سكاڵاو سندوقی سور ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان "دەگۆڕن"

10-10-2018 03:07
دەنگدان بۆ پەرلەمان لە قوتابخانەی شیرین لە سلێمانی/ 30-9-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ساختەكارییانەیە كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كراون، هێشتا ئەنجامەكانی هەولێرو سلێمانی داخڵی سیستمی كۆمسیۆن نەكراون‌و بەشێك لەو فۆرمانەی ئەنجامەكانیان لەسەرە هەڵەیان تێدایە.

 

كۆمسیۆن كۆتایی بە پۆلێنكردنی سكاڵاكان هێناوە، 348 سكاڵای زەرد، 270ی سەوز‌و 161 سكاڵای سور هەن كە لەسەر بنكەكانی دەنگدان تۆماركراون، بەدەر لەوانەش 225 سندوقی سور هەن، سورەكان كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت.

 

سەرچاوەیەكی باڵا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، تەواوی ئەو ڕێگایانە دەزانن كە بەكارهێنراون‌و ساختەكارییان پێكراوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەدا، وتی"ماوەتەوە دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ساختەكارییەكان بەبێ ئەوەی كاریگەری لەسەر دەنگە دروستەكان بكات، واتە نامانەوێت بەهۆی دەنگی ساختەوە دەنگی دروستیش بسوتێنین، هەوڵدەدەین جیایان بكەینەوە."

 

كۆمسیۆن تائێستا ئەنجامی بەرایی لەسەدا 85ی هەڵبژاردنەكەی ڕاگەیاندووە، ئەو سەرچاوە باڵایە باسیلەوەكرد هێشتا دیارنییە كەی دەتوانن ئەنجامی كۆتایی ڕابگەیەنن، وتیشی"بەدەر لە سكاڵاكان‌و سندوقی سور كە دەبێت یەكلایی بكرێنەوە، بەشێكی زۆر لە فۆرمەكان هەڵەیان تێدایەو كاتێك داخڵ دەكرێن سیستمەكە قبوڵی ناكات بەهۆی بوونی هەڵەوە."

 

دەربارەی ئەو هەڵانەی لە فۆرمەكاندا هەیە، ئەو سەرچاوەیە وتی"بۆ نمونە، لە دەنگی قەوارەو كاندید، ئەگەر كاندیدو قەوارە 20 دەنگیان هێنابێت‌و ئێستا كاندید كرابێت بە 21‌و قەوارە هەر 20 دەنگەكە بێت، سیستمەكە قبوڵی ناكات‌و داخڵ نابێت، ئەم حاڵەت بوونی هەیەو هەڵەی دیكەش هەن، لیژنەیەك سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانەن، وردبینی‌و پێداچوونەوە دەكەن."

 

ئەو ئەنجامە بەراییەی كۆمسیۆن ڕایگەیاندووە، لەسەر بنەمای فۆرمی ژمارە 53 بووە كە دەنگی بەدەستهاتووی قەوارەكانی تێدایە لەسەر ئاستی بنكەی دەنگدان.

 

بەدەر لەو فۆرمە سێ فۆرمی دیكەش هەن، ژمارە 51 دەنگی قەوارەكانە لەسەر ئاستی وێستگەی دەنگدان(واتە هەر سندوقێك) ژمارە 52 دەنگی بەدەستهاتووی كاندیدەكانە، ژمارە 50 ئەوەی لەسەر تۆماركراوە هەر بنكەیەك چەند فۆرمی دەنگدانی بۆ چووەو ژمارەی دەنگدەرانی چەند بووەو چەندیان نێرو چەندیان مێ بوون.

 

ئەو چوار جۆر فۆرمە لە هەر بنكەیەكی دەنگداندا بوونیان هەبووەو ئەنجامی سەر هەر چواریان داخڵی سیستمێكی تایبەت دەكرێن لە نوسینگەی نیشتمانی كۆمسیۆن لە هەولێر، پاشان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە دەردەكەوێت.

 

سەرچاوە باڵاكەی كۆمسیۆن باسیلەوەكرد، هەڵەو ساختەكاریی پڕۆسەكەیان خاو كردووەتەوە، وتی"تائێستا هیچ ئەنجامێكی هەولێرو سلێمانی داخڵی سیستمەكە نەكراوە، لە هەڵەبجەو دهۆكەوە دەستمان پێكرد، هەڵەبجە كۆتایی هاتووە."

 

دەربارەی ئەو زانیارییانەی هەندێك لە حزب‌و كاندیدەكان بڵاوی دەكەنەوە لەبارەی دەرچوونی كاندیدەكانیان‌و ڕێژەی دەنگیان، سەرچاوەكەی كۆمسیۆن وتی"ئەوانە هیچی ڕاست نین، تا هەمووی داخڵی سیستمەكە نەكرێت ئەنجامی كاندیدەكان دەرناچێت."

 

حزبەكان لە چاودێرانی خۆیانەوە كە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان بوون ئەنجامەكانیان وەرگرتووە، بەڵام ئەو سەرچاوەیە وتی"حزبەكان ئەگەر هەموو فۆرمەكانیان بۆ گەڕابێتەوە دەتوانن بزانن كام كاندید لەوەی دیكە دەنگی زیاترە، بەڵام بە وردی‌و بە ژمارە نازانن چەندە، هەر ژمارەیەك بڵاوبكرێتەوە دوورە لە ڕاستی، گواستنەوەی داتاكانیش لە چاودێری حزبەكانەوە ئەگەری هەڵەكردنی زۆر تێدایە."

 

ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی لەسەدا 85ی دەنگەكان، دوای تێپەڕبوونی 25 كاتژمێر هات لە وادەی یاسایی بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، بەڵام بۆ ئەنجامی كۆتایی كۆمسیۆن پابەند نییە بە كاتێكی دیاریكراوەوەو نایەوێت خێرایی لە ڕاگەیاندنی ئەنجام لەسەر وردبینی‌و پاكیی پڕۆسەكە بكەوێت.

 

"دەستكراوە بە لێكۆڵینەوە لە سكاڵا سورەكان‌و ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیار دەدات لەسەر ئەنجامی ئەو سكاڵایانە" شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەمڕۆ بۆ كەناڵی ڕووداو وای وت، ئەوەشی خستەڕوو، سكاڵاكان كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەبێت‌و "4 بۆ 5" كورسیی لایەنەكان دەگۆڕدرێت لەوەی ئێستا ڕاگەیەندراوە.

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران كە نوێنەری 5 حیزبی سەرەكی هەرێمی تێدایە، دوای مشتومڕێكی زۆر گەیشتە ئەو بڕیارەی ئەنجامی لەسەدا 85ی دەنگەكان ڕابگەیەنێت، ئەوەش بەهۆی بوونی سكاڵا‌و پێشێلكاریی زۆر لە هەڵبژاردنەكەدا، مانەوەی لەسەدا 15ی ئەنجامەكان‌و ئاشكرا نەكردنی، دواخراوە بۆ دوای یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان.

 

شەوی پێش هەڵبژاردن كۆمسیۆن بڕیاریدا پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بێت، بەڵام سێ ڕۆژ لەمەوبەر دادگا لەسەر تانەیەكی لیستی یەكێتی نیشتمانی ئەو بڕیارەی كۆمسیۆنی هەڵوەشاندەوەو تەئكیدی لەوە كردووەتەوە پەسەندكردنی ئەنجامەكان بە دەنگی 50+1ی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت هەروەك لە یاسادا هاتووە.

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران لە 9 ئەندام پێكدێت‌و سەرۆكەكەی‌و دوو ئەندام لە پشكی پارتین، هەریەكە لە یەكێتی‌و گۆڕان یەكی دوو ئەندامیان هەیەو كۆمەڵ‌و یەكگرتووش هەریەكەی ئەندامێكیان هەیە، لەدوای دەستبەكاربوونیان سوێندیان خواردووە سەربەخۆو بێلایەن بن، بەپێی یاسا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە ئامادەبوونی 5 ئەندام یاسایی دەبێت‌و بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەكان پەسەند دەكرێن.

 

گۆڕان‌و نەوەی نوێ‌و بزووتنەوەو یەكگرتوو ناڕازین لە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە، باسلە "ئەنجامدانی ساختەكاریی" دەكەن لەلایەن یەكێتی‌و پارتییەوە، نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە بەو ئەنجامانەوە جوڵانەوەكەیان ناچێتە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان‌و شەقام دەكاتە پەرلەمان.

 

بزووتنەوەی گۆڕان مۆڵەتی داوەتە كۆمسیۆن بۆ پووچەڵكردنەوەی "دەنگە ساختەكان"ی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و دەڵێت، زیاتر لە 200 هەزار دەنگە، بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتوو ئەنجامی بەرایی ڕەتدەكەنەوە.

 

ئێستا لایەنە ناڕازییەكان چاویان لەسەر ئەوەیە ئەو گۆڕانكارییەی كۆمسیۆن دەڵێت لە ئەنجامی كۆتاییدا ڕوودەدات، لەبەرژەوەندیی ئەوان بێت‌و كورسییەكانیان زیاد بكات.