نێچیرڤان بارزانی زەنگی ئاگاداركردنەوە بۆ یەكێتی لێدەدات

04-10-2018 01:59
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

نێچیرڤان بارزانی وردەكاریی كۆبوونەوەو ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ یەكێتی ئاشكرا كرد دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆمار، وتی، "یەكێتی ڕێككەوتنەكەی شكاندووە"و ڕێگایەكی دیكەی هەڵبژاردووە كە بە زۆرینە پۆستەكە یەكلایی بكاتەوە نەك تەوافوق، ئەوانیش لە هەرێمی كوردستان بەهەمانشێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

 

"هێزی ئێمە ئەو پۆستە نییە كە هیچ دەسەڵاتێكی نییەو لە بەغداد دانراوە، هێزی ئێمە لەو ئەنجامەیە كە لە هەڵبژاردنی كوردستان هێناومانە" ئەمە وتەی جێگری سەرۆكی پارتییە دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆمار.

 

نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكایەتی شاندی پارتی دەكرد لە بەغداد بۆ پرسی سەرۆك كۆمار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئەوان هەموو مرونەتێكیان پیشانداوە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی لە پێناو تێكنەچوونی یەكڕیزیی نێوانیان.

 

"پێشنیاری یەكێتی ئەوە بوو ڕێگای قبوڵكردنی ئەوان ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان لە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم مرونەت بنوێنین، ئێمەش وتمان ڕازین بەس بۆئەوەی یەكڕیزی تێكنەچێت، دوایی لە شاشەی تەلەفزیۆن بینیمان دەنگدان دەستیپێكرد، ڕێككەوتبووین بە یەك كاندید بچینە پڕۆسەكەوەو خەڵكی دیكەش لە نێوانمان هەبوو، هەمووشیان زۆر سوپاسی ئێمەیان كرد كە مرونەتمان نواند بۆئەوەی ئەو یەكڕیزییە تێكنەچێت" نێچیرڤان بارزانی وای وت.

 

ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر ئەو پۆستە‌و ئەمە یەكەمجارە، هەربۆیە پرسەكە بوو بووە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندن‌و سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، ئێستا یەكێتی سەركەوت‌و پارتی شكستی هێنا، بەڵام نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، پرسەكە شكست‌و سەركەوتن نییەو "خەڵكی كوردستان زیانمەند بووە."

 

جێگری سەرۆكی پارتی، جارێكی دیكە تەئكیدی لە هەڵوێستی حیزبەكەی كردەوە كە میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ڕەتدەكەنەوە، وتی"ئەوەی یەكێتی كردی بۆ ئایندەی كوردستان مەترسیدارە" باسیلەوەكرد ئەو پۆستە لە ڕابردوودا كورد یەك كاندیدی بۆی هەبووەو لەناو كورد خۆیدا یەكلایی كراوەتەوە، بەڵام ئەمجارە لیستە عەرەبییەكان یەكلاییان كردووەتەوە.

 

"بەو میكانیزمە نەدەبوو دكتۆر بەرهەم قبوڵ بكات بچێتە ئەو پڕۆسەیەوەو نەدەبوو یەكێتیش قبوڵی بكات، چونكە ئەو میكانیزمە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە" نێچیرڤان بارزانی وای وت، وتیشی"هەموومان دەزانین كە كاك بەرهەم گەڕایەوە بۆ یەكێتی بەس بۆئەوە بوو كە كاندید بكرێت بۆئەو پۆستە، هەموو ئەوە دەزانن، ئێ خۆ لەناو ئەو حیزبە بوو دوایی حیزبێكی تریشی دروست كرد، وەفاداریی خۆی نەبۆ حیزبی یەكەمی هەبوو نە بۆ هاوپەیمانیی، بەهیواین ئیشەڵڵا بۆ كوردستان هەیبێت."

 

جێگری سەرۆكی پارتی باسیلەوەشكرد، ئەوان پۆستەكەیان بەلاوە گرنگ نەبووەو كاریان بۆ یەكڕیزیی لەگەڵ یەكێتی كردووە، ئەوەی خستەڕوو، لایەنە عێراقییەكان‌و وڵاتانی دەرەوەش داوایان لەو كردووە خۆی كاندید بكات بۆ ئەو پۆستەو بەبێ كێبڕكێ پۆستەكە وەربگرێت، بەڵام ئەو ڕەتیكردووەتەوە، وتیشی"لایەنە عێراقییەكان دڵیان لەهەركوێ بێت عەقڵیان لە هەولێرەو دەزانن بڕیاری سیاسی كوردستان لە كوێیە."

 

ململانێكە كاریگەری لەسەر حكومەتی داهاتووی هەرێم دەبێت

 

نێچیرڤان بارزانی حیزبەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەو بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكە دوو ئەوەندەی یەكێتی كورسی بەدەستهێناوە كە لە پلەی دووەمدایە، تەئكیدی لەوەكردەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم وەك پێشووتر مامەڵە لەگەڵ یەكێتی ناكەن.

 

"لە هەموو وێستگەكانی ڕابردوو یەكێتیمان وەكو هاوبەشی خۆمان ئەژماركردووەو بەپێی ئەو كورسییانەی هەیانە مامەڵەمان لەگەڵ نەكردوون، یەكێتی ئەمڕۆ ڕێگایەكی دیكەی هەڵبژارد بەرەو ئەوەچوو كە دەنگی هەیەو ئیرادەی خۆی فەرز دەكات، دەبێت ئەوەش لە ئێمە قبوڵ بكەن‌و پێموایە بڕیاری خۆیانداوەو پێیان تەبیعییە قبوڵی بكەن" نێچیرڤان بارزانی وا وت.

 

ئەو كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمە ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕێی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنی هەرێم دەكەن‌و ئەوكات دەكەونە دانوستاندن بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەو دەیانەوێت بە زووترین كات پێَكبهێنرێت، وتی"بە تەئكید ئەوەی كە ڕوویدا كاریگەریی لە هەرێم دەبێت، مومكین نییە بەو شێوەیە ڕەفتار بكەین كە پێشتر كردوومانەو شك لەوەدا نییە، بەڵام با جارێ ئەنجامەكان ئاشكرا بكرێن."

 

نێچیرڤان بارزانی باسیلەوەشكرد، كەس باسی دوو ئیدارەیی ناكات‌و ئەوە ڕوونادات، وتیشی"هەمیشە بە یەكێتیمان وتووە ئێوە هاوبەشی ئێمەن، ئێستا ئەوان ڕێگایەكی دیكەیان هەڵبژاردووە كە زۆرینەو كەمینەیەو تەوافوق نییە، ئێستا دەبێت ئەو هەقە بدەن بە هێزی یەكەمی كوردستان ئەویش بە میكانیزمی پێشوو حكومەت پێكنەهێنێت‌و میكانیزمێكی دیكە بگرێتەبەر."