گۆڕان بەشداری حكومەت دەكات؟ پارتی چ پۆستێكی بۆ داناوە؟

24-10-2018 06:37
پێشوازی عومەری سەید عەلی لە نێچیرڤان بارزانی، گردی زەرگەتەی سلێمانی/ 4-9-2018. وێنە؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

چاوەكان لەسەر هەنگاوی داهاتوی گۆڕانن وەك بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی بەشداریی لە حكومەت دەكات یان نا؟ بزوتنەوەكە هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی باڵایان لەگەڵ ئەوەدان بچنە حكومەتەوە، هاوكات پەرەگراف زانیاریی ئەوەی دەستكەوتوە لە ئێستاوە پارتی پشكی گۆڕانی دیاریی كردووە لە كابینەی نوێ.

 

گۆڕان بە خراپترین ئەنجام هاتەدەرەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و نیوەی كورسییەكانی پێشتری لە دەستدا، لایەنگرانی چوونە حكومەت لە ناو بزوتنەوەكە پێیانوایە، لەو ڕێگایەوە دەتوانن "هەڵسنەوە"و بە كردار جیاوازبوونی خۆیان لە پارتی‌و یەكێتی بسەلمێنن‌و بەرنامەكانیان جێبەجێ بكەن.

 

"ئێمە دەتوانین لە بەشی خۆمان لە حكومەت‌و ئەو وەزارەتانەی پێماندەدرێت بیسەلمێنین كە چاكسازی‌و گۆڕانكاری ڕیشەیی بە ئێمە دەكرێت، خەڵكیش خزمەتكردن‌و چاكسازیی دەوێت نەك تەنها قسەو ڕەخنەگرتن" بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە لەبەرئەوەی هێشتا بڕیاری كۆتایی نەدراوە دەچنە حكومەتەوە یان نا، وتیشی"ئاڕاستەی بڕیارەكە لە ناو گۆڕان بەرەو ئەوە دەڕوات بچینە حكومەتەوە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە گفتوگۆكانمان لەگەڵ پارتی‌و جێكردنەوەی بەرنامەكانمان لە كارنامەی حكومەتی نوێ."

 

لە بەرامبەر ئاڕاستەی چونە ناو حكومەت، فشارێكی زۆری ناوخۆیی هەیە لەسەر گۆڕان بۆئەوەی ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوانەی لەگەڵ ئەم ئاڕاستەیەدان زیاتر ناڕازییەكانی ناو گۆڕانن كە هاوكات داوای گۆڕانكاری ناوخۆیی‌و بەخۆداچوونەوە دەكەن، ئەمانە زیاتر هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكەن نەك بەرپرسانی باڵا.

 

گۆڕان ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕەتدەكاتەوەو سكاڵای تۆماركردووە، دوای یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان، جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كۆدەبێتەوەو بڕیاری كۆتایی دەدات دەربارەی شێوازی كاری داهاتووی گۆڕان‌و پرسی بەشداریكردن لە حكومەت.

 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"لە دواین كۆبوونەوەی جڤات(21-10) زۆرینەی زۆری ئەندامان لە قسەكانیاندا ڕایان وابوو بچینە حكومەتەوە باشترە بۆ خۆمان‌و بۆ خەڵكیش."

 

پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو حكومەت پێكدەهێنێت، سوورە لەسەر ئەوەی بەپێی ژمارەی كورسی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ حیزبەكان دەكات، ئەوەش دوای ململانێ‌و ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی دێت لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەی باڵای ناو پارتی زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، ئەو حیزبە پێشوازیی لە گۆڕان دەكات بۆ چوونە ناو حكومەت‌و لە ئێستاوە پشكی بۆ بزوتنەوەكە دیاریكردووە، لەسەر ئەم پرسەش پەیام گۆڕینەوە لە نێوان پارتی‌و گۆڕان هەبووە.

 

سەرچاوەیەكی باڵای پارتی دەڵێت"پارتی دەیەوێت كابینەی نوێ بچووك بكاتەوە بۆ 12 وەزارەت‌و سەرۆك وەزیران دوو جێگری هەبێت، ئەگەر گۆڕان بەشداریی بكات، ئەوا جێگرێكی سەرۆك وەزیران‌و وەزارەتێكی سیادی‌و وەزارەتێك یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێدەدرێت."

 

هەر بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی پارتی، گۆڕان لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پۆستی پێدەدرێت، "ئەگەر تەنها پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان حكومەت پێكبهێنن، سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی‌و جێگرەكەی بۆ پارتی و سكرتێری پەرلەمان دەدرێتە گۆڕان، هەرچەندە پارتی حەزدەكات توركمانەكانیش پۆستێكیان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان پێبدرێت، بەڵام ئەگەر گۆڕان بێتە پێشەوەو داوای ئەو پۆستەش بكات لە شوێنی تر قەرەبوی توركمانەكان دەكرێتەوە."

 

بڕیارە پارتی جارێكی دیكە نێچیرڤان بارزانی ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و مانۆڕی سیاسی‌و سەردانی حیزبەكان دەستپێبكات، ئەو سەرچاوەیە وتی"نێچیرڤان بارزانی سەردانی هەموو حیزبەكان دەكات تەنانەت بە یەكگرتووی ئیسلامیشەوە كە لە ئێستاوە بڕیاریداوە ببێت بە ئۆپۆزسیۆن."

 

لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی ئەنجامی هەڵبژاردنیان ڕەتكردووەتەوە، تائێستا تەنها یەكگرتووی ئیسلامی ‌و نەوەی نوێ ڕایانگەیاندووە دەبنە ئۆپۆزسیۆن‌و ناچنە كابینەی نوێی حكومەت.

 

ئەمڕۆش گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی لە ئاستی باڵادا كۆبوونەوەو ئەنجامی هەڵبژاردنەكەیان تاوتوێ كرد، شۆڕش حاجی وتەبێژی گۆڕان دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی بڕیاری گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت ئەوەی خستەڕوو، جارێ زووە بۆ ئەوەی بڕیار لەو بارەیەوە بدەن.

 

وتەبێژەكەی گۆڕان، وتی"چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتایی سكاڵاكانین، لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامی سكاڵاكان‌و هەڵوێستی پارتی‌و یەكێتی بڕیار دەدەین."

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوانیاندا هەیەو لە زۆربەی پرسەكانی چوار ساڵی ڕابردوودا هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووە، شۆڕش حاجی ئەمڕۆش وتی"هەر هەنگاوێك بنێین بە یەكەوە(لەگەڵ كۆمەڵ) یان بە ڕاوێژكردن لەگەڵ یەكتر دەبێت‌و لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەبێت."

 

هاوكات ڕێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی"لە ڕابردوودا زۆرترین كاری هاوبەشمان پێكەوە كردووەو هیچی بۆ بەرژەوەندی حیزبی‌و شەخسی نەبووە." كۆمەڵ بەهەمانشێوەی گۆڕان هێشتا بڕیاری نەداوە بۆ بەشداریكردن لە حكومەت، چاوەڕوانی ئەنجامی سكاڵاكانی هەڵبژاردنەكە دەكات.

 

بزوتنەوەی گۆڕان بۆیەكەمجار لە ساڵی 2009 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو 25 كورسیی بەدەستهێنا لەكۆی 100 كورسی (یانزدەكەی دیكەیان بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە.)

 

ئەو بزوتنەوەیە چوار ساڵی یەكەمی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بردەسەر، دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لەحكومەتدا كرد، بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی سەرۆكی پەرلەمان‌و چوار وەزارەت‌و سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت، بەڵام لەمانگی 10ی 2015 ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە هەولێرو وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەحكومەت دورخرانەوە، ئەوەش بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە.

 

كۆتایی ساڵی ڕابردوو گۆڕان بە فەرمی لە حكومەت كشایەوەو بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن، بەپێی ئەنجامی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەو بزوتنەوەیە 12 كورسیی دەبێت لە خولی نوێدا.