دەنگدان كۆتایی هات؛ یەكێتی ئەنجامەكان ڕەتدەكاتەوە

30-09-2018 06:40
دەنگدان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە قوتابخانەی شیرین لە سلێمانی/ 30_9_2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات‌و یەكێتی بە فەرمی ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانی ڕاگەیاند.

 

سەعدی پیرە وتەبێژی فەرمی یەكێتی بە میدیاكانی حزبەكەی ڕاگەیاند"ئەم تەزویرەی ئێستا بەرچاو دەكەوێت‌و تۆماركراوە، بێوێنەیە لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، بۆیە جەنابی جێگری سكرتێری گشتی‌و مەكتەبی سیاسی بڕیارماندا كە مومكین نییە بەو جۆرە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە قبوڵ بكەین‌و هەمووی ڕەتدەكەینەوە."

 

وتەبێژەكەی یەكێتی وتیشی"پێمانوایە هەرچی زووە پێویستە لایەنە سیاسییەكان دابنیشن بۆ تاوتوێكردنی ئەو دۆخە ئاڵۆزەو دامودەزگا حكومییەكان بە عەسابی ساردو بە پەرۆشەوەو هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەو بابەتە لێك بدەنەوە."

 

یەكێتی تاكە لایەن بوو كە دژایەتی بۆ بڕیارەكانی شەوی ڕابردووی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند، داوای ڕاگرتنی كرد، بەڵام داواكارییەكەی بەهەند وەرنەگیرا، بڕیارەكانی كۆمسیۆن دیارترینیان ئەوەبوو، دەبێت دەنگدەر هەردوو بەڵگەنامەی تەسكەرەو جنسیەی پێبێت ئەوكات دەتوانێت دەنگ بدات‌و ڕێگە نادرێت بە یەك بەڵگەنامە دەنگ بدرێت، ئەوەش وەك خۆی جێبەجێ كرا.

 

سەعدی پیرە هەروەها باسی كەمیی ڕێژەی بەشداریی خەڵكی كرد لە پڕۆسەكە، وتیشی"بە جنسیەی عیراقیی نوێ دەنگدراوەو ئێمە زانیاریمان هەبوو لە دوێنێوە فەرمانگەی تۆمارگەكان چواردەوریان بە ئاسایش گیرابوو كە كەس هاتووچۆی نەكات، بەڵام لەناوەوە چی دەكرا ئەوە نەدەزانرا‌و ئەمڕۆ بەرهەمەكەی دیارە لە پڕۆسەی دەنگدان بەكارهێنرا."

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هۆكاری دەركردنی بڕیارەكانی بۆ زیادكردنی متمانەی دەنگدەران بە كۆمسیۆن‌و پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و هاندانی هاوڵاتیان بۆ چوونەسەر سندوقەكانی دەنگدان دەگەڕێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی بڵاوكراونەتەوەو باسلە ئەگەری ئەنجامدانی ساختەكاریی دەكرێت.

 

ئەمڕۆ 2 ملیۆن‌و 914 هەزارو 992 كەس مافی دەنگدانی هەبوو، 29 قەوارەو لیستی جیاواز بە 773 كاندید كێبڕكێیان بوو لەسەر بەدەستهێنانی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان، دوای كۆتایی هاتنی پڕۆسەكە لە كاتژمێر 6، دەستكرا بە جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكان.