یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆن بوونی ڕاگەیاند؛ زیاتر لە سەدا 70ی كادرانی ئەوەیان دەوێت

22-10-2018 04:02
سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری كۆتایی دا، ناچێتە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و دەبێتە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان، ئەوە خواستی زیاتر لەسەدا 70ی كادرانی ئەو حیزبە بووە لە ڕاپرسییەكی ناوخۆییدا.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو ئەمڕۆ بڕیارەكەی ڕاگەیاند‌و لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت"یەكگرتوو لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەكو ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانیی خۆی لەپێناو بەشداربوونی كارا لە پڕۆسەی چاكسازی ڕاستەقینەو دژایەتیكردنی گەندەڵی و دەستەبەركردنی دادپەرەوەری بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و چین و توێژەكانی گەلەكەمان."

 

بڕیارەكەی یەكگرتوو دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی گشتیی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، بەپێی ئەنجامەكە یەكگرتوو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دوو زەرەرمەندترین حیزبی هەڵبژاردنەكەن، هەریەكەیان نیوەی كورسییەكانی لەدەستداوە، یەكگرتوو پێشتر 10 كورسی هەبوو، لە خولی نوێدا 5 كورسی پەرلەمانی دەبێت.

 

حیزبەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی لە ناویاندا یەكگرتوو، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕەتدەكەنەوەو سكاڵای یاسایی تۆماردەكەن.

 

یەكگرتوو دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتییاندا هەڵوەستەی جدییان كردووە لەسەر ئەو "پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە هەردوولایەنی دەسەڵات لە پرۆسەكەدا كردوویانە بە مەبەستی گۆڕینی رێژەی دەنگەكان لە بەرژەوەندی خۆیان، كۆبوونەوە جارێكی تر تەئكیدی كردەوە لەسەر رەتكردنەوەی ئەنجامەكان و گرتنە بەری رێكاری یاسایی پێویست لەو پێناوەدا."

 

هادی عەلی، وتەبێژی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای خوێندنەوەی بەیاننامەكە ڕایگەیاند، بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆن خواستی زۆرینەی زۆری كادیرو ئەندامانیانەو ئەنجومەنی سەركردایەتی دوای تاوتوێ كردنی هەموو ئەگەرەكان ئەوەی پێباش بووە.

 

"پێمانباشە لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات هاوهەڵوێست بین، لە پەرلەمان بتوانین بە هاوهەڵوێستی ڕۆڵی باشترمان هەبێت وەكو ئۆپۆزسیۆن‌و دژایەی گەندەڵی بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو لاری‌و چەوتییانەی هەرێم پێوەی دەتلێتەوە" هادی عەلی وای وت.

 

هاوکات سەعید عەلی عەبۆ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەكگرتوو ئەوەی خستەڕوو، زیاتر لە سەدا 70ی كادرەكانیان لە ڕاپرسییەكەی ناوخۆییدا لەگەڵ ئەوەدابون ئۆپۆزسیۆن بن.

 

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەكگرتوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی ساز بكات، ئەوەش دەكاتە وێستگەیەك بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ڕیشەیی‌و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان‌و هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكانیان، لەگەڵ ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بەمەبەستی خۆنوێكردنەوە.

 

پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیەو 45 كورسی بەدەستهێناوە، ئەو حیزبە گفتوگۆی فەرمی دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هێشتا لایەنەكانی دیكە بڕیاری كۆتاییان نەداوە بەشداردەبن یان دەبنە ئۆپۆزسیۆن.