16ی ئۆكتۆبەر؛ ڕۆژێكی ڕەش بۆ گەلی كوردو خاكی كوردستان

16-10-2018 05:09
هێزە عێراقییەكان لە بەردەم پەیكەری پێشمەرگە لە كەركوك/ 16-10-2017.

 

پەرەگراف

 

16ی ئۆكتۆبەر چووەتە پاڵ چەندین ڕێكەوتی دیكەی مێژوویی كە لە یادەوەریی تاكی كورددا دەمێنێتەوە، ئەو ڕۆژە گەلی كورد لە ناوچەكانی جێناكۆك ئاوارەو دەربەدەر بوو، كەركوك كەوتەوە دەست عێراق‌و بووە سەرەتای لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستان، گروپێكی ناو یەكێتی تۆمەتباركران بە ئەنجامدانی "خیانەت"‌و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ نەیارانی كورد.

 

ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ڕووداوەدا كە شەهیدو برینداربوونی دەیان پێشمەرگەو هاوڵاتی لێكەوتەوە، سەدان ماڵ‌و دوكان‌و بازاڕی كورد لە كەركوك‌و بەتایبەت لە دوزخورماتوو وێران كران، چەكدارانی حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان دەستیان كرد بە ئەنجامدانی تاوان‌و تاڵانیی.

 

"ئێمە پێشبینیی هەموو ئەگەرێكمان كردبوو، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبووین دەستێكی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی كوردستان بدات" ئەمە بەشێكە لە پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم بۆ یەكەم ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەر.

 

بەرەبەیانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان بەرەو كەركوك جوڵەیان پێكرا، هەرچەندە سەرەتا چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەك ڕوویداو پێشمەرگە بەرگریی كرد، بەڵام لەپڕ هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوەو ناوچە ستراتیژییەكانیان بۆ هێزە عێراقییەكان چۆڵكردو دەستگیرا بەسەر تەواوی شاری كەركوكدا.

 

دوای پێشڕەوییەكانی حەشد‌و سوپا بۆناو شاری كەركوك، كوردانی ئەوشارە دەستیان بە چۆڵكردنی شارەكە كردو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسیان لە "خیانەت"ی دەسەڵاتداران كرد، دەیانوت: كەركوكیان فرۆشت.

 

ژمارەیەكی زۆر لە گەنجانی كەركوك خۆبەخشانە چەكیان هەڵگرت بۆ بەرگریی لەشارەكە، هاوكات لەچەند شوێنێك خەڵكی شارەكە هەوڵیاندا ڕێگریی بكەن لە هەڵهاتنی بەرپرسان‌و پێشمەرگە، بەڵام ئەوانە هیچیان نەبوونە بەربەست لەبەردەم پێشڕەوییەكانی حەشدو سوپا كە تاوەكو دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە تەواوی شارەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد.

 

پارتی‌و بەشێكی یەكێتی لە ناویاندا كۆسرەت ڕەسوڵ گروپێكی ناو یەكێتییان تۆمەتباركرد بە "خیانەتكردن"‌و "لە پشتەوە خەنجەردان لە كورد"، ئەوان مەبەستیان ماڵی مام جەلال بوو بەتایبەت (ئاراس شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) تۆمەتەكان لەلایەن ئەم كەسانەوە تائێستاش ڕەتدەكرێنەوە.

 

بەرپرسانی یەكێتی سەربە ماڵی تاڵەبانی شەوی بەرلە 16ی ئۆكتۆبەر داوایان لە خەڵكی كەركوك كرد چەك هەڵنەگرن‌و لەماڵەكانیان بمێننەوە، لەوانە ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، ئەوەش پێچەوانەی لێدوانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری شارەكەبوو كە بەهەمانشێوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، بەڵام لەم پرسەدا هاوڕای ئەوان نەبوو.

 

یەكەم ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەر

ئەو ڕۆژەی كە هەموو لایەك بە ڕەش‌و ناخۆش یادی دەكەنەوە، ساڵێكی تێپەڕاند، هێشتا هیچ لێكۆڵینەوەیەكی لەبارەوە نەكراوەو وەك زۆر پرسی دیكە تەنها لە شەڕی ڕاگەیاندنی حيزبەكاندا بەكاردێت بەتایبەت لە نێوان پارتی‌و بەشێك لە یەكێتی، هەرلایەك ئەوی تر تۆمەتباردەكات.

 

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەوكات سەرۆكی هەرێم بوو، ئەو ڕۆژە بە "ڕەش"‌و یادێكی "تاڵ" ناودەبات‌.

 

بارزانی، ئەمڕۆ لە پەیامێكدا ڕایگەیاند"شازدەی ئۆكتۆبەر ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی میللەتەكەمان. لەو ڕۆژەدا بوو كە خیانەتی نامەردانە، لە ئومێد و ئاواتەكانی گەلێكی مەزڵووم كرا. بەهۆی دەستێكی ناوخۆییەوە یارییەكی بێویژدانانە بە چارەنووسی گەلەكەمان كرا و ئەو خاكەی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە پارێزرا بوو، لە چوارچێوەی پیلانێكدا كەوتە ژێر داگیركاری و كاولكاری و سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی گەلی كوردستان."

 

سەرۆكی پارتی باسلەوەدەكات، 16ی ئۆكتۆبەر ئەو ڕۆژە تاریكەیە لە مێژووی گەلی كورددا كە هەرگیز لە یاد ناكرێت و دەبێت ببێتە وانە بۆ تاك تاكی گەلی كوردستان، "ئەوان ویستیان بە ناپاكی و داگیركاری و زەبروزەنگ، ئیرادەی گەلەكەمان بشكێنن كە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانە، بەڵام ئیرادەی گەلەكەمان بە زیندوویی ماوەتەوە و بە دڵنیاییشەوە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی، سەربەرزییە و ناپاكی و داگیركاریش سەرشۆڕی و شوورەییە."

 

ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی كە باسلە 16ی ئۆكتۆبەر دەكەن دەیبەستنەوە بە پرسی ڕیفراندۆمەوەو هێرشەكەی عێراق وەك لێكەوتەی ڕیفراندۆم لە قەڵەم دەدەن، یەكێتی كە ئێستا دژایەتیی ڕیفراندۆم دەكات لە سەروەختی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەدا پاڵپشتیی دەكرد‌و بەشێكی سەرەكی بوو لەو ئەنجومەنەی سەرپەرشتی پڕۆسەكەی دەكرد.

 

16ی ئۆكتۆبەر 3 هەفتە دوای ڕیفراندۆم ڕوویدا كە تێیدا كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان بەشداربوون‌و زۆرینەی زۆری بەشداربوان دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، پارتی ئەوە بەدەستكەوت‌و یەكێتی بە شكستی گەورە لەقەڵەم دەدات بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو ڕۆژان دواترەوە.

 

كاردانەوەی لایەنە كوردستانییەكان

كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك لەلایەن هێزە عێراقییەكان دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كاردانەوەی فراوانی خەڵك‌و حیزبەكانی لێكەوتەوەو ڕەخنەی تووند ئاڕاستەی حیزبە دەسەڵاتدارەكان كرا.

 

لایەنە كوردستانییەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی خۆیان پاراست لەوەی ئەوەی ڕوویدا بە خیانەت لە قەڵەمی بدەن یان نا.

 

بزوتنەوەی گۆڕان داوایكرد هەموو دامودەزگاكانی دەسەڵات‌و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنەوەو حكومەتێكی ڕزگاری نیشتمانی كاتیی دابمەزرێ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردی گشتی، هەروەها داوای لە حكومەتی عێراق كرد دەسبەجێ پەلامارەكانیان بۆ سەر خاك‌و هاوڵاتیانی كوردستان ڕابگرن‌و لەو شوێنانە بكشێنەوە كە كۆنتڕۆڵیان كردوەو گفتوگۆ بكەنە بەدیلی شەڕو خوێنڕشتن.

 

یەكگرتوی ئیسلامیش كۆبوونەوەی بەپەلەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی بە پێویست زانی، ڕایگەیاند، ئەوەی لە كەركوك ڕوویدا بۆ لەباربردنی دەستەكەوتەكانەو پێشهاتێكی مەترسیدارە و جێگای داخ‌و حەسرەتە.

 

كۆمەڵیش ڕووداوەكەی بە كارەساتێكی‌ گەورەو هەنگاوێكی‌ مەترسیدار و پاشەكشە لە ناوچە كوردستانییەكان ناوبرد.

 

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە ئەوكات بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكرد، داوای كرد دەستبەجێ جوڵەی عەسكەری ڕابگیرێت‌و هێزەكان بكشێنەوە، وەك ڕێگەچارەی خێرا داوای دروستكردنی حكومەتێكی ئینتقالی كرد لە هەرێم كە ئەركی دایەلۆگی بنیاتنەرانەبێت لەگەڵ بەغدا تاوەكو هەڵبژاردنی بیگەرد ئەنجام دەدرێت.

 

هەڵوێستی توركیاو ئێران

كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە كاردانەوەی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتەوەو یەك ڕۆژ دواتر توركیا پشتیوانیی بۆ پێشڕەوییەكانی بەغداد ڕاگەیاند، ئێرانیش وتی، زۆربەی كورد دژی تاكڕەوییەكانی بارزانین‌و بێ شەڕ ناوچەكانیان ڕادەستی بەغداد كردووە.

 

لە 17ی ئۆكتۆبەر حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوام بوون‌و بەبێ بەرگریی پێشمەرگەو هێزەكانی هەرێم، چوونەناو قەزاكانی شەنگال و خانەقین و چەند ناوچەیەكی دیكەو كۆنتڕۆڵیانكردن.

 

لەكاردانەوەی ئەو ڕووداوانەدا، بینالی یڵدرم سەرۆكی گشتیی ئاك پارتی‌و سەرۆكوەزیرانی توركیا، ڕایگەیاند"زانیاریی ئەوە هاتووە كە كەركوك بە تەواوی لە پەكەكە و هێزەكانی پێشمەرگە پاككراوەتەوە" وتیشی"كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك لە لایەن حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، پێشهاتێكی ئەرێنییە."

 

یڵدرم باسی لەوەشكرد سەرەڕای دژبوونی هەموو جیهان، بەڵام بەهۆی پێداگری مەسعود بارزانی‌و تیمەكەی "ڕێگەی هەڵە گیرایەبەر"و ڕیفراندۆم كرا.

 

ئێران‌و توركیا لەگەڵ دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كوردستان دژی پڕۆسەكە وەستانەوەو فشارەكانیان تووند كردەوە بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لە بڕیارەكەی، بەڵام كورد بە پێداگریی بارزانی نەچووە ژێر باری فشارەكان، دوای ڕیفراندۆمیش ئەو دوو وڵاتە بەردەوامبوون لە دژایەتییەكانیان‌و پاڵپشتی‌و هاوكاریی بەغدایانكرد بۆ سزادانی هەرێم.

 

هەرلە كاردانەوەی كۆنتڕۆڵكردنی شاری كەركوك لەلایەن عێراقەوە، عەلی ئەكبەر ولایەتی ڕاوێژكاری نێونەتەوەیی ڕێبەری باڵای ئێران، لەگەڵ ئەوەی ڕەتیكردەوە سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی هیچ دەستێوەردانێكی لە ئۆپەراسیۆنی كەركوك هەبووبێت، هاوكات وتی"زۆربەی خەڵكی كوردی عێراق خۆیان دژی تاكڕەوییەكانی بارزانین و دیمان كە خۆیان بێ شەڕ ناوچەكانیان ڕادەستی دەوڵەتی بەغدا كردەوە، بارزانی دەبێت قبوڵی بكات كە هەڵەی كردووەو دان بنێت بەم هەڵەی خۆیداو خەسارەكان پڕ بكاتەوە."

 

ئێران بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لە ڕووداوی 16ی ئۆكتۆبەر، قاسم سلێمانی پێشتر چەندین هەڕەشەی تووندی ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێم كرد بوو، هێرشی سەر كەركوك جێبەجێ كردنی كۆتا هەڕەشەكان بوون.

 

هاوكات لە یەكەم بەیاننامەی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بارەی هێرشی حەشد‌و سوپا بۆسەر شاری كەركوك، باسلەوە كرا، ئەو پەلامارە لەلایەن حكومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە.

 

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە وتیشی"بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە."