پارتی‌و یەكێتی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان تێپەڕاند، سكاڵاو سندوقی سوور كاریگەرییان نەبوو

21-10-2018 12:39
دەنگدانی گشتی لە قوتابخانەیەكی سلێمانی بۆ پەرلەمانی كوردستان/ 30-9-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

نوێنەرانی پارتی‌و یەكێتی لە ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەنجامی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان پەسەندو ئەنجامەكانیان ڕاگەیاند، نوێنەرانی گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو واژۆیان لەسەر نەكردووەو دەڵێن"ئەنجامی كۆتایی نین‌و پڕن لە كەموكوڕی‌و ناتەواوی."

 

ئەنجامەكان دوای 20 ڕۆژ لە پڕۆسەی هەڵبژاردن درەنگانێكی ئەمشەو ڕاگەیەندران، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەنجامەكاندا نەهاتووە بەهۆی سكاڵاو سندوقی سوری هەڵبژاردنەكەوە، ئەوەش پێچەوانەی لێدوانەكانی پێشووی كۆمسیۆنە كە ڕایگەیاندبوو، سكاڵاكان ئەنجامی كۆتایی دەگۆڕن بەراورد بە ئەنجامی بەرایی.

 

پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو 45 كورسی دەبێت لە خولی داهاتووی پەرلەمان، یەكێتی بە 21 كورسی لە پلەی دووەمدایە، هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی‌و نەوەی نوێ 8 كورسی‌و كۆمەڵ 7 كورسی‌و بەرەو ئیسلاح(بزوتنەوەو یەكگرتوو) 5 كورسییان بەدەستهێناوە.

 

پارتی‌و یەكێتی لەكۆی 9 ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران 5 ئەندامیان هەیەو سەرجەمیان واژۆیان لەسەر ئەنجامی كۆتایی كردووە، هەریەكە لە گۆڕان(2 ئەندام)‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتووش هەریەكەو ئەندامێكیان لە ئەنجومەنەكە هەیەو واژۆیان لەسەر ئەنجامەكە نەكردووەو ڕەتیدەكەنەوە.

 

ئەو چوار ئەندامە ناڕازییەی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن، كاتژمێر ١١ی ئەمشەو بەبێ بوونی ئەجێندای پێشوەختەو وەرگرتنی ڕای ئەندامان‌و ئەو هەزاران لاپەڕە تێبینییانەی لەسەر كەموكورتییەكانی فۆرمی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نووسرابوو، بابەتی ئەنجامی هەڵبژاردن كە "ئەنجامی كۆتایی نین‌و پڕن لە كەموكوڕی‌و ناتەواوی" لە سەرتاسەری هەرێم خرایە نێو باسی كۆبوونەوەكە.

 

ئەو ئەندامە ناڕازییانەی ئەنجومەنی كۆمسیاران باسلەوەشدەكەن، ئەوان چەندینجار داوایان كردووە كۆبوونەوەكەی ئەمشەو دوابخرێت بۆئەوەی "كارەكە بە شێوەیەكی تەندروست‌و بە ڕێچكەی یاسایی خۆیدا بڕوات، بەڵام بەبێ گوێدانە داخوازییەكانی ئێمە ‌و ئەو هەموو یاداشتەی لەوبارەیەوە پێشكەشمان كردبوو، بەپەلەو بەبێ هیچ گفتوگۆیەك خشتەیەكی ئامادەكراوی پێشوەختە خرایە دەنگدان‌و بە زۆرینە تێپەڕێنرا."

 

ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هات كە نوێنەرانی پارتی‌و یەكێتی لە كۆمسیۆن ئامادەی بوون، هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن ڕایگەیاند، دەنگەكانی 96 بنكەی دەنگدان كە دەكاتە 119 هەزار دەنگ پوچەڵكرانەوە، لە دهۆك 11 بنكە، لە سلێمانی 27 بنكەو لە هەولێر 59 بنكە پوچەڵكراونەتەوە.

 

كۆمسیارە ناڕازییەكان داوای ئەوەیان كردووە، دەنگی ئەو بنكانە سەرجەمیان نەسووتێندرێن‌و دەنگە ساختەكان لە دەنگی دروست جیابكرێنەوەو تەنها ساختەكان بسوتێنرێن، بەڵام گوێیان پێنەدراوە.

 

لە هەڵبژاردنەكەدا 348 سكاڵای زەرد، 270ی سەوز‌و 161 سكاڵای سور هەبوون كە لەسەر بنكەكانی دەنگدان تۆماركرابوون، بەدەر لەوانەش 225 سندوقی سور هەبوون، پێشتر كۆمسیۆن ڕایگەیاندبوو، سكاڵای سورو سندوقی سور كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن "دەبێت"، لایەنە ناڕازییەكان چاوەڕوان بوون گۆڕانكارییەكە لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت، بەڵام كاریگەرییان نەبوو.

 

 

ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە بەپێی ئەوەی ئەمشەو ڕاگەیەندرا

100 كورسی گشتی پەرلەمانی كوردستان

پارتی دیموكراتی كوردستان: 686،070 دەنگ- 45 كورسی

یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 319،912 دەنگ- 21 كورسی

بزووتنەوەی گــۆڕان: 186،903 دەنگ- 12 كورسی

جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 127،115 دەنگ- 8 كورسی

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 109،494 دەنگ- 7 كورسی

هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: 79،434 دەنگ - 5 كورسی

هاوپەیمانی سەردەم: 15،581 دەنگ - 1 كورسی

لیستی ئازادی: 8،063 دەنگ - 1 كورسی

 

11 كورسی پێكهاتەكان

- ھاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 3 كورسی

- گەشەپێدانی توركمانی: 2 كورسی

- چاكسازی توركمانی: 1 كورسی

- لیستی میللەت: 1 كورسی

- بەرەی توركمانی: 1 كورسی

- لیستی رافیدەین: 1 كورسی

- ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی

- قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی

 

دەقی بەیاننامەی ناڕەزایی چوار ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران