بەرهەم ساڵح بووە سەرۆك كۆماری عێراق

02-10-2018 09:18
بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری نوێی عێراق‌.

 

پەرەگراف

 

بەرهەم ساڵح بووە سەرۆك كۆماری عێراق‌و لە خولی دووەمی دەنگداندا 219 دەنگی پەرلەمانتارانی عێراقی بەدەستهێناو سوێندی یاسایی خوارد.

 

یەكلاییكردنەوەی ئەو پۆستە بە دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق دوای ململانێیەكی تووند هات لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە فوئاد حسێنیان كاندید كردبوو، لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا بەرهەم ساڵح 165 دەنگی بەدەستهێناو بە جیاوازییەكی زۆر لە پێش فوئاد حسێنەوە بوو كە 89 دەنگی بەدەستهێنا.

 

لە خولی دووەمی دەنگداندا، فراكسیۆنی پارتی كشانەوەی فوئاد حسێنی پێشكەش بە سەرۆكی پەرلەمان كرد، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان قبوڵی نەكرد بەوپێیەی واژۆی خۆیی لەسەر نەبووە، دواتر پڕۆسەی دەنگدان دەستیپێكرد لە نێوان بەرهەم ساڵح‌و فوئاد حسێن، ئەنجام بە بردنەوەی بەرهەم ساڵح كۆتایی هات كە 219دەنگی بەدەستهێناو فوئاد حسێن 22 دەنگی هێنا.

 

فراكسیۆنی پارتی لە خولی دووەمدا كۆبوونەوەی پەرلەمانی بەجێهێشت‌و دەنگی نەدا، هەروەها پڕۆسەكە ڕەتدەكاتەوەو دانی پێدا نانێت، پارتی دەڵێت ڕێككەوتنێكیان هەبووەو یەكێتی شكاندوویەتی.

 

هاوكات مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو حزبە ڕایگەیاند"بەڕێوەچوونی ئێستای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق پێچەوانەی ئەو نەریتەیە كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە گەڕەكانی رابردوو پەیڕەوكراوە. یان دەبوایە كاندیدێكی كورد لەنێو گەورەترین كوتلە بەربژێر كرابا یانیش فراكسیۆنە كوردییەكان یەكلاییان كردبا. ئەو ئالیەتەی ئێستا بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵوێستی خۆمان دەبێت."

 

كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراق دوای چەندجارێك لە دواخستنی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامدرا، پێشتر پارتی‌و هاوپەیمانەكانی بەربەست بوون لەبەردەم كۆبوونەوەی پەرلەمان، میدیاكانی پارتی دەڵێن، یەكێتی "فێڵی لە پارتی كردووە"، بەوپێیەی بەرلە كۆبوونەوەكە ڕێككەوتنی لەگەڵ كردوون "بەرهەم ساڵح بكشێتەوە" بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی كۆبوونەوەكەو تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان، یەكێتی "لەو ڕێككەوتنە كشاوەتەوە."

 

پارتی‌و یەكێتی چەند ڕۆژێكە بە تەواوی هێزیانەوە لە بەغدادن‌و پشتیوانیی بۆ كاندیدەكانیان كۆدەكەنەوە، لە نێوان خۆشیاندا چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداو نەگەیشتنە ڕێككەوتن كە بە یەك كاندید بچنە پڕۆسەكەوەو هەردوولا سوربوون لەسەر ئەوەی پۆستەكە ئیستیحقاقی ئەوانەو دەستبەرداری نابن.

 

ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر ئەو پۆستە‌و ئەمە یەكەمجارە، هەربۆیە پرسەكە بوو بووە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندن‌و سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، ئێستا یەكێتی سەركەوت‌و پارتی شكستی هێنا، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن ئەو دۆخە قبوڵ ناكەن‌و هەڵوێستیان دەبێت.

 

ئەو دوو حيزبە لە هەرێمی كوردستان هاوپەیمانن‌و پێكەوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە، پێدەچێت ململانێی سەرۆك كۆماری عێراق‌و نیگەرانییەكانی پارتی كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانیان لە هەرێم هەبێت، بەتایبەت لە خولی نوێی پەرلەمان‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر.

 

بەرهەم ساڵح بە ئامانجی بوون بە سەرۆك كۆماری عێراق‌و تاكە كاندیدی یەكێتی بۆئەو پۆستە وازی لە حزبە نوێیەكەی هێنا كە تەمەنی ساڵێكی تەواو نەكردبوو، گەڕایەوە ناو یەكێتی‌و بۆئەو هەنگاوەی باجێكی زۆریدا بە تایبەت لەناو خەڵكدا، ئێستا بووە سەرۆك كۆمارو بە خەونەكەی گەیشت كە چوار ساڵی داهاتووی لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەسەر بەرێت لەگەڵ سەرباخ ساڵحی هاوسەری وەك خانمی یەكەمی عێراق.

 

سەرۆك كۆماری عێراق لە ساڵی 2005ەوە پشكی كوردە، لەو كاتەوە بۆ یەكێتی بووە بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی، ئێستا پارتی وەك هێزی براوەی یەكەم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆی بە موستەحەقتر دەزانێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

 

یەكێتی ڕێككەوتنی دابەشكردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێم دەكاتە پاساوی وەرگرتنی، لای پارتی ئەو ڕێككەوتنە كاری پێناكرێت‌و دەڵێن، پۆستی سەرۆكی هەرێم نەماوەو یەكێتی خۆیشی ئەو ڕێككەوتنەی "پشتگوێ خستووەو هەلومەرجەكەش گۆڕاوە."