وتەبێژی گۆڕان: دەنگە ساختەكان پووچەڵ نەكرێنەوە هەنگاوی یەكەممان ڕەتكردنەوەی هەڵبژاردنە

01-10-2018 09:20
شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

بزووتنەوەی گۆڕان چەند كاتژمێرێك مۆڵەت دەداتە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پووچەڵكردنەوەی "دەنگە ساختەكان"ی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و دەڵێت، زیاتر لە 200 هەزار دەنگە.

 

شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیای حیزبەكەی ڕاگەیاندووە، "ئەگەر پارتی و یەكێتی نكوڵی بكەن و دەنگە ساختەكان تا چەند كاتژمێرێكی دیكە پوچەڵ نەكەنەوە، یەكێك لە بژاردە پەسەندەكانی گۆڕان ڕەتكردنەوەی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی دەبێت."

 

شۆڕش حاجی كە هاوكات ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانە داوای لێبوردنی لە خەڵكی كوردستان كرد ئەگەر لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵكدا نەبووبن، وتی"تائێستاش پێمانوایە شاڕێی گۆڕانكارییەكان خەباتی پەرلەمانی و سندوقەكانی دەنگدانە و ویستمان دەرفەتێكی دیكەش بدەینەوە بە پرۆسەی سیاسی لەگەڵ دوو هێزی خۆسەپێن و تەزویرچی، پارتی و یەكێتی، لەو هەڵبژاردنەدا ئەم دوو حیزبە متمانەیان بەهیچ دەنگدەرێك نییە، هەر بۆیە بە ساختەكاریی دەیانەوێت ئەنجامەكان بگۆڕن."

 

وتەبێژەكەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، سكاڵای یاساییان تۆماركردووەو هەموو لایەنەكانیان ئاگادار كردوەتەوەو تا چەند كاتژمێرێكی دیكە دەوەستن بۆ ئەوەی دەرفەتێكی دیكەش بدەنەوە بەو خەباتە پەرلەمانییە، وتی"بۆئەوەی دەنگە ساختەكان پوچەڵ بكرێتەوەو دەنگە ڕاستەقینەكان ڕابگەیەنرێت، بەڵام ئەگەر ئەو دەنگە ساختانە پوچەڵ نەكرێتەوە كە بەرەوژوری 200 هەزار دەنگە، بژاردەی هەرەپەسەند لای بزوتنەوەی گۆڕان ڕەتكردنەوەی كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان‌و ئەنجامەكانی دەبێت."

 

هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی كوردستان دوێنێ ئەنجامدرا، لەگەڵ كۆتاییهاتنی پڕۆسەكە یەكێتی نیشتمانی ڕایگەیاند كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە قبوڵ ناكەن‌و ت"تەزویرێكی بێوێنە كراوە"، بەڵام دواتر ئەو حزبە پاشگەز بووەوەو "سەركەوتنی" لە پڕۆسەكە ڕاگەیاند.

 

هەڵبژاردنەكە چەندین پێشلێكاریی تێدا كرا، بەتایبەت لە سلێمانی، هێزی چەكدار هەڵیانكوتایەسەر چەند بنكەیەك، لە بەردەم قوتابخانەی ڕێبەر لە گەڕەكی كارێزە وشك "شەڕەتەقە ڕوویدا"و لە پەیمانگای كۆمپیوتەری سلێمانی سندوقەكانی دەنگدان شكێندران.

 

هاوكات عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ڕونكردنەوەیەكدا دەڵێت"زیاتر لە 200 سكاڵای یاساییان تۆماركردووەو بەڵگەنامەی پێویستیان بۆ ساختەكاری خستووەتەڕوو كە ئەم ئەنجامانە ڕەتكاتەوە."

 

سەرۆكی لیستی گۆڕان دەشڵێت"‌لە ڕۆژی دەنگداندا ژمارەیەكی زۆر بە ناسنامەی ساختە دەنگی داوەو بەڵگەی سەلمێنەر بۆ ئەمە هەیە. هێزی چەكدار لە چەندین شوێن هێرشیان كردووەتەسەر ناوەندەكانی دەنگدان و ئەنجامیان گۆڕیوە. بە بەڵگە لەبەردەستدایە لە هەندێك بنكە ساختەكاری ئەوەندە بە نەزانی كراوە ڕێژەی دەنگدان گەشتووەتە 110%"

 

عەلی حەمەساڵح ئەوەشدەخاتەڕوو، دوای تەواوبوونی كاتی یاسایی دەنگدان ڕێژەی بەشداری لە پارێزگای سلێمانی لە 35% بۆ 55% زیادی كردووە، دەشڵێت"هیواو ئومێدمان هەیە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن پیشەییانە سكاڵاكان یەكلا بكاتەوەو ماف و دەنگی خەڵك بگەڕێنێتەوەو لە ئێستادا كاری جدی لەسەر سكاڵاكان دەكەن."

 

هەڵوێستەكەی بزووتنەوەی گۆڕان هاوكاتە لەگەڵ ڕەخنەی لایەنەكانی دیكە لە هەڵبژاردنەكە، لەو چوارچێوەیەدا شاسوارعەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەو ئەنجامانەی ڕاگەیەندراون جوڵانەوەكەیان ناچێتە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان‌و شەقام دەكاتە پەرلەمان، داواش لە خەڵك‌و لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكات هاوكارو پاڵپشتیان بن.

 

شاسوارعەبدولواحید هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بە "شانۆگەری‌و مەهزەلە" ناوبرد بەهۆی ئەو "ساختەكارییانەی پارتی‌و یەكێتی ئەنجامیانداون."

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای لە خەڵكی كوردستان‌و لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كرد هاوكارو پشتیوانیان بن، ئەوەشی خستەڕوو بە چەندین ڕێگا ساختەكاریی كراوە، وتیشی"هەرلایەك بەشداری بكات لە پەرلەمان شەرعیەتدانە بەم شانۆگەری‌و مەهزەلەیەی پارتی‌و یەكێتی. پارتی‌و یەكێتی سندوقی دەنگدانیان گۆڕیوەو پێشتر سندوقیان ئامادەكردوە."

 

"ئێمە ئەم هەڵوێستە وەردەگرین‌و هاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە لەگەڵتانداین، ئەگەر خەڵك پشتیوانمان بن شار بە شار خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەكەین، ماندەگرین‌و دوكان‌و بازاڕ دادەخەین" شاسوار عەبدولواحید وای وت.

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پشتیوانیی خەڵكی بۆ هەڵوێستەكەیان بە پێویست زانی بۆئەوەی بتوانن گۆڕانكاریی ئەنجام بدەن، ڕووەو خەڵكی كوردستان وتی"پێویستمان بە ئێوەیە بۆئەوەی گۆڕانكاریی ئەنجام بدەین، لەگەڵتانین‌و ناچینە ماڵەوە دابنیشین. لەبری ئەوەی بچینە ئەو پەرلەمانەی یەكێتی‌و پارتی بە ئارەزووی خۆیان كورسی دەبەخشنەوە، شەقام‌و ماڵەكانی ئێوە دەكەینە پەرلەمان."

 

شاسوار عەبدولواحید دەربارەی ئەنجامەكانی یەكێتی لە سلێمانی وتی"لە سلێمانی یەكێتی سێیەم بووە هاتووەتە یەكەم."

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، مەرجی جوڵانەوەكەیانی ڕاگەیاند بۆ بەشداریی لە پەرلەمانی كوردستان، وتی"دەنگەكانمان بۆ بگێڕنەوەو ئەو كورسیانەی داتاكانیان ڕاگەیاندووەو 6 بۆ 7 كورسییان بۆ نەوەی نوێ داناوە مەهزەلەیە، یان لە ماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردنێك بكرێت كە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەرپەرشتی بكات."

 

لە هەڵبژاردنەكەدا 29 قەوارەو لیستی جیاواز بە 773 كاندید كێبڕكێیان بوو لەسەر بەدەستهێنانی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان، دوای كۆتایی هاتنی پڕۆسەكە لە كاتژمێر 6، دەستكرا بە جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكان‌و تائێستا كۆمسیۆن هیچ ئەنجامێكی ڕانەگەیاندووەو حزبەكان چەند ئامارێكیان خستووەتەڕوو دەربارەی ڕێژەی دەنگەكانیان.