گۆڕان: یەكێتی كەركوكی تەسلیم كردو تاوانی ناپاكی نەتەوەیی ئەنجامدا

16-10-2018 09:24

 

پەرەگراف

 

بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەردا بۆ یەكەمجار بە فەرمی ئەو ڕووداوە بە سەفقەی ژێر بەژێری یەكێتی‌و تەسلیمكردنەوەی كەركوك ناودەبات‌و بە "تاوانی ناپاكی نەتەوەیی" لە قەڵەمی دەدات.

 

گۆڕان لە ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەردا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت، پێویستە یەكێتی دان بە هەڵەی سەفقەی ژێر بەژێری حیزبیی تەسلیمكردنەوەی كەركوك دا بنێت كە ئەو سیاسەتەیان تاوانێكە لە ئەنجامدا دەچێتە خانەی (ناپاكی نەتەوەیی) یەوە، هاوكات داوادەكات پارتی دان بە هەڵەی ئەنجامدانی كاتی نەگونجاوی ریفراندۆمدا بنێت، كە بوە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان.

 

هەڵوێستەكەی ئەمڕۆی گۆڕان جیاوازە لەو هەڵوێستەی ساڵی ڕابردوو لەكاتی ڕووداوەكەدا ڕایگەیاند، ئەوكات خۆی بەدورگرت لەوەی بە ناپاكی‌و تاوان لەقەڵەمی بدات، ئەوەش پێچەوانەی هەڵوێستی پارتی‌و بەشێكی یەكێتی بوو كە گروپێكی ناو یەكێتییان بە "خیانەتكردن" تۆمەتبار كرد.

 

بەرەبەیانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان بەرەو كەركوك جوڵەیان پێكرا، هەرچەندە سەرەتا چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەك ڕوویداو پێشمەرگە بەرگریی كرد، بەڵام لەپڕ هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوەو ناوچە ستراتیژییەكانیان بۆ هێزە عێراقییەكان چۆڵكردو دەستگیرا بەسەر تەواوی شاری كەركوكدا.

 

ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ڕووداوەدا كە شەهیدو برینداربوونی دەیان پێشمەرگەو هاوڵاتی لێكەوتەوە، سەدان ماڵ‌و دوكان‌و بازاڕی كورد لە كەركوك‌و بەتایبەت لە دوزخورماتوو وێران كران، چەكدارانی حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان دەستیان كرد بە ئەنجامدانی تاوان‌و تاڵانیی.

 

دوای پێشڕەوییەكانی حەشد‌و سوپا بۆناو شاری كەركوك، كوردانی ئەوشارە دەستیان بە چۆڵكردنی شارەكە كردو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسیان لە "خیانەت"ی دەسەڵاتداران كرد، دەیانوت: كەركوكیان فرۆشت.

 

پارتی‌و بەشێكی یەكێتی لە ناویاندا كۆسرەت ڕەسوڵ گروپێكی ناو یەكێتییان تۆمەتباركرد بە "خیانەتكردن"‌و "لە پشتەوە خەنجەردان لە كورد"، ئەوان مەبەستیان ماڵی مام جەلال بوو بەتایبەت (ئاراس شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) تۆمەتەكان لەلایەن ئەم كەسانەوە تائێستاش ڕەتدەكرێنەوە.

 

لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی لە ساتی ڕووداوەكەدا خۆیان بە دوورگرت لە باسكردن لە خیانەت‌و تۆمەتباركردنی لایەنێك، گۆڕان لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 داوایكرد هەموو دامودەزگاكانی دەسەڵات‌و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنەوەو حكومەتێكی ڕزگاری نیشتمانی كاتیی دابمەزرێ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردی گشتی.

 

گۆڕان ئەو ڕۆژە لە كاردانەوەی هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆسەر كەركوك ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، ئیدانەی هێرشەكانی كردو داوای لە حكومەتی عێراق كرد دەسبەجێ پەلامارەكانیان بۆ سەر خاك‌و هاوڵاتیانی كوردستان ڕابگرن‌و لەو شوێنانە بكشێنەوە كە كۆنتڕۆڵیان كردوەو گفتوگۆ بكەنە بەدیلی شەڕو خوێنڕشتن.

 

ڕاگەیەنراوی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكەم ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەردا

هاونیشتمانیانی كوردستان

ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر روداوی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 تێدەپەرێت، كە هەردو هێزە شكستخواردوەكەی هەرێم (یەكێتی و پارتی) ، كارەساتێكی گەورەیان بەسەر خەڵكی كوردستاندا هێناو، شاری كەركوك و تەواوی ناوچە كوردستانیەكانیە دابڕێنراوەكانیان، تەسلیمی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد!

 

روداوی ۱٦ی ئۆكتۆبەر، لەحەقیقەتدا دو روداوی لەدوای یەكە؛ یەكەمیان سیاسییە بەسەركردایەتی پارتی كە بریتی یە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەكاتیكی نەگونجاو دا. دوەمیشیان هێرش و پەلاماری هێزەكانی عێراقە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەو، رێككەوتنی تاكلایەنەی نهێنی نێوان یەكێتی و حكومەتی بەغدایە. ئەم یادە زامی رادەستكردنی شەنگال و خوشك و برا یەزیدییەكانمان وەبیردێنێتەوە لە جەستەی شەكەتی گەلەكەمان لەسەر دەستی ئەو دو حیزبە.

 

پێشتر كورد دەسەڵاتی ئەمنی و تا ئاستێكی زۆری ئیداری شاری كەركوك و ناوچە دابراوەكانی تری بەدەستەوە بو، كە بەخوێنی دەیان هەزار شەهیدی خەباتی شاخ و زەمانی روخانی بەعس و شەڕی تیرۆریستانی داعش هاتبونە دی، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سەفقەیەكی حیزبی و سیاسی دا، تەواوی ئەوناوچانەیان، كە نزیكەی (51%)ی سنوری خاكی باشوری كوردستانە، بەهۆی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە بێ بەرنامەیەی پارتی‌و یەكێتی‌ یەوە ئەو دەسكەوتانەیان لەدەست دا. كە بەرپرسیارێتی ئەم كارەساتەش لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە خوێن‌و فرمێسكی گەلەكەمانیان بۆ بەرژەوەندی كەسی‌و حیزبی خۆیان بەكارهێنا.

 

لەم ساڵڕۆژە خەمناكەدا ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنین كە:

یەك: حكومەتی ئیتیحادی عێراق كە بە هێزی سەربازی هەڵیكوتایە سەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، پێشێلی گەورەی یاسای كردوە، كە بەدەقی دەستوری مەنعی كردوە هێزی سەربازی لە یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان پێكهاتەكان بكاربهێنرێ و ئەم سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا كەبەدیار چاوی هێزەكانی هاوپەیمانانەوە ئەنجامیداو هاوپەیمانانیش روڵی تەماشاكەریان بینی.. دوبارە بەتوندی ئیدانەی دەكەین و پێیان رادەگەیەنین، ئەگەركوردو هێزی پێشمەرگە، ئەو ناوچانەیان رزگارو نەپاراستایە بێگومان بەدەست هێزی تیرۆریستی داعشەوە دەبو و، چارەنوسی رزگاركردنیشی وەك و شاری موسڵ وێران و خراپتر دەبو. ئایا پاداشتی كوردو پێشمەرگەتان لەرزگاركردن و پاراستنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ئاوا دایەوە!

 

دو: پێویستە حكومەتی بەغداد، رێز لە بنەماكانی دەستور بگرێ‌ و شاری كەركوك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان، لەروی ئەمنی و كارگێڕییەوە، بەهاوبەشی لەگەڵ هەرێم بەرێوەببرێن و ئەو دۆخە ئەمنی و عەسكەرتارییەتەی كە هێشتا بەناو شارەكانەوە دیارە كۆتایی پێبێ و دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان بەگشتی ئاسایی بكرێتەوە.

 

سێ: پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان دان بە هەڵەی ئەنجامدانی كاتی نەگونجاوی ریفراندۆمدا بنێت، كە بوە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان و، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش دان بە هەڵەی سەفقەی ژێر بەژێری حیزبیی تەسلیمكردنەوەی كەركوك دا بنێت. كە ئەو سیاسەتەیان تاوانێكە لە ئەنجامدا دەچێتە خانەی (ناپاكی نەتەوەیی) یەوە.

 

چوار: داوا دەكەین بەزویی و لەسەر بنەمای بەژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی خەڵكی كەركوك، یەكێتی و پارتی و كۆی پێكهاتە سیاسیەكان رێك بكەون لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك، كە لەم دۆخە خراپەدا هەمو رۆژێك دواخستنی ئەو بابەتە، بەزیانی دۆزی نەتەوەیی كوردو خەڵكی كەركوك دەشكێتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی پێویستە ئەو دو حیزبە جۆری مامەڵەكردنیان لەئیدارەی كەركوك لەبەرامبەر (توركمان و عەرەب و كلدوئاشوری) بگۆڕن، بەئامانجی بەدەستهێنانی سۆزو پشتیوانی سیاسی ئەو پێكهاتانە، نەك وەك ئەوەی ئێستا كە بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی یەكێتی و پارتی یەوە ئەو پێكهاتانە یان لەكورد بوغزاندوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
16_10_2018

 

دەقی ڕاگەیەندراوی گۆڕان لە 16-10-2017

هاونیشتمانیانی كوردستان

لە ئێستادا، بەهۆی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە بێ بەرنامەیەی پارتی‌و یەكێتی‌و هاوڕاكانیان لەم هەلومەرجە نەگونجاوەدا، هیچ كاتێك خەڵكی كوردستان‌و دەسكەوتەكانمان‌و دواڕۆژی گەلەكەمان هێندەی ئێستا لە بەردەم مەترسی‌و هەڕەشەی ترسناك‌و نادیاردا نەبوە.

 

هەمو ئەوانەش لە ئەنجامی سیاسەتی شكستخواردو و هەستنەكردن بە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی كوردستانە. لە ئێستادا نەك تەنها ژیان‌و ئاسایشی هاوڵاتیان‌، بەڵكو هەمو دەسكەوتەكانمان‌و ئەزمونی حوكمڕانی لەبەردەم ئاڵنگاری گەورەدان. بەرپرسیارێتی ئەو ئەگەرانەش لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە خوێن‌و فرمێسكی گەلەكەمانیان بۆ بەرژەوەندی كەسی‌و حیزبی بەكارهێنا.

 

هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و خەڵكی خۆراگری كوردستان بە گشتی‌و، هاوڵاتیانی پارێزگای كەركوك بە تایبەتی، لە شەڕی روبەڕوبونەوەی تیرۆریستان‌و داگیركەرانی كوردستاندا ببونە سیمبوڵی خۆڕاگری‌و شانازی گەلەكەمان. بەڵام دەسەڵاتدارانی كوردستان لە ئەنجامی سیاسەتە بەرژەوەندیخوازو شكستخواردوەكانیان‌و نەخوێندنەوە بۆ ئەگەرو پێشهاتەكان وایانكرد هەمو ئەو سەروەریانە بكەونە مەترسییەوە.

 

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی ئیدانەی ئەم پەلامارانە دەكەین‌و هاوخەمی خۆمان بۆ كەسوكاری شەهیدەكان‌و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەم شەڕە وێرانكارییە رابگرن‌و رێگە نەدەن حكومەتی عیراق ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیان بخاتە مەترسییەوە. هەروەها داوا لە حكومەتی بەغدا دەكەین دەسبەجێ پەلامارەكانیان بۆ سەر خاك‌و هاوڵاتیانی كوردستان رابگرن‌و لەو شوێنانە بكشێنەوە كە كۆنتڕۆڵیان كردوەو گفتوگۆ بكەنە بەدیلی شەڕو خوێنڕشتن. ناكرێ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكرێتە پاساو بۆ پێشێلكرنی دەسكەوت‌و مافە نیشتمانی‌و نەتەوەییەكانمان‌. لەو پێناوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیە بە ئەركی نیشتمانی خۆی هەستێ بۆ گفتوگۆ لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەكان.

 

هەمو هێزو كەسایەتی‌و لایەنە سیاسییە نیشتمانییەكانی كوردستان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بە ئەركو بەرپرسیاریێتی نیشتمانی خۆیان هەستن‌و نەخشەیەكی گشتگیر بۆ دەربازكردنی گەلەكەمان دارێژین‌و هەنگاوی كرداری بنێین بۆ دەرچون لەم قەیرانە ترسناكە. نابێ لەژێر هیچ فشارێكدا دەسبەرداری مافە دەستوریییەكانمان‌و ئەو دەسكەوتانە بین، كە بە خوێنی رۆڵەكانی گەلەكەمان بەدەستهاتون.

 

هەمو دامودەزگاكانی دەسەڵات‌و حوكمڕانی هەڵبوەشێتەوەو لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی تەندروست دابڕێژرێنەوەو دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوانەی بەرپرسن لەوەی ئەم رۆژەیان بەسەر گەلەكەماندا هێنا دەستلەكاربكێشنەوە، وەك چۆن خۆیان لە راگەیاندنەكاندا دەیانوت ئەنجامی خراپی ریفراندۆم لە ئەستۆ دەگرن. هەروەها داوا دەكەین حكومەتێكی رزگاری نیشتمانی كاتی دابمەزرێ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردی گشتی.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٦/١٠/٢٠١٧