یەكێتی: ڕێنماییەكانی كۆمسیۆن پێچەوانەی یاسایەو داوادەكەین ڕابگیرێت

29-09-2018 11:01

 

پەرەگراف

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان دژایەتی بۆ بڕیارەكانی ئەمشەوی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕاگەیاندو بە پێچەوانەی یاسا ناوی دەبات‌و داوای ڕاگرتنی دەكات.

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەمشەو چەند بڕیارێكی نوێی بۆ دەنگدانی سبەینێ دەركرد، دیارترینیان ئەوەیە، دەبێت دەنگدەر هەردوو بەڵگەنامەی تەسكەرەو جنسیەی پێبێت ئەوكات دەتوانێت دەنگ بدات‌و ڕێگە نادرێت بە یەك بەڵگەنامە دەنگ بدرێت.

 

لە بەشێكی دیكەی بڕیارە نوێیەكانی كۆمسیۆندا هاتووە، بریكاری قەوارە سیاسییەكان دەتوانن بەڵگەنامەكان بپشكنن‌و ئەگەر گومانیان لێی هەبێت دەتوانن وێنەی بگرن.

 

دوای بڕیارە نوێیەكانی كۆمسیۆن، سمكۆ ئەسعەد، ڕاوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دژایەتی بۆ بڕیارەكان ڕایگەیاندو دەڵێت"ئەو كەسانەی لە شارێكەوە چوون بۆ شارێكی دیكەو یەك ناسنامەیان پێیە ناتوانن بگەڕێنەوەو ناسنامەی دووەم بهێنن‌و ڕێگای نێوان شارەكان داخراوە."

 

یەكێتی دەشڵێت، هەڵبژاردنەكە دوو قۆناغ بووە، دەنگدانی تایبەت‌و گشتی، ناكرێت ڕێنماییەكان لە قۆناغێك جیاوازبن لە قۆناغێكی دیكە، هەروەها بڕیارەكانی ئەمشەو مافی تانە لێدانیان نییە، هەربۆیە وەك یەكێتی داخوازیی ئەوەیان هەیە كار بەو بڕیارە نوێیانە نەكرێت‌و"پێچەوانەی یاسایە."

 

بەشێكی دیكە لە ناڕەزایی یەكێتی، لەو بڕیارەی كۆمسیۆنە كە دەڵێت، پەسەند كردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت. یەكێتی دەڵێت، ئەوە یاسا دیاریكردووە كە بەدەنگی زۆرینە بێت نەك دوو لەسەر سێ. 

 

سمكۆ ئەسعەد، وتیشی"ئەگەر كاركردن بە بڕیارەكان ڕانەگیرێت هیچ هەڵوێستێكی نەرێنییان نابێت‌و بەشداردەبن لە پڕۆسەكە."

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هۆكاری دەركردنی بڕیارەكانی ئەمشەو بۆ زیادكردنی متمانەی دەنگدەران بە كۆمسیۆن‌و پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و هاندانی هاوڵاتیان بۆ چوونەسەر سندوقەكانی دەنگدان دەگەڕێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی بڵاوكراونەتەوەو باسلە ئەگەری ئەنجامدانی ساختەكاریی دەكرێت.

 

دەقی بڕیارەكانی ئەمشەوی كۆمسیۆن