕۆسەكە، وتی"ئەو تەنها كاك مەسعود لە پشتیەتی‌و ئاسان دەتوانێت بیكشێنێتەوە وەك فەرمانبەری خۆی وایە، بەڵام كاك بەرهەم پشتیوانی دەرەوەو ناوەوەی هەیەو بۆ ئەوپۆستەش گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی، لەبەر ئەوە زۆر قورسە بگەڕێتەوە دواوە."

 

ئەو سەرچاوەیە باسیلەوەشكرد، ئەوان پێیانوایە پارتی بەو گوشارانەی دروستی دەكات دەیەوێت چەند ئامانجێك بپێكێت، "یەكەمیان شكست بە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح‌و ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بهێنێت، هەروەها قسەی خۆی فەرزبكات بەسەر لایەنەكاندا، بەشێكیشی بەكارهێنانی ئەو پرسەیە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان."

 

پێناچێت بردنەوەی بەرهەم ساڵح بەوشێوەیە ئاسان بێت كە كەسە نزیكەكانی باسیدەكەن، لەبەر ئەوەی كاندیدە ڕكابەرەكەی مەسعود بارزانی پشتیوانیی تەواوی دەكات، بارزانی خۆی كەسایەتییەكی بەهێزەو حزبەكەی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی هێنا لە هەڵبژاردنی پەرلەمان.

 

هەروەها فوئاد حسێن كاندیدەكەی بارزانی، هاوشێوەی بەرهەم ساڵح پەیوەندییەكی فراوانی دیبلۆماسیی هەیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان‌و وڵاتانی دەرەوە، بەوپێیەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ بارزانیدایەو لە زۆربەی سەردانەكانیدا بۆ دەرەوە یاوەریی كردووەو جێگای متمانەی خۆیەتی.

 

فوئاد حسێن، 13 ساڵە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمە، ساڵی ڕابردوو دوای وازهێنانی بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئەو لە پۆستەكەیدا مایەوە، بە فەرمی ئەندامی هیچ حزبێك نییە، پێشتر یەكێتی بووەو ناوەڕاستی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو وازی لەو حیزبە هێناوە، دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس(2003) گەڕاوەتەوە كوردستان‌و نزیك بووەتەوە لە پارتی‌و مەسعود بارزانی.

 

ئەوانە وایكردووە پارتیش لایخۆیەوە دەرچوونی فوئاد حسێن بە "مسۆگەر" لە قەڵەم بدات، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری پارتی پێشتر بە متمانەیەكی زۆرەوە بۆ پەرەگراف وتی"پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كاندیدی پارتی دەبێت‌و بەرهەم ساڵح نایباتەوە، پارتی بە بەرنامە كاری بۆكردووەو یەكێتییەكانیش ئەوە دەزانن."

 

لە نێوان بە "مسۆگەر" لە قەڵەم دانی دەرچوونی كاندیدەكانیان، دواجار لە گۆڕەپانی ململانێكەدا كە پەرلەمانی عێراقە یەكێك لەو دوو كاندیدە دەچنەسەر كورسی سەرۆكایەتی وڵات‌و ئەوی دیكەیان بە دڵ شكاوی دەگەڕێتەوە.

 

محەمەد بەختیار باسلەوە دەكات، لە كوردستان دوو بەرە هەیەو ئەوان لە بەرەی دووەمن كە پەرلەمانتارانی عێراق "پشتیوانیی ئەو بەرەیە دەكەن."

 

ئەو كەسە نزیكەی بەرهەم ساڵح بەم جۆرە كوردستانی دابەشی سەر دووبەرە كرد، بەرەیەك پێیوایە لاوازی بەغداد بەهێزیی هەولێرەو شەڕو ئاژاوە لە بەسرەو بەغداد سەقامگیریی هەولێرە، بەڵام بەرەی دووەم بە پێچەوانەوە بەهێزیی‌و سەقامگیریی بەغداد بە بەهێزیی هەولێر دادەنێت‌و پێیوایە خۆشگوزەرانی‌و ئاسایشی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری عێراق پێكەوە گرێدراوە.

 

ئەو وتی"ئێمە لەبەرەی دووەمین‌و نوێنەری ئەو چینەین كە پێمانوایە چارەنوسی هەموو عێراقیەكان پێكەوە گرێ دراوە، هەربۆیە پێمانوایە پەرلەمانتارانی عێراق بەرهەم ساڵح هەڵدەبژێرن كە هەوێنی سەقامگیریی دەبێت."

 

محەمەد بەختیار، وتیشی"ئێمە هەموو جۆرە ڕێكەوتنێكی نهێنی‌و سەفەقاتی ژێر بە ژێر و دەستێوەردانی دەرەكی ڕەتدەكەینەوە، باوەڕمان بە سەربەخۆیی بڕیاری عێراقیەكان هەیە."

 

سەرۆك كۆماری عێراق لە ساڵی 2005ەوە پشكی كوردە، لەو كاتەوە بۆ یەكێتی بووە بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی، ئێستا پارتی وەك هێزی براوەی یەكەم لە هەڵبژاردن خۆی بە موستەحەقتر دەزانێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

 

یەكێتی ڕێككەوتنی دابەشكردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێم دەكاتە پاساوی وەرگرتنی، لای پارتی ئەو ڕێككەوتنە كاری پێناكرێت‌و دەڵێن یەكێتی خۆی پشتگوێی خستووەو "هەلومەرجەكەش گۆڕاوە"، ئێستا بەدەر لەو دوو حزبە چەند كاندیدێكی دیكەی كورد هەن بۆ ئەو پۆستە، ئەوانیش دەچنە كێبڕكێكەوە.