یەكەم ساڵیادی كۆچی مام جەلال؛ بردنەوەی كێبڕكێیەكی تووند لە بارزانی

03-10-2018 04:29
تائەو كاتەی تاڵەبانی لە ژیاندا بوو ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی نەدەگەیشتە ئەوەی ئێستا تێیدان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی مام جەلال كەوتە ڕۆژێكی گرنگ‌و پڕدەسكەوت بۆ یەكێتی، دوای ململانێیەكی تووند لەگەڵ پارتی‌و مەسعود بارزانی، یەكێتی‌و كوڕە گەورەكەی تاڵەبانی توانییان تاكە كاندیدی خۆیان ببەنە كۆشكی سەرۆكایەتی عێراق‌و ئەو كورسییە بۆ چوار ساڵی دیكە لە دەست خۆیاندا بهێڵنەوە.

 

بارزانی كە فوئاد حسێنی كاندید كردبوو بەتووندی دژایەتی بۆ شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ڕاگەیاند، پارتی دەڵێت"فێڵی لێكراوە"و چاوەڕوانی هەڵوێستی دەكرێت، ئەوەش دۆخێكی نوێ لە ململانێی نێوان تاڵەبانی‌و بارزانییەكان دەهێنێتە ئاراوە كە بڕیار بەدەستی ناو یەكێتی‌و پارتی-ن، ئەمانە لە نەمانی مام جەلال لە گۆڕەپانەكەدا ڕوودەدەن.

 

جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی، لە كۆتایی ساڵی 2012 بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دابڕاو لە دۆخێكی تەندروستیی خراپدا مایەوە تا لە 3-10-2017 لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كردو تەرمەكەی گەڕێندرایەوەو لە سلێمانی بەخاك سپێردرا.

 

ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر كۆچی دواییدا تێدەپەڕێت، هەر ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆماری نوێی عێراق لەسەر پشكی یەكێتی دەستبەكاربوو، لەسەر ئەو كورسییە دانیشت كە پێشتر بۆماوەی 6 ساڵ مام جەلال خاوەندارێتیی كرد.

 

پارتی‌و یەكێتی چەند ڕۆژی ڕابردوویان بە تەواوی هێزیانەوە لە بەغداد بەسەر برد بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی بۆ كاندیدەكانیان تا كورسی سەرۆك كۆمار مسۆگەر بكەن، لە نێوان خۆشیاندا چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداو نەگەیشتنە ڕێككەوتن كە بە یەك كاندید بچنە پڕۆسەكەوە، دواجار شەوی ڕابردوو لەناو پەرلەمان یەكێتی كورسییەكەی بردەوە.

 

ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر ئەو پۆستە‌و ئەمە یەكەمجارە، هەربۆیە پرسەكە بوو بووە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندن‌و سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، ئێستا یەكێتی سەركەوت‌و پارتی شكستی هێنا.

 

تا ئەو كاتەی مام جەلال لە ژیاندابوو ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی نەدەگەیشتە ئەو ئاستەی ئێستا تێیدان‌و لە ڕاگەیاندنەكانیشدا ڕەنگی نەدەدایەوە، وەك مەسعود بارزانی چەند جارێك وتویەتی، لەگەڵ مام جەلال بە تەلەفۆنێك گەورەترین كێشەیان چارەسەر دەكرد، بەتایبەت لە دوای ساڵی 2007 كە ڕێككەوتننامەی ستراتیژییان واژۆكرد، ئێستا زیاتر لە هەموو كات بارزانی هەست بەو بۆشاییە دەكات كە تاڵەبانی دوای خۆی بەجێی هێشت لە نێوان حیزبەكەی‌و پارتیدا.

 

پۆستی سەرۆك كۆمار لە ساڵی 2005 كە وەك پشكی كورد دیاریكراو درا بە یەكێتی‌و تاڵەبانی وەریگرت تا ئەو كاتەی بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دووركەوتەوە(2012)، بۆ ماوەی 2 ساڵ پۆستەكە بە چۆڵی مایەوەو لە 2014دا فوئاد مەعسوم هەرلەسەر پشكی یەكێتی پۆستەكەی وەرگرت تا ئەمڕۆ لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ماڵئاوایی لێكرا.

 

یەكێتییەكان بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بە "دەستكەوتێكی گەورە" ناو دەبەن، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی مام جەلال ڕۆڵی سەرەكی‌و یەكلایی كەرەوەی هەبووە لەو پرسەدا.

 

"لەو ڕۆژەوەی جەنابی مام جەلال نەخۆش كەوتووە یەكێتی قەت وا بەهێز نەبووە، یەك ڕیز نەبووە ببینن بزانن لەم چەند ساڵەدا چۆن خزمەتی كوردستان دەكەین، یەكێتی هەڵسێتەوە واتە كوردستان هەستاوەتەوە" ئەمە وتەی 3 ڕۆژ لەمەوبەری كوڕە گەورەكەی مام جەلالە لە دوای بەشداریكردنی لە دەنگدان بۆ پەرلەمانی كوردستان.

 

ئەو كوڕە گەورەیەی تاڵەبانی ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لە گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆناو ڕیزەكانی یەكێتی‌و كردنی بە تاكە كاندیدی حیزبەكەی بۆ سەرۆك كۆمارو سەرخستنی بۆ ئەو پۆستە، بەرهەم ساڵح بەو ئامانجە حیزبە نوێیەكەی بەجێهێشت كە تەمەنی ساڵێكی تەواو نەكردبوو.

 

بافڵ تاڵەبانی هەرلە ڕۆژی دەنگدان بە ڕۆژنامەنوسانی وت"پەیامێكی ترم هەیە بۆ حیزبەكانی تر كە وادەزانن یەكێتی دوای ئەم دەكەوێت‌و دوای ئەو دەكەوێت، ئەو ڕۆژانە تەواو بوون، ئێستا حیزبە سیاسیەكانی تر دوای ئێمە دەكەون."

 

پارتی‌و یەكێتی لە هەرێمی كوردستان هاوپەیمانن‌و پێكەوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە، پێدەچێت ململانێی سەرۆك كۆماری عێراق‌و نیگەرانییەكانی پارتی كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانیان لە هەرێم هەبێت، بەتایبەت لە خولی نوێی پەرلەمان‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

 

مام جەلال بناغەدانەری بەهێزیی پەیوەندییەكانی نێوان حیزبەكەی‌و پارتی بوو بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، دوای ئەم پێشهاتە نوێیانە دیارنییە پەیوەندییەكانی نێوانیان بە كوێ دەگات؟ ئەوەش ناڕوونە كە ئایا یەكێتییەكان بە بەهێزیی‌و یەكگرتوویی دەمێننەوە وەك ئەو دەركەوتن‌و مانۆڕانەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیان بوو، كە ئەمە پێشبینی مام جەلال بووە بۆ ئایندەی یەكێتی لە دوای خۆی.

 

مام جەلال چەند مانگێك بەرلە نەخۆشكەوتن‌و دابڕانی لە سیاسەت، لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی(ژمارە 814‌و 815 ڕێكەوتی 4-7/3/2012) باسلە دۆخی ناخۆیی‌و گۆڕانكاریی لە حزبەكەیدا دەكات‌و پێشبینی دەكات، یەكێتی لە نەبوونی ئەویشدا ئایندەیەكی باشی هەبێت.

 

مام جەلال كە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرو كەسی یەكەمی یەكێتی بووە لە دامەزراندنیەوە تا دووركەوتنەوەی لە سیاسەت، لە چاوپێكەوتنەكەیدا پێیوایە كاتی ئەوەهاتووە یەكێتی گۆڕانكاریی لەكاری خۆی‌و ڕەفتارو پەیوەندییەكانی خۆی، هەروەها سەركردایەتی‌و دروشمەكانی خۆیدا بكات، بە پێویستی دەزانێت یەكێتی ئەو سیاسەتە بگرێتەبەر كە بەرگرییە لە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی.

 

"ئەگەر ترس لەوە هەیە یەكێتی كارەكانی خۆی پێڕانەپەڕێت بەبێ من، ئەوا دەڵێم ئەگەر ڕێكخستنێك، حزبێك بەبێ مام جەلال نەتوانێ بەڕێوەبچێت، وەڵڵا حەقی مانەوەی نییەو با زووتر بڵاوەی لێبكات" تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنەكەیدا وا دەڵێت.

 

بۆ یەكێتییەكان مام جەلال ڕەمزی یەكگرتوویی ناوخۆیی بوو، كە بە سیاسەتی چەپكە گوڵەكە ناویان دەبرد، بەواتای توانای كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان‌و یەكخستیان.

 

یەكێتی بەدرێژایی تەمەنی چەندین سەركردەی لێجیابووتەوە كە حزب‌و گروپی دیكەی سیاسییان پێكهێناوە، دیارترینیان نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی بوون كە ساڵی 2006 جیابوونەوەو لە 2009دا گۆڕانیان دروستكردو بەشدارییان لە هەڵبژاردن كرد.

 

"بۆ یەكەمجاربوو ئێمە ڕوبەڕوی ئینشقاقێكی گەورەی وا ببینەوە، ئەو ئینشقاقە كاریگەری زۆری هەبوو بۆسەر وەزعی ئێمە" مام جەلال دەرباری جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا وادەڵێت، دەشڵێت"دڵنیام كۆنگرەی داهاتوو كۆنگرەی گۆڕانكاریی بنەڕەتی دەبێت لەڕووی كۆمەڵایەتی‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە، چونكە یەكێتی بەتەمایە ئەمجارە بەرەو پێشەوە بچێت، چونكە ئەو برینانەی لەشی ساڕێژ بووەو چاك بووەتەوە، ماوەتەوە ئەوەی پەیڕەوێكی پێشكەوتووی ئەوتۆ نیشان بدات كە سۆسیال دیموكراتییانە بێت."

 

ئەو كۆنگرەیەی تاڵەبانی باسیدەكات دەبوو ساڵی 2013 ببەسترایە، بەڵام تائێستا وادەی بەستنی دیاریی نەكراوە، ئەوەش بەهۆی ململانێ‌و كێشەی ناوخۆییەوە.

 

هەرچەندە تاڵەبانی باسلەوەدەكات برینەكانی جیابوونەوەی گۆڕان لە یەكێتی ساڕێژبوون، بەڵام لەدوای نەخۆشكەوتنی‌و دووركەوتنەوەی خۆی لە یەكێتی، برینی نوێ سەریان هەڵداو زۆری نەبرد بەرهەم ساڵح جێگری دووەمیی تاڵەبانی لە حیزبەكەی دابڕاو دواتر قەوارەیەكی نوێی ڕاگەیاند‌و بەشداریی هەڵبژاردنی كرد، بەڵام ئێستا بافڵی كوڕە گەورەی تاڵەبانی سەرقاڵی چارەسەر كردنی ئەو برینانەیەو لە گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵحدا سەركەوتوو بوو.

 

پێشبینییەكانی مام جەلال بۆ ئایندەی یەكێتی

 

حیزبە كوردییەكان بەدەگمەن لە پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا كەسی یەكەمیان دەگۆڕن، مەگەر نەخۆشیی یاخود مردن ببێتەهۆی گۆڕانكاریی لە لوتكەی دەسەڵاتی حیزبدا، هەربۆیە نەمانی كەسی یەكەم كاریگەریی زۆری دەبێت.

 

مام جەلال لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ هاوڵاتی، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە كە پێیوایە یەكێتی واتە مام جەلال‌و مام جەلال واتە یەكێتی، لەبارەی ئەوەی دوای مام جەلال یەكێتی چی لێدێت؟ تاڵەبانی دەڵێت"هیوادارم یەكێتی دوای مام جەلال باشتر بێت‌و زیاتر دیموكراسی تێبكەوێت‌و زیاتر ئاڵوگۆڕی بەرەو پێشكەوتن تێبكەوێت، ئومێدیش دەكەم ئەو كەموكوڕییانەی لەسەردەمی سەركردایەتی مام جەلال هەبووە ئەو كات نەمێنێت."

 

تاڵەبانی لەوبڕوایەدایە یەكێتی دەتوانێت بەردەوام بێت‌و بەرەوپێشەوەبچێت، دەڵێت"یەكێتی دەمێنێتەوە وەك هێزێكی گەورە، مومكینە خەڵكی لێ جیاببێتەوە، خۆ نزیكترین كەس لە مام جەلال كاك نەوشیروان مستەفا بووە ئەوە جیابووەوەو گۆڕانی دروستكرد، وابزانم هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت ئەو كەسانەی لەناو یەكێتی ماونەتەوە نزیكترین كەس نەبوون لە مام جەلال لەناو یەكێتیدا لەچاو كاك نەوشیروان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە یەكێتی مایەوەو نەشفەوتا."

 

لە وەڵامی ئەوەی ئەودۆخە بە ودجودی خودی مام جەلال بووە، تاڵەبانی دەڵێت"ڕاستە ئەوەی ئێستا هەمووی بەوجودی مام جەلال، جا دوای مام جەلال خۆیان بیربكەنەوە ئەگەر توانییان یەكێتییەكەیان بەڕێوەبەرن زۆرباشە، ئەگەر نەیانتوانی خۆ كاركردن بەزۆر بەڕێوەناچێت."

 

مام جەلال بەمجۆرە پێشبینی ئایندەی حزبەكەی دەكات"پێشبینییەكەم ئەوەیە كە یەكێتی دەبێت خۆی بكاتە پارتێكی سۆسیال دیموكراتی ڕاستەقینە، هەندێك كەموكورتی هەیە موجامەلات دەكرێت، خاتری فڵان‌و فڵان دەگرن، ئەوە نەهێڵن.. هەروەها ئەو گۆڕانكارییانەی كە پێویستە بەپێی هەلومەرجی تایبەتی‌و بابەتی هەم لە پڕۆگرام‌و پەیڕەودا هەم لە ڕەفتارەكانیدا، كە بەلای منەوە ڕەفتارەكانی زۆر گرنگە ئەنجامبدرێن."