شەوێكی چارەنوسساز لە بەغداد بەسەر دەبەن؛ كێ كورسیەكە دەباتەوە؟

01-10-2018 05:06
بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی - فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پارتی‌و یەكێتی‌و كاندیدەكانیان بۆ سەرۆك كۆمار شەوێكی چارەنوسسازو یەكلاییكەرەوە لە بەغداد بەسەر دەبەن، هەردوولا بە تەواوی هێزیانەوە لە پایتەختی عێراقن‌و لە كۆبوونەوەو گفتوگۆی چڕدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، شیعەكان ئەو پرسە لە بەرژەوەندی لایەكیان یەكلایی دەكەنەوە.

 

ململانێی نێوان ئەو دوو حزبە لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر ئەو پۆستە‌و ئەمە یەكەمجارە، هەربۆیە پرسەكە بووەتە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندن‌و سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، ئەوەش لە دەست خۆیاندا نییەو پەیوەندیی بە ڕێككەوتن‌و ڕازیكردنی ئەو لایەنەوە هەیە كە دەنگی زۆری هەیە لەناو پەرلەمان‌و پرسەكە یەكلایی دەكاتەوە، ئەویش شیعەكانن.

 

كاتژمێر 8ی ئەمشەو، پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەستپێدەكات كە پشكی كوردەو چەند كاندیدێك كێبڕكێی بۆ دەكەن، بەهێزترینیان فوئاد حسێن كاندیدی پارتی‌و بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتین، ئەو دوو حزبە ئێستا لە ئاستی باڵادا لە بەغدان بۆ سەرخستنی كاندیدەكانیان.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، شیعەكان دابەش بوون بەسەر پارتی‌و یەكێتیدا، "ئەوەش وایكردووە كەس لە دەنگی خۆی دڵنیانییەو هیچ كاندیدێك دەرچوونی مسۆگەر نییە."

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی" ئەگەر هەموو شیعەكان لە یەك لای هاوكێشەكەبن لاكەی دیكە قبوڵی ناكات، لەبەرئەوە نازانین ئەمە دابەشكردنی دەورە یان ڕێككەوتنی ژێر بە ژێر."

 

ئێران هەژموونی تەواوی هەیە لە عێراق‌و دەتوانێت شیعەكان ئاڕاستە بكات، كاندیدەكانی پارتی‌و یەكێتی سەردانی باڵیۆزی ئەو وڵاتەیان لە بەغداد كردووە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی، ئەو سەرچاوەیە وتی"بۆ هەردوولا وەڵامی ئێران ئەوەبووە كە بێلایەن دەبن."

 

هەرچی سوننەكانی پەرلەمانن زۆرینەی زۆریان لەگەڵ پارتیدان‌و دەنگ بە فوئاد حسێن دەدەن، لەناو پەرلەمانتارە كوردەكانیشدا دەنگی هەردوو كاندیدەكە نزیكن لەیەك، ئەوەش دوای ئەوەی وەك چاوەڕواندەكرا 2 پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی چوونەپاڵ 18 پەرلەمانتارەكەی یەكێتی‌و ئاڵا تاڵەبانی لە هاوپەیمانی بەغداد لەبەرژەوەندی یەكێتی دەنگ دەدات.

 

ئێستا ئەوەی یەكلایی بووەتەوە ئەوەیە، هیچ كاندیدێك بە گەڕی یەكەمی دەنگدان دەرناچێت‌و پۆستەكە ناباتەوە كە پێویستی بە دەنگی 219 پەرلەمانتارە، كێبڕكێكە لە گەڕی دووەمدا تووند دەبێتەوە كە لە نێوان دوو كاندیدی براوەی گەڕی یەكەمدا دەبێت‌و بە زۆرینەی دەنگ یەكلایی دەكرێتەوە.

 

بۆ مسۆگەركردنی دەنگی هەر 18 پەرلەمانتارەكەی یەكێتی بۆ بەرهەم ساڵح كە پێشتر "گومان لەسەر هەندێكیان هەبوو دەنگی پێنەدەن"، ئەمڕۆ ئەو حزبە لە ئاستی باڵادا بە سەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسوڵ‌و ئامادەبوونی چەند مەكتەب سیاسی‌و سەركردایەتییەك، لە بەغداد كۆبوونەوەی لەگەڵدا كردوون.

 

بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف وتی"تەئكیدیان كردەوە كە بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتییەو دەبێت كار بۆ سەرخستنی بكرێت، بەڵێنیان لەهەر 18 پەرلەمانتارەكە وەرگرت دەنگی پێبدەن‌و سەریبخەن‌و ئەو بشكێ یەكێتی شكاوە."

 

ئەو بەشداربووەی كۆبوونەوەكە باسیلەوەكرد، بەوپێیەی دەنگدانەكە نهێنییە ئەگەر دەنگیشی پێنەدەن نازانرێت، بەڵام زۆر تەئكیدی لەسەر كرایەوەو هەر 18 پەرلەمانتارەكە بەڵێنیانداوە دەنگی پێبدەن، هاوكات بەرپرسانی یەكێتی وتویانە ئیشی باشیان بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح كردووە، وتیشی"ئەگەر لەسەر ئاستی كەسایەتی بێت د.بەرهەم قبوڵكراوترە تا فوئاد حسێن، بەڵام ئەگەر بە ڕێككەوتنی ژێر بە ژێرو سەفەقات بێت ئەوە شتێكی دیكەیە."

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هیچ لایەك بەرچاوی ڕوون نییەو ململانێكە تووندە، وتی"بەیاننامەكەی هێرۆخان هیچ كاریگەریی نەبوو، لە كۆبوونەوەكەدا وتیان ئەوە ڕای یەكێتییەو یەك كاندیدمان هەیەو دكتۆر بەرهەمە" وتیشی"كۆمەڵ‌و یەكگرتوو كە بە هەردووكیان چوار پەرلەمانتاریان هەیە، بەڵێنیانداوە لە گەڕی دووەمدا پشتیوانیی بەرهەم ساڵح بكەن."

 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد شەوی ڕابردوو لە بەیاننامەیدا كە ناوی ئەوی لەسەر بوو، پشتیوانیی بۆ پێشنیارەكەی مەسعود بارزانی ڕاگەیاند كە داوایكردبوو كاندیدی كورد بۆ سەرۆك كۆمار بە دەنگدان لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكلایی بكرێتەوە. ئەوەش دوای ئەوەهات بەرهەم ساڵح ئەو پێشنیارەی ڕەتكردەوەو سورەلەسەر ئەوەی لە ناو پەرلەمانی عێراق ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە.

 

كەسانی نزیك لە بەرهەم ساڵح پێیانوایە، ئەو بەیاننامەیە بە ناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوكراوەتەوەو هی شانازی خوشكیەتی كە مێردەكەشی كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

 

هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەو هەوڵە چڕەكانی یەكێتی لە بەغداد بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح، نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغداو دەستیكرد بە كۆكردنەوەی پشتیوانیی بۆ فوئاد حسێن، لە یەكەم دیداریشیدا لەگەڵ هادی عامری كۆبووەوە كە دووەم گەورەترین براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە.

 

فوئاد حسێن، كاندیدی مەسعود بارزانییە بۆ ئەو پۆستە‌و بە هەموو هێزییەوە پشتیوانیی دەكات، هەربۆیە پارتی‌و خودی فوئاد حسێنیش پێیانوایە ئەوان سەركەوتوو دەبن.

 

"چ بە میكانیزمی ناو فراكسیۆنە كوردییەكان بێت یاخود میكانیزمی ناو پەرلەمانی عێراق بێت دەنگدان لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بكرێت هەر من سەردەكەوم و دەنگی زۆرینە دەهێنم، ئیشەڵا، متمانەمان بە خۆمان هەیە" ئەمە وتەی ئەمڕۆی فوئاد حسێنە بۆ دەنگی ئەمەریكا.

 

كاندیدەكەی پارتی باسلەوەشدەكات، جگە لەلایەنە عێراقیەكان گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵ‌و یەكگرتووش كراوە، لەبارەی گفتوگۆیان لەگەڵ یەكێتی دەڵێت"ئەگەری هەیە خۆیان بكشێننەوە هیوادارم خۆیان بكشێننەوە ئەوكاتە واتای ئەوەیە دەگەینە ڕێكەوتن لەگەڵ یەكێتی، ئەوەش واتای ئەوەیە یەكێتی دەتوانێت بەشی خۆی هەبێت لەناو حكومەتی عێراقی."

 

پێشتریش سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری پارتی بە متمانەیەكی زۆرەوە بۆ پەرەگراف وتی"پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كاندیدی پارتی دەبێت‌و بەرهەم ساڵح نایباتەوە، پارتی بە بەرنامە كاری بۆكردووەو یەكێتییەكانیش ئەوە دەزانن."

 

بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە وازی لە حزبە نوێیەكەی هێنا كە تەمەنی ساڵێكی تەواو نەكردبوو، گەڕایەوە ناو یەكێتی‌، بۆئەو هەنگاوەی باجێكی زۆریدا بە تایبەت لەناو خەڵك، ئێستا پارتی گەورەترین‌و كۆتا بەربەستەو تێپەڕاندنی ئاسان نییە، ئەگەر بەرهەم ساڵح سەركەوتوو نەبێت لەوەی 4 ساڵی داهاتووی لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەسەر بەرێت، پێدەچێت ئەو باجەی بۆ وازهێنان لە حزبە نوێیەكەی دای، ببێتە دوو ئەوەندە لەناو خەڵكداو تا ئاستی "خۆكوشتنی سیاسیی" بڕوات.