نەوەی نوێ پەشیمان بووەوە

31-10-2018 05:39
بانگەشەی هەڵبژاردنی نەوەی نوێ. وێنە؛ پەیجی شاسوار عەبدولواحید لە فەیسبوك.

 

پەرەگراف

 

نەوەی نوێ پەشیمان بووەوە لە بەشدارینەكردن لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ بە فەرمی بڕیاریدا بەشداریی بكات، ئەوەش بە پێچەوانەی یەكەم هەڵوێستی جوڵانەوەكەیە لە یەك ڕۆژ دوای هەڵبژاردن كە ئەوكات شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، ناچنە پەرلەمان‌و شەقام دەكەن بە پەرلەمان.

 

گۆڕانی هەڵوێستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەكاتێكدایە، دادگا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەی وەكخۆی پەسەند كردو ئەمڕۆ پەرلەمان كۆتا كۆبوونەوەی ئەم خولەی ئەنجامداو دەبێت تا 6-11 خولی نوێ كۆببێتەوە.

 

ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكدا دوا هەڵوێستی جوڵانەوەكەی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردن‌و خەباتی پەرلەمانیی تاوتوێ كردووە، تەئكید دەكاتەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە "بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی هەرێم ناكات و پارتی و یەكێتی جارێكی تر بە شێوازی سیستماتیك ئەنجامەكانیان لە بەرژەوەندی خۆیان تەزویر كرد."

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هاتووە"لەگەڵ ئەوەی سەرنج و ڕەخنەی جدیمان لەسەر هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی هەیە، بەڵام ئەنجومەنی باڵا لەسەر بنەمای ئەو ڕاوێژ و ڕاپرسیانەی لەناو خۆبەخشانی نەوەی نوێ كراون و هەروەها سەرنج و پێشنیاری دیپلۆمات و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ بە هەند وەرگرتنی پێشنیاری خەڵكانی تری دەرەوەی جوڵانەوەكە، ئەنجومەنی باڵا بریاریدا كە فراكسیۆنی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چالاك لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشداربێت."

 

نەوەی نوێ تەئكید دەكاتەوە، بە هیچ شێوەیەك بەشداری حكومەتێك ناكات كە یەكێتی و پارتی سەركردایەتی بكەن، "ئەو بابەتە قابیلی موناقەشە نییە لای جوڵانەوەكە."

 

بەرلەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە هەفتەی ڕابردوو پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە‌و تێیدا داوای لەلایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كرد بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز دروست بكەن. ئەوە یەكەم زەنگی پەشیمان بوونەوەی نەوەی نوێ بوو دەربارەی نەچوونیان بۆ پەرلەمان.

 

نەوەی نوێ 8 كورسی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێناوە، شاسوار خۆی سەرۆكی لیست‌ بوو، خاوەنی زۆرترین دەنگی لیستەكەو دووەم دەنگە لەسەر ئاستی هەرێم، 106 هەزارو 289 دەنگی هێناوە، شاسوار ڕەخنەی تووند لە پارتی‌و یەكێتی دەگرێت‌و دیكە تەئكید دەكاتەوە كە "ساختەكارییان كردووە"، داواش لە خەڵكی كوردستان دەكات نائومێد نەبن‌و هەڵوێستیان هەبێت بۆ فشار خستنەسەر دەسەڵات.

 

شاسوار عەبدولواحید، یەك ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەكە لەگەڵ ئەوەی ئەنجامەكانی ڕەتكردەوە، ڕایگەیاند"بەشداری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ناكەین بەم شێوەیەی ئێستاو ئەم ئەنجامانە. پارتی‌و یەكێتی بە ئارەزووی خۆیان كورسی دەبەخشنەوەو ئەنجام دیاریی دەكەن."

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوكات هەڵبژاردنەكەی بە "مەهزەلە" ناوبرد، وتی"هەرلایەك بەشداری بكات لە پەرلەمان شەرعیەتدانە بەم شانۆگەری‌و مەهزەلەیەی پارتی‌و یەكێتی. پارتی‌و یەكێتی سندوقی دەنگدانیان گۆڕیوەو پێشتر سندوقیان ئامادەكردوە."

 

شاسوار ڕووەو خەڵكی كوردستان وتیشی"ئێمە ئەم هەڵوێستە وەردەگرین‌و هاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە لەگەڵتانداین، ئەگەر خەڵك پشتیوانمان بن شار بە شار خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەكەین، ماندەگرین‌و دوكان‌و بازاڕ دادەخەین"، زیاتر وتی"لەبری ئەوەی بچینە ئەو پەرلەمانەی یەكێتی‌و پارتی بە ئارەزووی خۆیان كورسی دەبەخشنەوە، شەقام‌و ماڵەكانی ئێوە دەكەینە پەرلەمان."

 

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی ئەنجامەكەیان ڕەتكردەوەو سكاڵایان تۆماركرد، بەڵام سكاڵاكان كاریگەرییان نەبوو ئەنجامەكان وەكخۆیان مانەوەو دادگا پەسەندی كردن.

 

تائێستا تەنها یەكگرتووی ئیسلامی ‌و نەوەی نوێ ڕایانگەیاندووە دەبن بە ئۆپۆزسیۆن و ناچنە كابینەی نوێی حكومەت، گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی هێشتا بڕیاریان لەوبارەیەوە نەداوە.

 

گۆڕان لەگەڵ یەكگرتوو دوو زەرەرمەندترین حیزبی هەڵبژاردنەكەن، هەریەكەیان نیوەی كورسییەكانی لەدەستداوە، پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیەو 45 كورسی بەدەستهێناوە، یەكێتی بە 21 كورسی لە پلەی دووەمدایە، پارتی ڕۆژانی داهاتوو مانۆڕی سیاسی دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و سەردانی لایەنەكان دەكات.