یەكگرتوو بە فەرمی ڕەتكردنەوەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند

06-10-2018 11:54
سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان ڕەتدەكاتەوە بەهۆی "ئەو هەموو پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە ڕووبەڕووی پڕۆسەكە بووەتەوە."

 

بڕیارەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو دوای كۆبوونەوەیەكی نائاسایی دورودرێژی ئەو حیزبە هات كە بەدرێژایی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، سەبارەت بە بژاردەكانی بەردەمیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنەكان، هەر لە بایكۆتكردنی تێكڕای پڕۆسەی سیاسی یان هەر هەڵوێستێكی تر، كۆبوونەوەكە بڕیاریداوە بە ئەنجامدانی ئەو ڕێكارانەی كە لە پێڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبەدا دیاریكراوەو هەرچی زووە بڕیار و هەڵوێستی ڕۆشن لەو بارەیەوە ڕابگەیەنێت.

 

كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكگرتوو بە ئامادەبوونی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە بەڕێوەچووە، تێیدا دان نراوە بە پاشەكشەی دەنگەكانی یەكگرتوو، "بۆئەو مەبەستە سەركردایەتی بڕیاریدا هەموو هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی دەرهاویشتەكانی ئەم پاشەكشەیە و ئەنجامدانی گۆڕانكاری پێویست لە تێكڕای ئۆرگانە حیزبیەكان و دانانی پلانی پێویست بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆنوێكردنەوە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە خراپە و گرێدانی كۆبوونەوەی گشتی لە زووترین كاتدا."

 

بڕیارەكەی یەكگرتوو بە ڕەتكردنەوەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكە دوای ئەوەدێت كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لەسەدا 85ی ئەنجامە بەراییەكانی ڕاگەیاند، یەكگرتوو كە پێكەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی یەك لیستیان هەبوو بەناوی (بەرەو ئیسلاح) دەنگەكانیان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە. لیستی بەرەو ئیسلاح 69 هەزارو 477 دەنگی بەدەستهێناوە لە ئەنجامی سەدا 85ی دەنگەكان.

 

ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن كە نوێنەری 5 حیزبە سەرەكییەكەی هەرێمی تێدایە، دوای مشتومڕێكی زۆر گەیشتنە ئەو بڕیارەی ئەنجامی لەسەدا 85ی دەنگەكان ڕابگەیەنن، ئەوەش بەهۆی بوونی سكاڵا‌و پێشێلكاریی زۆر لە هەڵبژاردنەكەدا، مانەوەی لەسەدا 15ی ئەنجامەكان‌و ئاشكرا نەكردنی، دواخراوە بۆ دوای یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان كە هەزارو 45 سكاڵایە.

 

شیروان زرار، وتەبێژیی كۆمسیۆن لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان ڕایگەیاند، دوای یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان گۆڕانكاریی بەسەر ئەنجامەكاندا دێت.

 

هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان‌و نەوەی نوێ هاوشێوەی یەكگرتوو‌ ناڕازین لە ئەنجامەكان‌و باسلە "ئەنجامدانی ساختەكاریی" دەكەن لەلایەن یەكێتی‌و پارتییەوە، نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە بەو ئەنجامانەوە جوڵانەوەكەیان ناچێتە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان‌و شەقام دەكاتە پەرلەمان، داواش لە خەڵك‌و لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكات هاوكارو پاڵپشتیان بن.

 

بزووتنەوەی گۆڕانیش مۆڵەت دەداتە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پووچەڵكردنەوەی "دەنگە ساختەكان"ی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و دەڵێت، زیاتر لە 200 هەزار دەنگە، وتەبێژی بزووتنەوەكە یەك ڕۆژ دوای هەڵبژاردن ڕایگەیاند"ئەگەر پارتی و یەكێتی نكوڵی بكەن و دەنگە ساختەكان تا چەند كاتژمێرێكی دیكە پوچەڵ نەكەنەوە، یەكێك لە بژاردە پەسەندەكانی گۆڕان ڕەتكردنەوەی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی دەبێت."

 

تا ئێستا گۆڕان هەڵوێستی كۆتایی لەو بارەیەوە ئاشكرا نەكردووەو چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی‌و یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان دەكات.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەی سەركردایەتیی یەكگرتوو

بسم الله الرحمن الرحیم

بەلاغی كۆبوونەوەی نائاسایی

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

 

ئەمڕۆ شەممە 6/10/2018 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەعید عەلی عەبۆ سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد بە مەبەستی تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30/9 دا ئەنجام درا .

 

سەرەتا كۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرجەم ڕێكخستنەكان و ئۆرگانەكانی حیزب و كاندیدە بەرێزەكان و دەنگدەرانی لیستی ( بەرەو ئیصلاح ) كرد و هەوڵ و ماندووبوونەكانیانی بەرزنرخاند.

 

پاشان كۆبوونەوە هەڵوەستەی كرد لەسەر ئەنجامە بەراییە ڕاگەیەنراوەكان و نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرانبەر ئەو پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە لایەنەكانی دەسەڵات ئەنجامیان داوە و بووەتە هۆی ناشیرنكردنی پڕۆسەكە و زیادكردنی ڕێژەی دەنگی لایەنەكانی دەسەڵات بە شێوەیەكی نایاسایی و دوور لە پێوەرەكانی دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ.

 

لەوبارەیەوە كۆبوونەوە بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی دەرئەنجامە سەرەتاییە ڕاگەیێنراوەكانی هەڵبژاردنەكە، بەهۆی ئەو هەموو پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە ڕووبەڕووی پڕۆسەكە بووەتەوە.

 

لە تەوەرێكی تردا كۆبوونەوە ڕاوەستا لەسەر دابەزینی ڕێژەی دەنگەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكرا و، لەو بارەیەوە كۆبوونەوە ڕایگەیاند كە سەركردایەتی یەكگرتوو ڕاشكاوانە داندەنێت بەو پاشەكشە نەخوازراوەدا و ئامادەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی هەر بەرپرسیارێتیەك لەو بارەیەوە ڕووی تێبكات.

 

بۆئەو مەبەستە سەركردایەتی بڕیاریدا هەموو هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی دەرهاویشتەكانی ئەم پاشەكشەیە و ئەنجامدانی گۆڕانكاری پێویست لە تێكڕای ئۆرگانە حیزبیەكان و دانانی پلانی پێویست بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆنوێكردنەوە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە خراپە و گرێدانی كۆبوونەوەی گشتی لە زووترین كاتدا.

 

سەبارەت بە بژاردەكانی بەردەم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنەكان، هەر لە بایكۆتكردنی تێكڕای پڕۆسەی سیاسی یان هەر هەڵوێستێكی تر، كۆبوونەوە بڕیاریدا بە ئەنجامدانی ئەو ڕێكارانەی كە لە پێڕەوی ناوخۆی حیزبدا دیاریكراوە و هەرچی زووە بڕیار و هەڵوێستی ڕۆشن لەو بارەیەوە ڕابگەیەنێت.

 

لەكۆتاییدا كۆبوونەوە داوای كرد كە ڕێكخستنەكان و ئۆرگانەكانی حیزب هەموو پێكەوە بە گوڕ و تینەوە پێشوازی لە قۆناغی نوێ بكەین و ئەرك و بەرپرسیاریەتیەكان جێبەجێ بكەین و بەشكۆ و هیمەتی بەرزەوە پەیام و ئامانجەكانی یەكگرتوو بە ئەنجام بگەیەنین.