كۆمسیۆن لەسەدا 85ی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند

04-10-2018 07:26
دەنگدان لە قوتابخانەی شیری كچان لە سلێمانی بۆ پەرلەمانی كوردستان/ 30-9-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەسەدا 85ی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ڕاگەیاند، پارتی لە پلەی یەكەمدایەو 595 هەزارو 592 دەنگی بەدەستهێناوە.

 

بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆن كەمێك پێش ئێستا ڕایگەیاند، بۆ كورسییە گشتییەكان كە 100 كورسی پەرلەمانن(یانزەكەی دیكەیان بۆ كۆتاكانە) یەكێتی نیشتمانی لە پلەی دووەمدایە بە كۆكردنەوەی 287 هەزارو 575 دەنگ، گۆڕان پلەی سێیەمی گرتووە بە 164 هەزارو 336 دەنگ.

 

دوای ئەوانیش هەریەكە لە نەوەی نوێ بە 113 هەزارو 297 دەنگ‌و كۆمەڵی ئیسلامی بە 94 هەزارو 992 دەنگ لە ڕیزبەندییەكەدان، لیستی بەرەو ئیسلاح كە لە بزوتنەوەو یەكگرتووی ئیسلامی پێكدێن 69 هەزارو 477 دەنگی هێناوەو لیستی سەردەم كە لە سۆسیالیست‌و پارتی كرێكاران‌و ڕەنجدەران‌و یەكێتی نەتەوەیی پێكدێن 13 هەزارو 708 دەنگی بەدەستهێناوەو دوای ئەوانیش حیزبەكانی دیكە دێن بە دەنگی كەمتر.

 

ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی لەسەدا 85ی دەنگەكان، دوای تێپەڕبوونی 25 كاتژمێر هات لە وادەی یاسایی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان كە دەبوو كاتژمێر 6ی ئێوارەی دوێنێ بوایە، بەوپێیەی یاسا دیاریی كردووە كە دوای 72 كاتژمێر لە كۆتایی هاتنی هەڵبژاردن دەبێت ئەنجامی بەرایی ئاشكرا بكرێت.

 

ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران كە نوێنەری 5 حزبە سەرەكییەكەی هەرێمی تێدایە، دوای مشتومڕێكی زۆر گەیشتنە ئەو بڕیارەی ئەنجامی لەسەدا 85ی دەنگەكان ڕابگەیەنن، ئەوەش بەهۆی بوونی سكاڵا‌و پێشێلكاریی زۆر لە هەڵبژاردنەكەدا، مانەوەی لەسەدا 15ی ئەنجامەكان‌و ئاشكرا نەكردنی، دواخراوە بۆ دوای یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان كە هەزارو 45 سكاڵایە.

 

وتەبێژیی كۆمسیۆن لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان ڕایگەیاند، دوای یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان گۆڕانكاریی بەسەر ئەنجامەكاندا دێت.

 

گۆڕان‌و نەوەی نوێ‌و بزووتنەوەو یەكگرتوو ناڕازین لە ئەنجامەكان‌و باسلە "ئەنجامدانی ساختەكاریی" دەكەن لەلایەن یەكێتی‌و پارتییەوە، نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە بەو ئەنجامانەوە جوڵانەوەكەیان ناچێتە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان‌و شەقام دەكاتە پەرلەمان، داواش لە خەڵك‌و لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكات هاوكارو پاڵپشتیان بن.

 

بزووتنەوەی گۆڕانیش مۆڵەت دەداتە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پووچەڵكردنەوەی "دەنگە ساختەكان"ی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و دەڵێت، زیاتر لە 200 هەزار دەنگە، وتەبێژی بزووتنەوەكە یەك ڕۆژ دوای هەڵبژاردن ڕایگەیاند"ئەگەر پارتی و یەكێتی نكوڵی بكەن و دەنگە ساختەكان تا چەند كاتژمێرێكی دیكە پوچەڵ نەكەنەوە، یەكێك لە بژاردە پەسەندەكانی گۆڕان ڕەتكردنەوەی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی دەبێت."

 

تا ئێستا گۆڕان هەڵوێستی كۆتایی لەو بارەیەوە ئاشكرا نەكردووە، هەرچی بزووتنەوەی ئیسلامییە كە لەگەڵ یەكگرتوو یەك لیستیان هەبوو، بەهەمانشێوە ئەنجامەكان ڕەتدەكاتەوە، یەكگرتووی ئیسلامیش بڕیارە لە كۆبوونەوەیەكی باڵای حیزبەكەیدا بڕیاری كۆتایی بدات.

 

هەڵوێستی پێشوەختەی ئەو حیزبانە لەسەر ئەو ئەنجامانەبوو كە ڕاگەیاندنەكان لە دوای پڕۆسەكەوە دەستیانكرد بە بڵاوكردنەوەی.