مامی بچوك باجی پۆستەكەی بەرهەم ساڵح دەدات؟

13-10-2018 07:01
بانگەشەی هەڵبژاردنی قوباد تاڵەبانی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئەو پەیامانەی پارتی دەیاننێرێت بۆ چۆنێتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ یەكێتی لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی هەرێم، ڕاستەوخۆ ڕوویان لە قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی‌و جێگری سەرۆكی حكومەتە كە چاوی لەو باڵاترین پۆستەیە دەبێتە پشكی حیزبەكەی.

 

قوباد كە یەكێتییەكان بە "مامی بچوك" ناوی دەبەن، وەك نەرمترین كەسایەتیی ماڵی تاڵەبانی دەردەكەوێت بەرامبەر پارتی، ئەوەش پەیڕەوكردنی سیاسەتی تاڵەبانی باوكە لە دەیەی كۆتایی تەمەنیدا بەرامبەر بارزانییەكان، بەڵام پێناچێت ئەمجارە ئەو نەرمونیانییە فریای قوباد بكەوێت، بەهۆی ململانێكانی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار.

 

هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی هەرێم ئاشكرا نەكراوە، بەڵام پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە پەیام گۆڕینەوە لە نێوان حیزبەكان بەتایبەت پارتی‌و گۆڕان دەستیپێكردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی هەرێم.

 

"گۆڕان ئامادەیە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی‌و ئەم پەیامەی گەیاندووەتە پارتی" سەرچاوەیەكی ئاگادار وادەڵێت، سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

 

ئەو حكومەتەی پارتی پێكیدەهێنێت پێناچێت بەبێ بەشداریی یەكێتی یان گۆڕان سەربگرێت كە دوو حیزبی خاوەن هەژمونن لە پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی بەپێی ژمارەی كورسی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ حیزبەكان دەكات بە یەكێتی نیشتمانیشەوە.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری پارتی، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد بڕیاری ئەوان ئەوەیە سەرۆكی حكومەتی داهاتوو دوو جێگری دەبێت، جێگرێك بۆ كاروباری كارگێڕی‌و ئەوەی دیكەیان بۆ كاروباری ئابوری، ئەو دوو جێگرە لەگەڵ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكرێنە بابەتی سەرەكیی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ.

 

پارتی ئەوەی بڕاندووەتەوە ئەگەر قوباد تاڵەبانی هەمان پۆستی ئێستای وەربگرێتەوە كە جێگری سەرۆكی حكومەتە، ئەوا هەمان ئەو دەسەڵاتەی نابێت كە چوار ساڵی ڕابردوو هەیبوو، "ئەمجارە پارتی جێگری سەرۆكی حكومەت دانانێت بەتامی سەرۆكی حكومەت لە پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە."

 

پارتی هێڵی سووری نییە بۆ بەشداری یەكێتی لە كابینەی نوێ، بەڵام بەپێی سەنگی خۆی لە پەرلەمان نەك زیاتر. حكومەتی داهاتووی هەرێم یان زۆرینە دەبێت‌و ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزی دەبێت، یان بنكە فراوان، بەڵام پارتی دەیەوێت خۆی بەهێزو خاوەن بڕیار بێت بەتایبەت لەو زۆنەی كە بە سەوزو نیلی ناودەبرێت.

 

هەڵوێستەكانی پارتی بەرامبەر یەكێتی‌و پەیامەكانی گۆڕان بۆ پارتی، وایكردووە یەكێتی بیر لە بژاردەو ڕێگاچارەی دیكە بكاتەوە، بۆئەوەش وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن قوباد تاڵەبانی لە بەرامبەر جێگری سەرۆكی حكومەت بووە بە بابەتی گفتوگۆ ناوخۆییەكانی ئەو حیزبە.

 

پێناچێت قوباد تاڵەبانی بە سەرۆكی پەرلەمان ڕازی ببێت ئەگەر بدرێتە حیزبەكەی، بەوپێیەی كاتێك سەرۆكایەتی لیستی یەكێتی دەكرد لە هەڵبژاردندا، شار بە شار دەگەڕاو پڕ بە گەروی هاواری بۆ "ئارامی، خزمەت‌و هەلی كار" دەكرد، جێبەجێكردنی ئەم دروشمانە زیاتر بە بوونی دەسەڵاتێكی فراوان‌و بەهێز دەكرێت لە ناو حكومەتدا نەك لە پەرلەمان.

 

لە جموجۆڵ‌و دەركەوتنە میدیاییەكانیدا، مامی بچوك وادەبینرێت زۆر لە خەمی پاراستنی پەیوەندییەكانی خۆی‌و حیزبەكەیەتی لەگەڵ پارتی، ئەوەش پێچەوانەی بەشێكی دیكەی ئەو دەسەڵاتدارانەی ناو یەكێتییە كە لەسەر ماڵی مام جەلال هەژماردەكرێن، هەندێك ئەو جیاوازییەی ناو ماڵی تاڵەبانی بە دابەشكردنی ڕۆڵ‌و هەندێكی دیكە بە جیاوازیی واقیعی دادەنێن.

 

یەكێتی لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال(كۆتایی 2012 نەخۆش كەوت‌و ساڵی ڕابردوو كۆچی دوایی كرد)، لە زۆر پرسدا بە ڕوونی دابەشی دوو بەرە بووە، ئەو حیزبە لەم چەند ساڵەدا بە زەحمەت بڕیارێكیداوە كە هەمووان كۆكبووبن لەسەری‌و وەك خۆی جێبەجێیان كردبێت(بۆ پۆستەكەی بەرهەم ساڵح لە هەمووكات یەكگرتووتر بوون).

 

لە دواین ململانێشیاندا لەگەڵ پارتی كە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بوو، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە كۆتا ساتدا لای بارزانیی گرت‌و پشتیكردە بەرهەم ساڵح، بەڵام بافڵی كوڕە گەورەی بە پێچەوانەوە یاریكەری سەرەكیی گەمەكەو پشتیوانی بەرهەم ساڵح بوو، لەو نێوەندەدا ڕۆڵی قوباد ڕوون‌و ئاشكرا نەبوو.

 

ڕەنگە چیدی پارتی بەو یارییە هەڵنەخەڵەتێت كە یەكێتی‌و ماڵی تاڵەبانی دەیكەن، بۆ هەر پرسێك لە نێوان خۆیاندا دابەش دەبن‌و دەوری جیاواز دەگێڕن، لە ئەنجامیشدا چۆن لە بەرژەوەندییان بێت ڕۆڵ دەگۆڕنەوەو لایەكیان دەبێتەوە بە واجیهەو خاوەن قسەی كۆتایی.

 

"بە تەئكید ئەوەی كە ڕوویدا كاریگەریی لە هەرێم دەبێت، مومكین نییە بەو شێوەیە ڕەفتار بكەین كە پێشتر كردوومانەو شك لەوەدا نییە، بەڵام با جارێ ئەنجامەكان ئاشكرا بكرێن" ئەمە یەكەم زەنگی ئاگادار كردنەوە بوو بۆ یەكێتی لەسەر زاری نێچیرڤان بارزانی لە كاردانەوەی ململانێكانی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار.

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پارتییە، حیزبەكەی بەپێی ئەنجامی بەرایی لە هەڵبژاردنی كوردستاندا دوو ئەوەندەی یەكێتی كورسی بەدەستهێناوە، چاوەڕواندەكرێت پارتی ئەو ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ.

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی شاندی حیزبەكەی دەكرد لە بەغدا بۆ پرسی سەرۆك كۆمار، لە یەكەم لێدوانی دوای یەكلایی بوونەوەی ئەوپرسە لە بەرژەوەندی یەكێتی، وتی"لە هەموو وێستگەكانی ڕابردوو یەكێتیمان وەكو هاوبەشی خۆمان ئەژماركردووەو بەپێی ئەو كورسییانەی هەیانە مامەڵەمان لەگەڵ نەكردوون، یەكێتی ئەمڕۆ ڕێگایەكی دیكەی هەڵبژارد بەرەو ئەوەچوو كە دەنگی هەیەو ئیرادەی خۆی فەرز دەكات، دەبێت ئەوەش لە ئێمە قبوڵ بكەن‌و پێموایە بڕیاری خۆیانداوەو پێیان تەبیعییە قبوڵی بكەن."

 

ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر ئەو پۆستە‌و ئەمە یەكەمجار بوو، هەربۆیە پرسەكە بوو بووە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندن‌و سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، دواجار بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی سەركەوت كە بۆئەو پۆستە وازی لە حیزبە نوێیەكەی هێناو گەڕایەوە ناو یەكێتی لەكاتێكدا حیزبەكەی ساڵێكی تەمەنی تەواو نەكردبوو، بۆئەو هەنگاوەشی باجێكی زۆریدا بە تایبەت لەناو خەڵكدا.

 

پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كە پارتی هەنگاوی بۆ دەنێت دەبێتە درێژكراوەی ململانێی پارتی‌و یەكێتی لە بەغداد، ئەو دوو حیزبە خاوەن هێزی چەكداری تایبەت بۆ خۆیانن‌و ناوچەی جوگرافی ژێر دەسەڵاتی خۆیان هەیە، خاوەنی پەیوەندی بەهێزی ئابورین، ئەوانە وادەكەن لانیكەم لەم قۆناغەدا دەستبەرداربوونی یەكجارییان لە یەكتر، هەروا ئاسان نەبێت، بەڵام ڕەنگە ببێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێی نێوانیان.