هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانیی بۆ پێشنیارەكەی مەسعود بارزانی ڕاگەیاند

30-09-2018 06:26

 

پەرەگراف

 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانیی بۆ پێشنیارەكەی مەسعود بارزانی ڕاگەیاند كە داوایكردبوو كاندیدی كورد بۆ سەرۆك كۆمار بە دەنگدان لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكلایی بكرێتەوە.

 

پشتیوانییەكەی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای ئەوەدێت بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، ئەو پێشنیارەی ڕەتكردەوەو سورەلەسەر ئەوەی لە ناو پەرلەمانی عێراق ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە.

 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە خاوەنی قسەی كۆتایی ماڵی تاڵەبانییەو كاریگەریی هەیە بەسەر بڕیارەكانی حزبەكەیەوە، لە ڕاگەیەندراوێكدا تەئكید لە یەكڕیزی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەكاتەوەو دەڵێت"لەسەر بنەمای پاراستنی یەكڕیزی و لەبەرئەوەی مەسەلەی كاندیدكردنی سەرۆك كۆمار لەمكاتەدا خەریكە دەبێتە هۆكاری تێكدانی ئەو یەكڕیزییە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا، بە باشی دەزانم كە ڕێككەوتن هەبێت لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق. بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن هەموو نوێنەرانی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە بەغدا ئەو كاندیدە دەستنیشان بكرێت."

 

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی باسلەوەشدەكات، یەكێتیی بەردەوام هەوڵیداوە بۆ دروستكردنی یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو دوو هێزی سەرەكی هەمیشە بە یەكهەڵوێستی و هاوپەیمانی دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانیان بەدیهێناوە."

 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بە پێویستی دەزانێت ئەو یەكڕیزییەی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنەكانی دیكەش بەردەوام بێت، دەشڵێت"لێرەشدا ئەمەوێ ڕایبگەیەنم كە هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە بەناوی منەوە لێدوان بدات. بۆچوونی نەگۆڕی منیش لەسەر بابەتی سەرۆك كۆماری عێراق ئەوەیە كە لێرەوە بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنم."

 

پشتكردنە بەرهەم ساڵح لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، دوای ئەوەدێت بەرهەم ساڵح بە دەنگی زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی بووە كاندیدی فەرمی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ناوبراو بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی‌و وازی لە حزبە نوێیەكەی هێنا كە كەمتر لە ساڵێكە دایمەزراندووە، بۆئەو هەنگاوەی باجێكی زۆریدا بە تایبەت لەناو خەڵك.

 

مەسعود بارزانی، فوئاد حسێنی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووەو بە هەموو هێزییەوە پشتیوانیی دەكات، ئەوە كۆتا بەربەستی بەردەم بەرهەم ساڵحە، ئەمە یەكەمجارە لە 13 ساڵی ڕابردوودا پارتی‌و یەكێتی دوو كاندیدی جیاواز ببەنە پەرلەمان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

 

سەرۆك كۆماری عێراق لە ساڵی 2005ەوە پشكی كوردە، لەو كاتەوە بۆ یەكێتی بووە بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی، ئێستا پارتی وەك هێزی براوەی یەكەم لە هەڵبژاردن خۆی بە موستەحەقتر دەزانێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

 

یەكێتی ڕێككەوتنی دابەشكردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێم دەكاتە پاساوی وەرگرتنی، لای پارتی ئەو ڕێككەوتنە كاری پێناكرێت‌و دەڵێن یەكێتی خۆی پشتگوێی خستووەو "هەلومەرجەكەش گۆڕاوە"، ئێستا بەدەر لەو دوو حزبە چەند كاندیدێكی دیكەی كورد هەن بۆ ئەو پۆستە، ئەوانیش دەچنە كێبڕكێكەوەو 2 ڕۆژی دیكە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی تایبەت دەبێت بە یەكلاییكردنەوەی ئەو پۆستە.