ئەمەریكاو یەپەگە دەوریەیەكی هاوبەشیان لە ناوچە سنورییەكانی كۆبانێ دەستپێكرد

03-11-2018 12:47
هێزەکانی ئەمەریکا و یەپەگە پـێکەوە لە ناوچەی کۆبانێ لە نزیک سنوری تورکیا/ 2-11-2018. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

پەرەگراف

 

هێزەكانی ئەمەریكا دەوریەیەكی هاوبەشیان لەگەڵ یەپەگە دەستپێكرد لە ناوچە سنورییەكانی كۆبانێ هەتا گرێ سپی، ئەمە پەیامێكە بۆ توركیا‌و سوڕانەوەی ئەمەریكییەكان لەگەڵ شەڕڤانان بەردەوام دەبێت تائەوكاتەی توركیا هێرش‌و تۆپبارانەكانی ڕادەگرێت.

 

هێزە گەڕۆكە هاوبەشەكان، دوێنێ لە شارۆچكەی شێخلەری ڕۆژئاوای كۆبانێ وە دەستیان بە سوڕانەوە كردووەو گەیشتوونەتە كۆبانێ و لەوێشەوە بەرەو گرێ سپی و شارۆچكەی سلوكی باشوری ڕۆژهەڵاتی گرێ سپی ڕۆیشتوون.

 

مستەفا بالی، وتەبێژی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات(یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی) بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت، ئەو ڕەوشەی لەسەر سنور هاتووەتە ئاراوە پـێویستی بەوەیە هاوپەیمانان و لە سەرو هەمویانەوە ئەمەریكا بە ئەركی خۆیان هەستن و بەڵێنی خۆیان ببەنەسەر.

 

"ئەو هێزە هاوبەشە گەڕۆكانە بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبن هەتا ئارامی لەسەر سنور بەرقەرار دەبێت" مستەفا بالی وادەڵێت.

 

هێزەکانی ئەمەریکا و یەپەگە پـێکەوە لە ناوچەی کۆبانێ لە نزیک سنوری تورکیا/ 2-11-2018. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

چەند ڕۆژێكە توركیا لە سەرانسەری هێڵی سنور لە ڕۆژئاوای كۆبانێ هەتا ڕۆژهەڵاتی گرێ سپی، گوندەكانی سەرسنوری تۆپـباران دەكات‌و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان گیانیان لە دەستداوەو برینداربوون.

 

گەلی ڕۆژئاوای كوردستان 1ی ئەم مانگە كە یادی ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ بوو، بە خۆپیشاندان دژی توركیا یادەكەیان كردەوەو هەزاران كەس لە قامیشلۆ بۆ ئەو مەبەستە ڕژانەسەر شەقامەكان، لە سویسراو فەڕەنساش كوردستانییان هێرشەكانی توركیایان ئیدانەكردو خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

 

هاوكات هێزەكانی سوریای دیموكرات، تەواوی هێرشەكانی لە دژی داعش ڕاگرتووە، تا ئەوكاتەی توركیا هێرشەكانی بۆسەر ناوچە كوردییەكان ڕادەگرێت كە چەند ڕۆژێكە تۆپبارانیان دەكات.

 

یەپەگە بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌، داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە، هەربۆیە بووەتە جێی متمانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكاو وەك هاوپەیمان لە شەڕڤانان دەڕوانن، سەرباری فشارو ناڕەزاییەكانی توركیا لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكاو هاوپەیمانان لەگەڵ یەپەگە.

 

هێزەکانی ئەمەریکا و یەپەگە پـێکەوە لە ناوچەی کۆبانێ لە نزیک سنوری تورکیا/ 2-11-2018. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

ئەمەریكاو هاوپەیمانان نیگەرانن لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان‌و دەیانەوێت چاوەكان لەسەر تێكشاندنی داعش بن، بەرپرسانی ڕۆژئاوای كوردستان پێیانوایە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان لە بەرژەوەندیی داعشەو توركیا خوازیارە بەرەی هێزەكانی سوریای دیموكرات پەرتەوازەو لاواز بكات.

 

پاساوی توركیا بۆ هێرشەكانی ئەوەیە یەپەگە سەربە پەكەكەیە، بەڵام ئەمەریكا دان بەوەدا نانێت‌و بەردەوامە لە هاوكاریی شەڕڤانانی یەپەگە.

 

ڕائید شان ڕۆبەرتسن وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا(پنتاگۆن) لەبارەی لێدوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئامادەكاریی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر یەپەگە لە ڕۆژهەڵاتی فورات، ڕایگەیاند"هەست بە لێدوانەكانی توركیا دەكەین لەبارەی پلانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. لە پەیوەندیداین بۆ هێوركردنی ڕەوشی نێوان توركیا و هەسەدە."

 

توركیا هاوپەیمانی ئەمەریكایە لە ناتۆ، وتەبێژەكەی پەنتاگۆن دەڵێت"بەتەواوی پابەندین بەئاسایشی سنوورەكانی توركیا، هانی هەموو لایەنەكان دەدەین بۆ ئەوەی خۆیان لە تەشەنەسەندنی گرژییەكان بە دوور بگرن كە گرنگترین ئەركیان باری سەرنج خستنە سەر شكستهێنانە بەداعش."

 

هێزەکانی ئەمەریکا و یەپەگە پـێکەوە لە ناوچەی کۆبانێ لە نزیک سنوری تورکیا/ 2-11-2018. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

ئەردۆغان كە بەهۆی خەونی زیندوكردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌و فراوانكردنی هەژموون‌و دەسەڵاتی لە ناوچەكە نازناوی سوڵتانی لێنراوە، دوای هێرشكردنەسەر عەفرین‌و شەهیدو برینداركردنی خەڵكی مەدەنی‌و دەست تێكەڵكردنی لەگەڵ چەكدارە توندڕەوە جیهادییەكان لە ناویاندا پاشماوەكانی داعش، ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆری وڵاتانی ڕۆژئاواو میدیای جیهانیی بووەوە، بەڵام ئێستا بەردەوامە لە ناردنی هێز بۆ سەر سنوری ڕۆژئاوای كوردستان‌و تۆپبارانكردنی ناوچە كوردییەكان.

 

هێرشەكانی توركیا لە كاتێكدایە داعش لە باكوری سوریا چالاكیی هەیەو چەند ناوچەیەكی بەدەستەوەیە، شەڕڤانان لە چوارچێوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەڵمەتی ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەیان دەستپێكردووە، بەڵام ماوەی 5 ڕۆژە بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە بۆسەر ناوچە كوردییەكان، هەڵمەتەكەیان دژی داعش ڕاگرتووە.

 

"هێرشی داگیركەرانەی دەوڵەتی تورك دژی هێزەكانی هەسەدە كە لەبەرامبەر چەتەكانی داعش تێدەكۆشن، تەنیا واتایەكی هەیە، ئەویش بڵاوەپێكردنی هێزەكانی هەسەدەیە لە دوایین ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی چەتەكانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات و خزمەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی داعش لە سوریا دەكات" فۆزا یوسف هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوبەری فیدراسیۆنی دیموكراتی باكوری سوریا وا دەڵێت.

 

هێزەکانی ئەمەریکا و یەپەگە پـێکەوە لە ناوچەی کۆبانێ لە نزیک سنوری تورکیا/ 2-11-2018. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

هاوكات فەرماندەیی گشتیی هەسەدە كە بە فەرمی تەواوی ئۆپەراسیۆنەكانی لە دژی داعش ڕاگرتووە، لە بەیاننامەیەكدا دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەستووەتەوە بە ڕاگرتنی هێرشەكانی توركیاوە.

 

هەسەدە ئەوەی خستووەتەڕوو، هێرشەكانی توركیا "ڕاستەوخۆ پشتیوانیكردنی دەوڵەتی توركیایە لە ڕێكخراوی داعش و لەسەر بنەمای هەماهەنگی ڕاستەوخۆی هەردوولایەن هاتووە."

 

فەرماندەیی گشتیی هەسەدە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات سنورێك بۆ هێرشەكانی توركیا دابنێت و هەڵوێستێكی ڕونی لەو بارەیەوە هەبێت، دەڵێت"بە تایبەتی هەوڵەكانی توركیا بۆ هێشتنەوەی داعش و هاوكاریكردنی كە پێچەوانەی ستراتیژی هاوبەشەكانمانە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش."