فەرماندەیی پێشمەرگە: بەرگرییەكەی پردێ پیلانی داگیركردنی كوردستانی لەگۆڕنا

20-10-2018 05:21
بەكارهێنانی موشەكی مالیۆتكا لەلایەن پێشمەرگەوە لە شەڕی پردێ، 20-10-2017. وێنە؛ فازڵ هۆرامی.

 

پەرەگراف

 

فەرماندەیی ژوری ئوپەراسیۆنەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ساڵیادی شەڕی پردێدا ڕایگەیاند، ئەو بەرگرییەی ئەو ڕۆژە پێشمەرگە كردی پیلانی نەیارانی بۆ داگیركردنی هەولێرو كوردستان لەگۆڕنا.

 

فەرماندەییەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا شەڕی پردێ بە "وەرچەرخانێكی گەورە" لە خەباتی گەلی كورد ناودەبات‌و یادی بەرز دەنرخێنێت، دەڵێت"خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر وایكرد نەیارانی گەلەكەمان، هەرێمی كوردستان بە پاروویەكی ئاسان بزانن‌و ویستیان داگیری بكەن. بۆیە ڕوویان كردە هەولێری پایتەخت، بەڵام لە بەرگرییە پڕ لە قارەمانیەكەی پردێدا پێشمەرگە پەلامارەكەی نەیار و داگیركارانی تێكشكاند و مەبەستی گڵاوی ئەوانی لەگۆڕنا." 

 

هاوکات مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لە ساڵیادی شەڕی پردێ ڕایگەیاند"بیستی ئۆکتۆبەر، ساڵیادی داستانی پردێ بەرز دەنرخێنین. هەزاران سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ئەو داستانەو سوپاس و پێزانین بۆ ئەو قارەمانانەی بەشداری داستانی پردێ بوون."

 

هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرزاییەكانی پردێ-وە 20-10-2017 بەتووندی ڕوبەڕوی هێرشی حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان بوونەوە‌و ڕێگەیاند نەدان پێشڕەویی زیاتر بكەن، لەو شەڕەدا پێشمەرگە جۆرە موشەكێكی دژەتانكی بەكارهێنا كە كاریگەریی زۆری هەبوو، ئۆتۆمبێلە درعەكانی تەقاندەوە، بەجۆرێك عێراقییەكان وایانزانی چەكی میلانی ئەڵمانییە بەكارهاتووە.

 

بەكارهێنانی موشەكی مالیۆتكا لەلایەن پێشمەرگەوە لە شەڕی پردێ، 20-10-2017. فۆتۆ: فازڵ هۆرامی.

 

ئەوكات دوای شەڕەكە، پەرەگراف ڤیدیۆو زانیاریی وردی لەسەر بەكارهێنانی ئەو موشەكە لە شەڕی پردێ بڵاوكردەوە.

 

موشەكەكە ناوی مالیۆتكا (Malyutka)یە، جۆرە موشەكێكی ئاڕاستەكراوەو دروستكراوی ڕوسیایە، وردە لە پێكانی ئامانجەكەیداو ئۆتۆمبێلی سەربازیی گولـلە نەبڕ دەتەقێنێتەوە.

 

وەك پێشمەرگە بۆ پەرەگراف وتیان، بەكارهێنانی ئەو موشەكە كاریگەریی زۆری هەبووە لەو شەڕەداو ئۆتۆمبێلە سەربازییە گوللە نەبڕەكانی تەقاندووەتەوەو ترسی خستووەتە دڵی حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان.

 

موشەكی مالیۆتكا لە 1963 دروستكراوەو تائێستا چەندجارێك پەرەی پێدراوە‌و لە نێوان 500 مەتر بۆ 3 كیلۆمەتر ئامانجەكەی دەپێكێت.

 

ڕوبەڕوبوونەوەكەی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان لەپردێ سەختترین شەڕ بوو لەوكاتەوەی هێزە عێراقییەكان پێشڕەوییان دەستپێكرد بەرەو ناوچە جێناكۆكەكان‌و لە 16ی ئۆكتۆبەردا توانییان كەركوك كۆنتڕۆڵ بكەن‌و ڕۆژانی دواتریش تەواوی ئەو ناوچانەیان خستەژێر دەستی خۆیان، ئەوەش دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، لە ناحیەی پردێ ڕاوەستێنران.

 

بەكارهێنانی موشەكی مالیۆتكا لەلایەن پێشمەرگەوە لە شەڕی پردێ، 20-10-2017. ڤیدیۆ: فازڵ هۆرامی.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی پێشمەرگە لە ساڵیادی شەڕی پردێدا

جەماوەری خۆڕاگر و ئازادیخوازی كوردستان

خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەكانی نەتەوە و نیشتمان

 

لە ڕۆژێكی وەك ئیمڕۆ لە ٢٠ـی ١٠ـی ٢٠١٧ـدا گەلی كوردستان لە داستانێكی مەزنی پڕ لە قارەمانیدا بەرەنگاری هێرش و پیلانی ناحەزانی ناوەوە و دەرەوە بووەوە. ئەو پیلانە لە خیانەتە گەورەكەی ١٦ـی ئۆكتۆبەر دەستی پێكردبوو كە پشتی پێشمەرگەیان بەردا و كەركووكی دڵی كوردستانیان بە نرخێكی هەرزان فرۆشت.

 

ئەو خیانەتە وایكرد نەیارانی گەلەكەمان، هەرێمی كوردستان بە پاروویەكی ئاسان بزانن و ویستیان داگیری بكەن. بۆیە ڕوویان كردە هەولێری پایتەخت، بەڵام لە بەرگرییە پڕ لە قارەمانیەكەی پردێدا پێشمەرگە پەلامارەكەی نەیار و داگیركارانی تێكشكاند و مەبەستی گڵاوی ئەوانی لەگۆڕنا.

 

بە هەمان شێوەش لە سحێلای بەرخودان و مەردایەتی و لە مەخموور و بەرەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە، پێشمەرگە پشت بە خودا و خۆڕاگر و نیشتمانپەروەرانی گەل، پیلانی نەیارانی بۆ لەناوبردنی هەرێمی كوردستان تێكشكاند و كوردستان بە سەربەرزی مایەوە.

 

ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەرانی كوردستان

٢٠ـی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە خەباتی میللەتەكەماندا و لەو ڕۆژەدا مێژوویەكی پڕ لە شانازی تۆمار كرا. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان ئەو ڕۆژە مێژووییە بە ڕۆژێكی پڕشنگداری پێشمەرگە و كوردستان دەزانێت و یادی بەرز دەنرخێنێت.

 

ئەو سەركەوتنەی پێشمەرگە بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە گەلی كوردستان خاوەن دۆزێكی ڕەوایە و ئامادەیە هەتا دوایین دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاك و كەرامەتی نیشتمان بكات.

 

ئەو سەركەوتنە مەزنە بە خوێنی ئاڵی دەیان شەهید هاتە ئاراوە. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان و سوپاس و پێزانین بۆ ئەو پێشمەرگە و فەرماندە قارەمانانە كە ڕۆڵیان هەبووە لە تۆمار كردنی ئەو سەركەوتنە مەزنە كە تا هەتایە لە بیرەوەری میللەتەكەماندا دەمێنێتەوە و بە بەرزی یاد دەكرێتەوە.

 

هەر شەكاوە بێت ئاڵای كوردستان

فەرماندەیی ژووری ئوپەراسیۆنەكانی پێشمەرگەی كوردستان

20ـی 10ـی 2018