بۆچی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ناگەنە ئەنجام؟

02-10-2018 03:10
نێچیرڤان بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ لە بەغدان بۆ سەرخستنی كاندیدی حیزبەكانیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.

 

پەرەگراف

 

پارتی‌و یەكێتی هێزی تەواویان بەكاردەهێنن لە بەغداد بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەدەر لە كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بەتایبەت شیعەكان كە ئەو پرسە یەكلایی دەكەنەوە، ئەو دوو حزبە لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا چەند كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵییان كردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك.

 

سەرچاوەیەك لە بەغداد كە ئاگاداری وردەكاریی كۆبوونەوەكانە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، شەوی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی كۆبوونەوەتەوەو ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ كۆبووەتەوە، بەڵام ئەو كۆبوونەوانە ئەنجامیان نەبووە.

 

دەربارەی هۆكاری بێئەنجام بوونی كۆبوونەوەكان، ئەو سەرچاوەیە وتی"پارتی هیچ قسەیەكی دیكەی نییە جگە لە داوای كشانەوەی بەرهەم ساڵح ئامادەن بۆئەوەش هەر داواكارییەكی یەكێتی جێبەجێ بكەن دەربارەی پۆستەكانی دیكەی بەغداد، یەكێتیش بەهیچ شێوەیەك پرسی كشانەوەی بەرهەم ساڵحی لە بەرنامەدا نییەو ناچێتە ژێرباری ئەو داوایە."

 

پەرلەمانی عێراق بڕیاربوو شەوی ڕابردوو دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەستپێبكات، بەڵام كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدراو خرایە كاتژمێر یەكی ئەمڕۆ، لەو وادەیەشدا كۆبوونەوەكە نەكراو ئێستا پەرلەمانتاران چاوەڕوانی كۆبوونەوەن بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە كە بەپێی دەستوور ئەمڕۆ دوا وادەیە.

 

"پەرلەمانتاران ئامادەن‌و لەناو پەرلەمانن، بەڵام سەرۆك‌و دوو جێگرەكەی كاتژمێر یەك نەهاتن‌و ئێستاش ئامادەنین، نازانین كەی كۆبوونەوە دەكرێت، پارەدانیش دەستیپێكردووە بۆ كڕینی ئیرادەی پەرلەمانتاران لەلایەن لایەنێكی سیاسی بۆ مسۆگەركردنی دەنگدان بە كاندیدەكەیان" ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق بۆ پەرەگراف وای وت.

 

دەربارەی هۆكاری ئەنجام نەدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارە وتی"پارتی بە پشتیوانیی سوننەكان كۆبوونەوەكەی پەكخستووە، ئەمەش دوو خوێندنەوەی هەیە، یەكەمیان ئەوەیە پارتی دەترسێت كاندیدەكەی لە پەرلەمان دەرنەچێت، دووەمیشیان ئەوەیە هێزی خۆی پیشان بدات كە دەتوانێت كۆبوونەوەی پەرلەمان پەكبخات."

 

هاوكات نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغداد بە بەشداریی پارتی، یەكێتی، هاوپەیمانی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو كۆبوونەوە بۆ یەكخستنی هەڵوێستیان لەسەر یەك كانیدی كورد، "بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجام‌و ئەو پرسە لە دەسەڵاتی حیزبەكاندایە نەك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان."

 

ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر ئەو پۆستە‌و ئەمە یەكەمجارە، هەربۆیە پرسەكە بووەتە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندن‌و سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، ئەوەش لە دەست خۆیاندا نییەو پەیوەندیی بە ڕێككەوتن‌و ڕازیكردنی ئەو لایەنەوە هەیە كە دەنگی زۆری هەیە لەناو پەرلەمان‌و پرسەكە یەكلایی دەكاتەوە، ئەویش شیعەكانن.

 

سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو چەند كاندیدێك كێبڕكێی بۆ دەكەن، بەهێزترینیان فوئاد حسێن كاندیدی پارتی‌و بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتین، ئەو دوو حزبە ئێستا لە ئاستی باڵادا لە بەغدان بۆ سەرخستنی كاندیدەكانیان‌و بەهۆی دابەشبوونی لیستە گەورەكانەوە(شیعەكان)، هیچكام لە پارتی‌و یەكێتی دڵنیانین لە بردنەوەی پۆستەكە.

 

هەرچی سوننەكانی پەرلەمانن زۆرینەی زۆریان لەگەڵ پارتیدان‌و دەنگ بە فوئاد حسێن دەدەن، لەناو پەرلەمانتارە كوردەكانیشدا دەنگی هەردوو كاندیدەكە نزیكن لەیەك، ئەوەش دوای ئەوەی وەك چاوەڕواندەكرا 2 پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی چوونەپاڵ 18 پەرلەمانتارەكەی یەكێتی‌و ئاڵا تاڵەبانی لە هاوپەیمانی بەغداد لەبەرژەوەندی یەكێتی دەنگ دەدات.

 

نەوەی نوێ كە 4 پەرلەمانتاری هەیە ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەنگ بە كاندیدی پارتی‌و یەكێتی نادەن، فراكسیۆنی گۆڕانیش ئەمڕۆ بۆیەكەمجار چوونە پەرلەمان‌و بڕیارە سوێندی یاسایی بخۆن‌و بەشداربن لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پەرلەمانتارانی گۆڕان لە بەغداوە ڕایانگەیاند، بڕیاری پێشوەخت‌و "ڕێككەوتنی ژێر بە ژێر"یان نییە بۆ دەنگدان بە كاندیدێك‌و بزووتنەوەكەیان سەرپشكی كردوون دەنگ بەكێ بدەن.

 

ئێستا ئەوەی یەكلایی بووەتەوە ئەوەیە، هیچ كاندیدێك بە گەڕی یەكەمی دەنگدان دەرناچێت‌و پۆستەكە ناباتەوە كە پێویستی بە دەنگی 219 پەرلەمانتارە، كێبڕكێكە لە گەڕی دووەمدا تووند دەبێتەوە كە لە نێوان دوو كاندیدی براوەی گەڕی یەكەمدا دەبێت‌و بە زۆرینەی دەنگ یەكلایی دەكرێتەوە.