گۆڕان بە "پاڵ پێوەنانی یەكێتی" ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵنابژێرێت

31-10-2018 01:43
لایەنگرانی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە كاتی بەشداریكردنیان لە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق/ 9-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

شاندی دانوستانكاری گۆڕان بۆ پرسی بەشداریكردن لە حكومەت بە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەكەیەوە دەچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ پارتی، بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن، لەو پرسەدا ناكەونە ژێر كاریگەریی ئەو هەڵمەتانەی لەسەریانە، پەنجە بۆ یەكێتی نیشتیمانی ڕادەكێشن كە دەیەوێت "پاڵ بە گۆڕانەوە بنێت تا ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت"‌و مەیدانەكە چۆڵ بكات بۆئەوەی خۆیان لەگەڵ پارتی ڕێكبكەون.

 

بڕیارە جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كۆببێتەوەو پرسەكە یەكلایی بكاتەوە، ئەگەر بڕیاری كۆتایی چوونە ناو حكومەت بێت كە بەرەو ئەوە دەڕوات، گۆڕان وەفدێك بۆ دانوستاندن پێكدەهێنێت‌و دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەربارەی كارنامەی حكومەت‌و پشكی بزووتنەوەكە لە كابینەی نوێ.

 

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف باسلەوەدەكات، ئەوان ناكەونە ژێر كاریگەری هیچ هەڵمەتێك بۆ بڕیاردان لەبارەی بەشداریكردن لە حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن، دەڵێت"ئاگادارین یەكێتی بە بەرنامە لە ڕێی هەندێك میدیاو ڕۆژنامەنوسەوە هەڵمەتێكی دەستپێكردووە كە چوونە حكومەتی گۆڕان بە عەیبەیەكی گەورە دابنرێت، ئەگەر عەیبە با خۆیان نەچن. ئەو جۆرە هەڵمەتانە كاریگەرییان لەسەر بڕیاری گۆڕان نابێت."

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان كە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت، ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا كۆبوونەوە لە نێوان گۆڕان‌و پارتی نەكراوە، بەڵام پەیوەندیی هەیە لە نێوانیاندا، وتیشی"ئەو هەواڵانەی دەربارەی كۆبوونەوەی گۆڕان‌و پارتی بڵاودەكرێنەوە بەشێكن لە پڕوپاگەندەی بەرپرسانی یەكێتی كە زانیاریی هەڵە دەدەن بە هەندێك ڕۆژنامەنوس‌و ئاڕاستەیان دەكەن لەبەرژەوەندیی خۆیان."

 

هاوكات نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، باسلەوەدەكات چەند ساڵێكە یەكێتی ئەو سیاسەتە بەرامبەر بزووتنەوەكەیان پیادە دەكات.

 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"یەكێتی لە پرسە جیاوازەكاندا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی یان عێراق یان لایەنی دیكە، بەڵام دێت ناڕەزایی ناوخۆیی بۆ تۆ دروست دەكات كە نابێت گفتوگۆ لەگەڵ پارتی یان حكومەتی عێراق بكەیت، تەنها دەیەوێت خۆی گفتوگۆ بكات‌و چی داواكاریی هەیە بەشێوەیەكی زۆر خۆویستانەو بە شەخسەنەكردنی بۆ كەسایەتییە تایبەتەكانی ناو یەكێتی بڕیاری لێدەدات."

 

نزار مەحمود، وتیشی"ئێمە گفتوگۆ بكەین یان نەیكەین هیچ پەیوەندیی بە یەكێتییەوە نییەو هیچ گوێیەك بۆ یەكێتی ناگرین‌و بە عەیبەی نازانین، ئێمە حیزبی سیاسین لە كوێدا بزانین بەرژەوەندی میللەت‌و پڕۆسەی سیاسی تێدایە گفتوگۆ دەكەین‌و ڕێكدەكەوین، لە كوێدا بزانین بەرژەوەندیی تێدا نیە نایكەین، خۆمان بڕیاری خۆمان دەدەین لەژێر كاریگەری‌و قسەی هیچ لایەك كارناكەین، ئەگەر ئەوان پێیان عەیبە لەگەڵ پارتی كۆببینەوە با خۆیان كۆنەبنەوەو هەوڵی بۆ نەدەن."

 

ئەوانە لە كاتێكدان نێوانی پارتی‌و یەكێتی بەهۆی ململانێكانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە وەك پێشوتر نییە‌و گرژیی تێكەوتووە، پارتی سورە لەسەر ئەوەی بەپێی ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

 

دەربارەی بڕیاری گۆڕان بۆ بەشداری لە حكومەت، بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو، بەشداریكردن یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن ئیجابیات‌و سلبیاتی خۆیانیان هەیە، وتیشی"دیراسەی وردی دەكەین‌و جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری كۆتایی دەدات، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرین دەبێت بە ئیختیاریی بێت نەك بە پاڵ پێوەنانی لایەنێكی دیكەی وەك یەكێتی."

 

تائێستا یەكگرتووی ئیسلامی ‌و نەوەی نوێ ڕایانگەیاندووە دەبنە ئۆپۆزسیۆن و ناچنە كابینەی نوێی حكومەت، گۆڕان‌و كۆمەڵ هێشتا بڕیاریان نەداوە، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد ئاڕاستەی بڕیار لەناو گۆڕان بەرەو ئەوە دەڕوات بچنە حكومەتەوەو زۆربەی بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەكە ئەو خواستەیان هەیە.

 

لایخۆیەوە پارتی پشكی گۆڕانی دیاری كردووە لە كابینەی نوێ كە جێگری سەرۆكی حكومەت‌و وەزارەتێكی سیادی‌و وەزارەتێك یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری دەبێت، ئەمەر لە حاڵەتێكدا ئەو بەرنامەیەكی پارتی جێبەجێ بكرێت كە دەیەوێت حكومەت بچوك بكاتەوە بۆ 12 وەزارەت‌و سەرۆكی حكومەت دوو جێگری هەبێت.

 

لە كۆبوونەوەی داهاتووی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕاندا سێ بژاردە تاوتوێ دەكرێن، بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی یەكێكیانە كە دورترین ئەگەرە بۆ بڕیاردان، دواتر بوون بە ئۆپۆزسیۆن یان بەشداریكردن لە حكومەت، ئەم دوو بژاردەیە زۆرترین گفتوگۆیان لەسەرە لە ناو گۆڕانداو بڕیار لە یەكێكیان دەدرێت.

 

نزار مەحمود، ئەوەی خستەڕوو، هێشتا وادەی ئەو كۆبوونەوەیەی جڤات دیارینەكراوە، بەڵام هەركات بیانەوێت ئامادە دەبن، وتی" ئەگەر بڕیاری چوونە ناو حكومەت بدرێت، گۆڕان بە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانییەوە دەچێتە كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی‌و لیژنەیەك دیاریدەكات بۆ گفتوگۆ."

 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی كە هاوكات باژێڕوانی مەكۆی هەڵەبجەی بزووتنەوەكەیە، دەربارەی ئەنجامدانی ڕاپرسی ناوخۆیی بۆ پرسی چوونەناو حكومەت، وتی"ڕاپرسی‌و شت نەكراوە، ئەوەی لەناو جڤات گوێم لێبووبێت زۆریان ڕایان وایە ئۆپۆزسیۆن بین، بەڵام ڕای دیكەش هەیە چوونە حكومەتی پێ باشترە، ئەوە یەكلایی نابێتەوە تا نەبرێتە كۆبوونەوەی جڤات."

 

نزار مەحمود، پێیباشە حیزبی براوەی هەڵبژاردن حكومەتی زۆرینە دروست بكات‌و لایەنەكانی دیكەش ئەوە قبوڵ بكەن‌و باشەو خراپەی حكومەتەكە لە چوار ساڵی داهاتوودا لە ئەستۆی ئەو حیزبە بێت.

 

ئێستا نە پارتی وەك حیزبی براوەی یەكەم ئەو كارە دەكات‌و نە یەكێتی قبوڵی دەكات ببێتە ئۆپۆزسیۆن، نزار مەحمود دەڵێت"ئەگەر بڕوامان بە دەستاودەستی دەسەڵات نەبێت دیموكراسی دروست نابێت، ئەو تەوافوقەی لە كوردستان هەیە دیموكراسی نییەو جۆرێكە لە ڕێككەوتن لە نێوان سەركردەكان بۆ قۆرخكردنی دەسەڵات."

 

لەو دۆخەدا كە حكومەتی زۆرینە لەلایەن حیزبی براوەوە دروست ناكرێت، ئەندامەكەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان حكومەتی دوو حیزبی لە نێوانی پارتی‌و یەكێتی پێباش نییەو بە "خراپ‌و شكستخواردوو" لە قەڵەمی دەدات.

 

"ئەگەر یەك حیزب نابێت‌و حیزبی دیكە بەشداری پێدەكات، بەپێی كورسییەكانیان بەرنامەیەكی هاوبەش دابنێن بۆ ئەو حكومەتەو كارنامەیەكی هەبێت كە ڕەنگدانەوەی هەموو لیستەكانی هەڵبژاردنی تێدابێت‌و بەپێی كورسییەكانی خۆیان جێیان بكرێتەوەو حكومەتەكە بڕیاربدات چاكسازیی بكات، حكومەتێك نەبێت وەك 27 ساڵی ڕابردوو، چونكە ئەوە قازانجی خەڵكی تێدا نییەو تەنها بۆ چەند كەسێكی گەندەڵ سوودی هەبووە" نزار مەحمود وای وت.

 

سەرباری ناڕەزایی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی، دادگا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستانی وەكخۆی پەسەند كرد‌و ئەمڕۆش پەرلەمان كۆتا دانیشتنی ئەم خولەی ئەنجامداو دەبێت تا 6-11 خولی نوێ دەست بكات بە كۆبوونەوە.

 

پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن ڕۆژانی داهاتوو مانۆڕی سیاسی دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و سەردانی لایەنەكان دەكات، ئەو حزیبە پێیباش گۆڕان بەشدار بێت لە كابینەی نوێ‌و پێشوازیی لە هەر بڕیارێكی گۆڕان دەكات كە بەو ئاڕاستەیە.

 

بزوتنەوەی گۆڕان بۆیەكەمجار لە ساڵی 2009 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو 25 كورسیی بەدەستهێنا لەكۆی 100 كورسی (یانزدەكەی دیكەیان بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە.)

 

ئەو بزوتنەوەیە چوار ساڵی یەكەمی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بردەسەر، دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لەحكومەتدا كرد، بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی سەرۆكی پەرلەمان‌و چوار وەزارەت‌و سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت لەگەڵ چەند پۆستێكی دیكە لەناو حكومەت، بەڵام لەمانگی 10ی 2015 ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە هەولێرو وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەحكومەت دورخرانەوە، ئەوەش بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە.

 

كۆتایی ساڵی ڕابردوو گۆڕان بە فەرمی لە حكومەت كشایەوەو بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەو بزوتنەوەیە زەرەرمەندترین حیزبی هەڵبژاردنەكەیەو 12 كورسی دەبێت لە خولی نوێداو 12 كورسی لەدەستداوە، ئەوەش هاوشێوەی یەكگرتووی ئیسلامییە كە كورسیەكانی لە 10 وە كەمبوونەتەوە بۆ 5 لە خولی نوێدا.