نماو چیا دەیانەوێت كەناڵێكی نوێ بكەنەوە‌و دەستبەرداری میدیای گۆڕان دەبن

18-10-2018 06:48

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا كار بۆ كردنەوەی كەناڵێكی ئاسمانی دەكەن‌و كارەكانی كردنەوەی ماڵپەڕێكی هەواڵییان "تەواو كردووە"، بەوەش دەیانەوێت لە ململانێی خاوەندارێتی میدیای گۆڕان بكشێنەوە، بەپێی زیاتر لە دوو سەرچاوەی ئاگادار.

 

ئەو بڕیارەی نماو چیا لەكاتێكدایە خاوەندارێتی میدیا، یەكێك لە پرسە گەرم‌و ناكۆكی لەسەرەكانی ناو گۆڕانە، لە نێوان كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو چەند بەرپرسێكی ئەو بزووتنەوەیە.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف وتی"نماو چیا بڕیاریانداوە كەناڵێكی ئاسمانی بكەنەوەو كارەكانی كردنەوەی ماڵپەڕێكیشیان تەواو كردووە."

 

ئەو سەرچاوەیە كە بەرپرسێكی باڵای گۆڕانە، وتیشی"كوڕەكانی كاك نەوشیروان بۆ ئەو پڕۆژە نوێیەیان قسەیان لەگەڵ چەند كەسێكی شارەزا كردووە كە هاوكارییان بكەن، پێدەچێت ماڵپەڕەكە ناو بنێن زەرگەتە، هێشتا ناو بۆ تەلەفزیۆنەكە دانەنراوە" سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

 

هەنگاوە نوێیەكەی نماو چیا، میدیاكانی گۆڕان (كەی ئێن ئێن، سایتی سبەی‌و ڕادیۆی گۆڕان) ڕوبەڕوی چارەنوسێكی نادیار دەكاتەوە، بەوپێیەی پارەو سەرچاوەی دارایی ئەو كەناڵانە ئەوان دابینی دەكەن، "كاتێك خۆیان میدیایان هەبێت، پشتیوانی دارایی میدیای گۆڕان ناكەن."

 

پارەی دەستی نماو چیا ئەو موڵك‌و ماڵەیە كە لەدوای كۆچی دوایی باوكیان بۆیان بەجێماوە، خاوەندارێتی ئەو موڵك‌و ماڵە هەڵایەكی زۆری لەناو گۆڕان دروست كردو تائێستاش لێكەوتەكانی بەردەوامن.

 

ئێستا گۆڕان بەدوای سەرچاوەی داراییدا دەگەڕێت بۆ بەڕێوەبردنی میدیاكانی، بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیە لە هەندێك كۆبونەوەی ناوخۆییدا ئاماژەیان بەوەكردووە نزیكبونەتەوە لە پەیداكردنی سەرچاوەی دارایی.

 

"لەمەودوا نماو چیا پشتیوانی دارایی میدیای گۆڕان ناكەن، ئەگەر بزووتنەوەكە سەرچاوەی دارایی بۆ پەیدا بكرێت كە ئێستا لە هەوڵی چڕدایە، ئەوا میدیاكانی دەمێنێتەوەو كوڕەكانی كاك نەوشیروانیش میدیای خۆیان دەبێت، ئەگەر گۆڕان سەرچاوەی دارایی بۆ دابین نەكرێت، میدیاكان بە یەكجاریی دەداتەوە دەست نماو چیاو خۆیان گۆڕانكاری ڕیشەیی تێدا دەكەن" سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی هەنگاوە نوێیەكەی نماو چیایە بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پێیانباشترە میدیایەكی نوێ بكەنەوە، وتی"لەلایەك بۆئەوەی خۆیان ڕزگار بكەن لەو ڕەخنانەی ڕوبەڕویان دەبێتەوە كە دەوترێت دەیانەوێت میدیای گۆڕان كۆنتڕۆڵ بكەن، لەلایەكی دیكەش پێیانوایە كەی ئێن ئێن كەوتووەو هەڵسانەوەی ئاسان نییە‌و ئەو شێوازی كاركردنەی كەناڵەكەیان پێباش نییە، دەیانەوێت میدیایەكی پیشەییان هەبێت."

 

چارەنوسی میدیاكانی گۆڕان لەبەردەم چەند ئەگەرێكدایە كە بەهێزترینیان مانەوەیانە، بەڵام بە لاوازی، ئەوەش بە سەركەوتنی گۆڕان لە پەیداكردنی سەرچاوەی دارایی نوێ، بەپێچەوانەوە یان میدیاكانی ڕوبەڕوی داخستن دەبنەوە، یاخود بە تەواوی دەبن بە میدیای كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت"نماو چیا پێیان باش نییە ئەو خاوەندارێتییە وەربگرن‌و ئەمە دورترین ئەگەرە."

 

ئەوانە لە كاتێكدان ئێستا میدیاكانی گۆڕان(كەی ئێن ئێن‌و سایتی سبەی) مووچەی 4 مانگ‌و 18 ڕۆژی كارمەندەكانیان قەرزارن(سێ مووچەیان هی 2015‌و 2016یە)، كۆتا مووچە لە 11-9-2018 پێیاندراوە كە مووچەی مانگی 8 بووە.(ڕادیۆی گۆڕان زیاتر قەرزارە).

 

لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، خاوەندارێتی میدیای گۆڕان لەپاڵ موڵك‌و ماڵی لە نەوشیروان مستەفا بەجێماو، بوونە كێشەی گەورە لەناو ئەو بزوتنەوەیە، ئێستا موڵك‌و ماڵ بەناوی كۆمپانیای وشەوەیە كە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا خاوەندارێتی دەكەن.

 

موڵك‌و پارەی دەستی نەوشیروان مستەفا بۆ دامەزراندنی گۆڕان ئەوەبوو كە ساڵی 2006 لە مام جەلالی وەرگرتبوو؛ 10 ملیۆن دۆلار لەگەڵ گردی زەرگەتەو تەلاری چاودێری دارایی لە سلێمانی، دواتریش بۆ دەستخستنی داهات بووە خاوەنی پشكی لەسەدا 25ی سۆپەرماركێتێك بەناوی میترۆ لە تەنیشت گردەكە، پاشان مۆڵەتی كارگەیەكی چیمەنتۆی وەرگرت(ئێستا پشكیان هەیە لە كارگەی گاسن)، ئەمانە بەناوی كۆمپانیای وشەوەن كە ئەویش بەناوی خودی نەوشیروان مستەفاوە بوو ئێستا بەناوی نماو چیاوەیە.