یادی ڕۆژی كۆبانێ بە خۆپیشاندان دژی ئەردۆغان دەكرێتەوە

01-11-2018 08:14
خۆپیشاندان لە قامیشلۆ دژی هێرشەكانی توركیا/ 1-11-2018. وێنە؛ هاوار نیوز.

 

پەرەگراف

 

لە یادی چوار ساڵەی ڕۆژی كۆبانێ دا، توركیا هێرشدەكاتەسەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەناویاندا كانتۆنی كۆبانێ، ئەردۆغان بەردەوامە لە ناردنی هێز بۆسەر سنورو لە دوای داگیركاریی عەفرین چاوی بڕیوەتە ناوچە كوردییەكانی دیكە.

 

گەلی كورد یادی ڕۆژی كۆبانێ بە خۆپیشاندان دژی توركیا دەكاتەوە، ئەمڕۆ هەزاران كەس لە قامیشلۆ بۆ ئەو مەبەستە ڕژانەسەر شەقامەكان، لە سویسراو فەڕەنساش كوردستانییان هێرشەكانی توركیایان ئیدانەكردو خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

 

هاوكات هێزەكانی سوریای دیموكراتیش كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی، تەواوی هێرشەكانی لە دژی داعش ڕاگرتووە، تا ئەوكاتەی توركیا هێرشەكانی بۆسەر ناوچە كوردییەكان ڕادەگرێت كە چەند ڕۆژێكە تۆپبارانیان دەكات.

 

ساڵی 2014 كۆبانێ ڕوبەڕوی مەترسی داگیركاریی بووەوە لەسەر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەو ڕێكخراوە مانگی 9ی ئەو ساڵە پەلاماری ئەو كانتۆنەی ڕۆژئاوای كوردستانی دا، لە ماوەیەكی كەمدا سەدان گوندی ئەو كانتۆنەی داگیركردو بەرەو ناوەندی شاری كۆبانێ پێشڕەویی كرد.

 

شەڕڤانانی كورد لە ڕۆژئاوا، بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگرییەكی قارەمانانەیان لە شارەكە كردو نەیانهێشت بكەوێت.

 

دوای چەند مانگێك داعش زیاتر لە نیوەی ناوەندی شارەكەی داگیركردو سەدان هەزار كەس لە كۆبانێ‌و گوندەكانی دەوروبەری ئاوارەبوون، شەڕڤانان لە بەرخۆدان بەردەوام بوون‌و سەرئەنجام تیرۆریستانیان تێكشكاند، لە كۆتایی مانگی 1ی 2015 تەواوی شارەكە لە داعش پاككرایەوەو كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندەكان دەستیپێكرد.

 

دواجار داعش لە تەواوی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەسەر دەستی شەڕڤانان تێكشكا‌و ناوچەكان لە تیرۆریستان پاككرانەوە، دواتر هەڵمەتی شەڕڤانان دژی داعش لە ناوچەكانی دیكەش بەردەوام بوو، تەنانەت شاری ڕەقەی پایتەخی داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان كۆنتڕۆڵ كرایەوە.

 

موسا قەناس لە ناو  پاشماوەكانی شەڕ لە كۆبانێ، موسا شەڕڤانی یەپەگە‌و ڕەمزی قارەمانێتی بوو،‌ لە ئۆپەراسیۆنێكی دژی داعش لە مانگی 4ی 2015 لە كانتۆنی كۆبانێ شەهید بوو.

 

11-1ی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ دیاریكراوە، ئەمڕۆ چوارەم ساڵیادی ئەو ڕۆژە كرایەوە، لە ڕۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندان دژی توركیاو چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجامدران.

 

یەپەگە بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌، داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە، هەربۆیە بووەتە جێی متمانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكاو وەك هاوپەیمان لە شەڕڤانان دەڕوانن.

 

ئەمەریكاو هاوپەیمانان نیگەرانن لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان‌و دەیانەوێت چاوەكان لەسەر تێكشاندنی داعش بن، بەرپرسانی ڕۆژئاوای كوردستان پێیانوایە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان لە بەرژەوەندیی داعشەو توركیا خوازیارە بەرەی هێزەكانی سوریای دیموكرات پەرتەوازەو لاواز بكات.

 

پاساوی توركیا بۆ هێرشەكانی ئەوەیە یەپەگە سەربە پەكەكەیە، بەڵام ئەمەریكا دان بەوەدا نانێت‌و بەردەوامە لە هاوكاریی شەڕڤانانی یەپەگە.

 

ڕائید شان ڕۆبەرتسن وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا(پنتاگۆن) لەبارەی لێدوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئامادەكاریی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر یەپەگە لە ڕۆژهەڵاتی فورات، ڕایگەیاند"هەست بە لێدوانەكانی توركیا دەكەین لەبارەی پلانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. لە پەیوەندیداین بۆ هێوركردنی ڕەوشی نێوان توركیا و هەسەدە."

 

توركیا هاوپەیمانی ئەمەریكایە لە ناتۆ، وتەبێژەكەی پەنتاگۆن دەڵێت"بەتەواوی پابەندین بەئاسایشی سنوورەكانی توركیا، هانی هەموو لایەنەكان دەدەین بۆ ئەوەی خۆیان لە تەشەنەسەندنی گرژییەكان بە دوور بگرن كە گرنگترین ئەركیان باری سەرنج خستنە سەر شكستهێنانە بەداعش."

 

ئەردۆغان كە بەهۆی خەونی زیندوكردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌و فراوانكردنی هەژموون‌و دەسەڵاتی لە ناوچەكە نازناوی سوڵتانی لێنراوە، دوای هێرشكردنەسەر عەفرین‌و شەهیدو برینداركردنی خەڵكی مەدەنی‌و دەست تێكەڵكردنی لەگەڵ چەكدارە توندڕەوە جیهادییەكان لە ناویاندا پاشماوەكانی داعش، ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆری وڵاتانی ڕۆژئاواو میدیای جیهانیی بووەوە، بەڵام ئێستا بەردەوامە لە ناردنی هێز بۆ سەر سنوری ڕۆژئاوای كوردستان‌و تۆپبارانكردنی ناوچە كوردییەكان.

 

ئێستا داعش لە باكوری سوریا چالاكیی هەیەو چەند ناوچەیەكی بەدەستەوەیە، شەڕڤانان لە چوارچێوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەڵمەتی ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەیان دەستپێكردووە، بەڵام ماوەی 4 ڕۆژە بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە بۆسەر ناوچە كوردییەكان، هەڵمەتەكەیان دژی داعش ڕاگرتووە.

 

"هێرشی داگیركەرانەی دەوڵەتی تورك دژی هێزەكانی هەسەدە كە لەبەرامبەر چەتەكانی داعش تێدەكۆشن، تەنیا واتایەكی هەیە، ئەویش بڵاوەپێكردنی هێزەكانی هەسەدەیە لە دوایین ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی چەتەكانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات و خزمەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی داعش لە سوریا دەكات" فۆزا یوسف هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوبەری فیدراسیۆنی دیموكراتی باكوری سوریا وا دەڵێت.

 

هاوكات فەرماندەیی گشتیی هەسەدە كە دوێنێ بە فەرمی تەواوی ئۆپەراسیۆنەكانی لە دژی داعش ڕاگرت، لە بەیاننامەیەكدا دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەستووەتەوە بە ڕاگرتنی هێرشەكانی توركیاوە.

 

هەسەدە ئەوەی خستووەتەڕوو، هێرشەكانی توركیا "ڕاستەوخۆ پشتیوانیكردنی دەوڵەتی توركیایە لە ڕێكخراوی داعش و لەسەر بنەمای هەماهەنگی ڕاستەوخۆی هەردوولایەن هاتووە."

 

فەرماندەیی گشتیی هەسەدە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات سنورێك بۆ هێرشەكانی توركیا دابنێت و هەڵوێستێكی ڕونی لەو بارەیەوە هەبێت، دەڵێت"بە تایبەتی هەوڵەكانی توركیا بۆ هێشتنەوەی داعش و هاوكاریكردنی كە پێچەوانەی ستراتیژی هاوبەشەكانمانە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش."