بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ چۆن باس لە حكومەتی داهاتووی هەرێم دەكەن؟

21-10-2018 07:15

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، بە سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردن حكومەتێكی بەهێز بۆ كوردستانێكی بەهێز دادەمەزرێت، كۆسرەت ڕەسوڵیش داوای بەشداریی هەموو حیزبەكان لە حكومەتی داهاتوو دەكات.

 

بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ، حیزبەكانیان براوەی یەكەم‌و دووەمی هەڵبژاردنن‌و بە ئەنجامەكانی پڕۆسەكە ڕازین، بەڵام حیزبەكانی دیكە پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوە‌و دەڵێن"ساختەكاریی كراوە."

 

مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا بەبۆنەی سەركەوتنی حیزبەكەی لە هەڵبژاردن، سوپاسی خەڵكی كوردستانی كردو ڕایگەیاند"لەپێناو بەدیهێنانی كوردستانێكی بەهێزدا پارتییان سەرخست. لە ئەنجامی ئەو سەركەوتنەیش پشت بە خوای گەورە حكوومەتێكی بەهێز، بۆ كوردستانێكی بەهێز و، بۆ خزمەتكردنی گەل دادەمەزرێت."

 

سەرۆكی پارتی كە حیزبەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو 45 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، دەشڵێت"ئێستایش كاتی ئەوە هاتووە كە هەموومان یەكڕیزی و یەكدەنگیی میللەتەكەمان بپارێزین و داوا لە هەموو لایەكیش دەكەم بەرژەوەندیی گەل و هاودەنگیی نیشتیمانی بكەنە ئەولەوییەت و لەسەرووی هەموو بابەتێكەوە دابنێن."

 

نوێنەرانی پارتی‌و یەكێتی لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن، شەوی ڕابردوو ئەنجامی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان پەسەندو ئەنجامەكانیان ڕاگەیاند، نوێنەرانی گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو واژۆیان لەسەر نەكردووەو دەڵێن"ئەنجامی كۆتایی نین‌و پڕن لە كەموكوڕی‌و ناتەواوی."

 

ئەنجامەكان دوای 20 ڕۆژ لە پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕاگەیەندران، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەنجامەكاندا نەهاتووە بەهۆی سكاڵاو سندوقی سوری هەڵبژاردنەكەوە، ئەوەش پێچەوانەی لێدوانەكانی پێشووی كۆمسیۆنە كە ڕایگەیاندبوو، سكاڵاكان ئەنجامی كۆتایی دەگۆڕن بەراورد بە ئەنجامی بەرایی‌و جیاوازییەكە 4 بۆ 5 كورسی دەبێت، بەڵام وادەرنەچوو.

 

لایخۆیەوە كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، داوا لە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان دەكات قۆناغێكی نوێ دەست پێ بكەن، "لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدەینەوە، چونكە بەرژەوەندی گەلی كورد گەورەترە لە هەر لایەنێك كە خۆی لە قەزیەكە بە گەورەتر بزانێ."

 

یەكێتی 21 كورسی بەدەستهێناوەو براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكەیە‌و ڕازییە بە ئەنجامەكان، كۆسرەت ڕەسوڵ دەشڵێت، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ئەوە دەخوازێت هەموو حیزبەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن‌و بەشداربن لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی هەرێمی كوردستان‌و ململانێكان وەلابنێن.

 

پەیامەكانی بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ لەكاتێكدایە بەهۆی ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، نێوانی ئەو دوو حیزبە وەكو پێشتر نییەو پارتی ڕایگەیاندووە، جیاواز لە كابینەكانی دیكە، لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەپێی ڕێژەی كورسییەكانی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكەن. 

 

حیزبەكان 3 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ تانەدان لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە، لە ماوەی 7 ڕۆژدا دادگا تانەكان یەكلایی دەكاتەوەو ئەنجامەكان دەبنە ئەنجامی كۆتایی، دواتر خولی نوێی پەرلەمان دەستبەكار دەبێت‌و كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن لیستی براوەی یەكەم كە پارتییە پێكدەهێنرێت.

 

لە دوای پارتی‌و یەكێتی هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی‌و نەوەی نوێ 8 كورسی‌و كۆمەڵ 7 كورسی‌و بەرەو ئیسلاح(بزوتنەوەو یەكگرتوو) 5 كورسییان بەدەستهێناوە، ئەم حیزبانە ئەنجامەكان ڕەتدەكەنەوەو هێشتا دیارنییە هەڵوێستی كۆتاییان چی دەبێت.

 

پارتی‌و یەكێتی لەكۆی 9 ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران 5 ئەندامیان هەیەو سەرجەمیان واژۆیان لەسەر ئەنجامی كۆتایی كردووە، هەریەكە لە گۆڕان(2 ئەندام)‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتووش هەریەكەو ئەندامێكیان لە ئەنجومەنەكە هەیەو واژۆیان لەسەر ئەنجامەكە نەكردووەو ڕەتیدەكەنەوە.

 

ئەو چوار ئەندامە ناڕازییەی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن، كاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوو بەبێ بوونی ئەجێندای پێشوەختەو وەرگرتنی ڕای ئەندامان‌و ئەو هەزاران لاپەڕە تێبینییانەی لەسەر كەموكورتییەكانی فۆرمی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نووسرابوو، بابەتی ئەنجامی هەڵبژاردن كە "ئەنجامی كۆتایی نین‌و پڕن لە كەموكوڕی‌و ناتەواوی" لە سەرتاسەری هەرێم خرایە نێو باسی كۆبوونەوەكە.

 

ئەو ئەندامە ناڕازییانەی ئەنجومەنی كۆمسیاران باسلەوەشدەكەن، ئەوان چەندینجار داوایان كردووە كۆبوونەوەكەی شەوی ڕابردوو دوابخرێت بۆئەوەی "كارەكە بە شێوەیەكی تەندروست‌و بە ڕێچكەی یاسایی خۆیدا بڕوات، بەڵام بەبێ گوێدانە داخوازییەكانی ئێمە ‌و ئەو هەموو یاداشتەی لەوبارەیەوە پێشكەشمان كردبوو، بەپەلەو بەبێ هیچ گفتوگۆیەك خشتەیەكی ئامادەكراوی پێشوەختە خرایە دەنگدان‌و بە زۆرینە تێپەڕێنرا."

 

ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هات كە نوێنەرانی پارتی‌و یەكێتی لە كۆمسیۆن ئامادەی بوون، هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن ڕایگەیاند، دەنگەكانی 96 بنكەی دەنگدان كە دەكاتە 119 هەزار دەنگ پوچەڵكرانەوە، لە دهۆك 11 بنكە، لە سلێمانی 27 بنكەو لە هەولێر 59 بنكە پوچەڵكراونەتەوە.

 

كۆمسیارە ناڕازییەكان داوای ئەوەیان كردووە، دەنگی ئەو بنكانە سەرجەمیان نەسووتێندرێن‌و دەنگە ساختەكان لە دەنگی دروست جیابكرێنەوەو تەنها ساختەكان بسوتێنرێن، بەڵام گوێیان پێنەدراوە.

 

لە هەڵبژاردنەكەدا 348 سكاڵای زەرد، 270ی سەوز‌و 161 سكاڵای سور هەبوون كە لەسەر بنكەكانی دەنگدان تۆماركرابوون، بەدەر لەوانەش 225 سندوقی سور هەبوون، پێشتر كۆمسیۆن ڕایگەیاندبوو، سكاڵای سورو سندوقی سور كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن "دەبێت"، لایەنە ناڕازییەكان چاوەڕوان بوون گۆڕانكارییەكە لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت، بەڵام كاریگەرییان نەبوو.