سێ ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان "ئامادەن دەستلەكار بكێشنەوە"

14-10-2018 06:42
ڕێكخەری گشتی‌و 3 ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا 25-7-2017 (عوسمان حاجی مەحمود دەستیلەكار كێشاوەتەوە). وێنە؛ جوانڕۆ محەمەد.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كۆبوونەوە ناوخۆییەكانی گۆڕان دەستپێدەكەن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن‌و ئەو فشارانەی لەسەر بزووتنەوەكە هەن دەربارەی ئەنجامدانی گۆڕانكاری ناوخۆیی، لەو چوارچێوەیەدا سێ ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان "ئامادەییان پیشانداوە دەستلەكار بكێشنەوە"و پۆستەكانیان چۆڵ بكەن بۆ خەڵكی دیكە.

 

دوای ئەوەی گۆڕان لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەبێ نەوشیروان مستەفا، دەنگەكانی زیاتر لەسەدا 50 كەمیكرد، دۆخێكی نوێ لەناو بزووتنەوەكە دروست بووە، ناڕەزاییە ناوخۆییەكان چوونەتە قۆناغێكی نوێ‌و فشارو داواكارییەكان بۆ گۆڕانكاریی چڕ بوونەتەوە.

 

ناڕازییەكان داوادەكەن، ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندن بەرپرسیارێتی ئەو "شكستە" لە ئەستۆ بگرن‌و گۆڕانكاریی لە پۆستە باڵاكاندا بكرێت.

 

بۆ تاوتوێ كردنی ئەو دۆخە نوێیە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەڕێوەدەچێت، سبەینێش ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە لەگەڵ ڕێكخەری ژورەكانی گۆڕان كۆدەبێتەوە، بڕیارە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان لە ماوەیەكی نزیكدا، هەنگاوی داهاتوویان بێت بە مەبەستی خۆڕێكخستنەوە.

 

سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"هەریەكە لە جەمالی حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، جەلال جەوهەر سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، محەمەد تۆفیق ڕەحیم سكرتێری كاروباری ژورەكان ئامادەییان پیشانداوە دەستلەكار بكێشنەوە."

 

ئەو بەرپرسانەی گۆڕان هەرسێكیان ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنن، ئەو سەرچاوەیە وتیشی"ئەوان واز لە گۆڕان ناهێنن‌و وەك پشتیوانی بزوتنەوەكە دەمێننەوە. خواستێك هەیە شوێنەكانیان بە گەنج‌و ژن پڕبكرێتەوە."

 

خانەی ڕاپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە، لە ڕێكخەری گشتی‌و 6 ئەندام پێكدێن، پێشتریش عوسمان حاجی مەحمود سكرتێری باژێڕوانەكان كە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بوو، بەهۆی "بێئومێد بوون"ی لە گۆڕانكاری ناوخۆیی‌و چارەسەركردنی كێشەكان دەستیلەكار كێشایەوە.

 

دەربارەی وازهێنانی عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی"كاك عومەر پێشتر وتویەتی ئامادەیە دەستلەكار بكێشێتەوە، بەڵام ئێستاو لەم دۆخەدا پێناچێت ئەو هەنگاوە بنێت."

 

لایخۆیەوە شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی گۆڕان، لە وەڵامی چۆنێتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئەو خواستەی بۆ گۆڕانكاری هەیە لەناو بزووتنەوەكەیان، بۆ پەرەگراف وتی"ئەمە پرسێكی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕانەو لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی‌و ناو ئۆرگانەكانی خۆمان باسیدەكەین، بۆ ڕاگەیاندن نییە."

 

لە بارەی دەستلەكار كێشانەوەی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، وتەبێژەكەی گۆڕان كە هاوكات ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنە، وتی"من ئاگاداری هیچ شتێكی وا نیم."

 

خانەی ڕاپەڕاندن باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنە لەناو گۆڕان، مانگی 7ی ساڵی ڕابردوو وەك یەكەم هەنگاوی خۆڕێكخستنەوە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، لەناو جڤاتی نیشتمانییەوە ئەندامەكانی هەڵبژێردران.

 

پڕۆسەی هەڵبژاردنی خانەكە بە ڕێككەوتنی پێشوەخت‌و فشارو دەستێوەردان بۆ دەرچواندن‌و كشانەوەی هەندێك لە كاندیدەكان یەكلایی كرایەوە، لە ماوەی كاركردنیاندا ئەندامانی خانەكە زۆربەی كات لە ناكۆكیدا بوون‌و ئەو خانەیە وەك ناتەباترین ئۆرگانی ناو گۆڕان دەركەوتووەو ڕوبەڕی ڕەخنە بووەتەوە.

 

چڕبوونەوەی داواكاری بۆ گۆڕانكاری لەناو گۆڕان لە كاتێكدایە، بزووتنەوەكە گیرۆدەی دوو جۆر ناڕەزایی فراوانی ناوخۆیی بووە، جۆرێكیان ئەو سەركردانەن كە ڕادەی نیگەرانییەكانیان گەیشتووەتە ئاستێك دەستیان لەكار كێشاوەتەوەو بەشدار نەبوون لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن.

 

جۆری دووەمی ناڕازییەكانی ناو گۆڕان، ئەوانەن كە دەستیان لەكار نەكێشاوەتەوە، بەڵام زۆرینەیان بایكۆتی گردی زەرگەتەیان كردووە كە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكەیانە، ئەمانە هەندێكیان بەشداربوون‌و هەندێكیان بەشدار نەبوون لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كە گرنگترین وێستگەبوو بۆ گۆڕان.

 

كێشەكانی ناو گۆڕان زۆرن، دیارترینیان شێوازی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكەو بڕیاردان، خاوەندارێتی میدیاو موڵك‌و ماڵی بە جێماو لە نەوشیروان مستەفان كە ڕای جیاوازیان لەسەرە.

 

زۆرێك لە ناڕازییەكانی ناو گۆڕان، كرۆكی كێشەكان بە دارایی‌و خاوەندارێتی ئەو موڵك‌و ماڵە دادەنێن كە لە نەوشیروان مستەفا بەجێماوەو بەناوی كۆمپانیای وشەوەیەو ئێستا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا خاوەندارێتی دەكەن، ئەوان پێیانوایە ئەو پرسە كاریگەریی لەسەر كێشەكانی دیكەش هەیەو هەتا دەستی بۆ نەبرێت‌و لە بەرژەوەندیی گۆڕان یەكلایی نەكرێتەوە، كێشەكان بەردەوام دەبن.