شاسوار عەبدولواحید: بەو ئەنجامانەی ئێستا ناچینە پەرلەمان و شەقام دەكەینە پەرلەمان

01-10-2018 08:34
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ. وێنە؛ پەیجی شاسوار لە فەیسبوك.

 

پەرەگراف

 

شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، بەو ئەنجامانەی ڕاگەیەندراون جوڵانەوەكەیان ناچێتە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان‌و شەقام دەكاتە پەرلەمان، داواش لە خەڵك‌و لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكات هاوكارو پاڵپشتیان بن.

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی جوڵانەوەكەی خستەڕوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بە "شانۆگەری‌و مەهزەلە" ناوبرد بەهۆی ئەو "ساختەكارییانەی پارتی‌و یەكێتی ئەنجامیانداون."

 

شاسوار عەبدولواحید، وتی"بەشداری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ناكەین بەم شێوەیەی ئێستاو ئەم ئەنجامانە. پارتی‌و یەكێتی بە ئارەزووی خۆیان كورسی دەبەخشنەوەو ئەنجام دیاریی دەكەن."

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای لە خەڵكی كوردستان‌و لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كرد هاوكارو پشتیوانیان بن، ئەوەشی خستەڕوو بە چەندین ڕێگا ساختەكاریی كراوە، وتیشی"هەرلایەك بەشداری بكات لە پەرلەمان شەرعیەتدانە بەم شانۆگەری‌و مەهزەلەیەی پارتی‌و یەكێتی. پارتی‌و یەكێتی سندوقی دەنگدانیان گۆڕیوەو پێشتر سندوقیان ئامادەكردوە."

 

"ئێمە ئەم هەڵوێستە وەردەگرین‌و هاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە لەگەڵتانداین، ئەگەر خەڵك پشتیوانمان بن شار بە شار خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەكەین، ماندەگرین‌و دوكان‌و بازاڕ دادەخەین" شاسوار عەبدولواحید وای وت.

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پشتیوانیی خەڵكی بۆ هەڵوێستەكەیان بە پێویست زانی بۆئەوەی بتوانن گۆڕانكاریی ئەنجام بدەن، ڕووەو خەڵكی كوردستان وتی"پێویستمان بە ئێوەیە بۆئەوەی گۆڕانكاریی ئەنجام بدەین، لەگەڵتانین‌و ناچینە ماڵەوە دابنیشین. لەبری ئەوەی بچینە ئەو پەرلەمانەی یەكێتی‌و پارتی بە ئارەزووی خۆیان كورسی دەبەخشنەوە، شەقام‌و ماڵەكانی ئێوە دەكەینە پەرلەمان."

 

هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی كوردستان دوێنێ ئەنجامدرا، لەگەڵ كۆتاییهاتنی پڕۆسەكە یەكێتی نیشتمانی ڕایگەیاند كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە قبوڵ ناكەن‌و ت"تەزویرێكی بێوێنە كراوە"، بەڵام دواتر ئەو حزبە پاشگەز بووەوەو "سەركەوتنی" لە پڕۆسەكە ڕاگەیاند.

 

هەڵبژاردنە چەندین پێشلێكاریی تێدا كرا، بەتایبەت لە سلێمانی، هێزی چەكدار هەڵیانكوتایەسەر چەند بنكەیەك، لە بەردەم قوتابخانەی ڕێبەر لە گەڕەكی كارێزە وشك "شەڕەتەقە ڕوویدا"و لە پەیمانگای كۆمپیوتەری سلێمانی سندوقەكانی دەنگدان شكێندران.
شاسوار عەبدولواحید دەربارەی ئەنجامەكانی یەكێتی لە سلێمانی وتی"لە سلێمانی یەكێتی سێیەم بووە هاتووەتە یەكەم."

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، مەرجی جوڵانەوەكەیانی ڕاگەیاند بۆ بەشداریی لە پەرلەمانی كوردستان، وتی"دەنگەكانمان بۆ بگێڕنەوەو ئەو كورسیانەی داتاكانیان ڕاگەیاندووەو 6 بۆ 7 كورسییان بۆ نەوەی نوێ داناوە مەهزەلەیە، یان لە ماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردنێك بكرێت كە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەرپەرشتی بكات."

 

لە هەڵبژاردنەكەدا 29 قەوارەو لیستی جیاواز بە 773 كاندید كێبڕكێیان بوو لەسەر بەدەستهێنانی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان، دوای كۆتایی هاتنی پڕۆسەكە لە كاتژمێر 6، دەستكرا بە جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكان‌و تائێستا كۆمسیۆن هیچ ئەنجامێكی ڕانەگەیاندووەو حزبەكان چەند ئامارێكیان خستووەتەڕوو دەربارەی ڕێژەی دەنگەكانیان.