هاوپەیمانی بە سەرۆكایەتی ئارام قادر بەردەوام دەبێت

09-11-2018 03:59
دەنگدانی ئارام قادر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هاوپەیمانی.

 

پەرەگراف

 

هاوپەیمانی سەرۆكی نوێی هەڵبژارد‌و بە ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك بڕیاریدا بەردەوام بێت وەك حیزبێكی سیاسی، یەكێك لە گۆڕانكارییەكان گۆڕینی ناوەكەیەتی لە هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری بۆ هاوپەیمانی نیشتمانی.

 

كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانی ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، هاودیدانی ئەو حیزبە بڕیاریاندا بە مانەوەی هاوپەیمانی، دواتر چەند گۆڕانكارییەك تاوتوێ كران‌و بڕیار لە گۆڕینی ناوەكەی دراو سێ ئەنجومەن بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی حیزبەكە پێكهێنران، ئەنجومەنەكانی؛ بەڕێوەبردن، سیاسی و نوێنەران، پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەش هەموار كرایەوە.

 

دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ كرایەوەو حەوت كەس خۆیان كاندیدكرد بۆ شوێنەكەی پێشووی بەرهەم ساڵح، ئارام قادر ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی‌و سەركردەی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی لە دیارترین كەسەكان بوو، دواجار بە سەرۆكی نوێی حیزبەكە هەڵبژێردرا.

 

ئارام قادر ماستەری هەیە لە زانستی سیاسەت‌و ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان بووەو پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیی بووە، لە كۆبوونەكەی ئەمڕۆدا 244 دەنگی بەدەستهێناوە لە كۆی 315 دەنگدەر.

 

بڕیاردان لە مانەوەی هاوپەیمانی پێچەوانەی خواستی بەرهەم ساڵح‌و زۆربەی كۆنە یەكێتییەكان بوو كە دوای وازهێنانی بەرهەم ساڵح لە هاوپەیمانی ئەوانیش لەگەڵیدا وازیان هێناو زۆریان گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی‌و داوای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییان دەكرد.

 

بە پێچەوانەی خواستی ئەوانەوە، هەریەكە لە ئارام قادرو محەمەد ڕەئوف دیارترین دوو كەسایەتیی ناو هاوپەیمانی كە پێشتر لەناو كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامیی پۆستی باڵایان هەبووە، لەگەڵ ئەوەدابوون هاوپەیمانی درێژە بەكارەكانی بدات‌و بمێنێتەوە، ئەمڕۆش بە بەشداریی ئەو دوو سەركردەیە بڕیاری مانەوەی هاوپەیمانی درا.

 

هاوپەیمانی ساڵی ڕابردوو بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح دامەزراو وەك حیزبێكی ناڕازیی دەركەوت‌و خۆیدایە پاڵ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و هەمان پەیامی ئەوانی هەڵگرت، بەڵام بەرلەوەی ساڵێكی تەمەنی تەواو بكات، سەرۆكەكەی بەجێی هێشت‌و گەڕایەوە ناو یەكێتی.

 

گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح لە چوارچێوەی كاندیدكردنی بوو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، هەر بەوهۆیەوە بەرهەم ساڵح ڕێگەی نەدا هاوپەیمانی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات‌و بایكۆتیان كرد.

 

یەكەم ئەزموونی بەشداریكردنی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردن، مانگی 5ی ئەمساڵ بوو بۆ پەرلەمانی عێراق كە تەنها 2 كورسی بەدەستهێنا، لەگەڵئەوەی ئەنجامەكانی پەسەند نەكردو دەڵێت"تەزویری گەورەی لێكراوە" بەڵام بەشداریی كرد لە پەرلەمان‌و پڕۆسەی سیاسی عێراق.

 

ئەمڕۆش دوو پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی لە بەغداد پەیامێكیان ئاڕاستەی بەرپرسانی حیزبەكەیان كرد، ئەوەیان خستووەتەڕوو ئەوان مانەوەی هاوپەیمانی بە "باش‌و ئاسان" نازانن، ئەوەشدەخەنەڕوو پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هاوپەیمانی بمێنێتەوە ئەوانیش هەر هاوپەیمانی دەبن.

 

بەرهەم ساڵح، دوای بەتەواوی بێئومێدبوونی لە هەوڵەكانی پێشووتری بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە خۆی جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی بوو، هەروەها شكست هێنانی ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حزبەكەی، ئەوكات بڕیاریدا لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی لە هەڵبژاردن بكات‌و هاوپەیمانیی دامەزراند.

 

گەڕانەوەشی بۆ ناو یەكێتی لە كاتێكدابوو، هاوپەیمانی سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوە بوو بۆ قۆناغی نوێی كاركردن دوای ئەو ئەنجامەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستی هێنا كە زۆر كەمتر بوو لەوەی پێشبینییان دەكرد، بەڵام خواست‌و حەزە لە مێژینەكەی بەرهەم ساڵح بۆ بوون بە سەرۆك كۆمار، خۆڕێكخستنەوەی هاوپەیمانی تێكداو خستیەبەردەم چارەنوسێكی نادیار.

 

بۆئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بەدەست بهێنێت، بەرهەم ساڵح پێوستی بە ڕەزامەندیی یەكێتی هەبوو تا ببێتە تاكە كاندیدی ئەو حیزبە بۆ ئەو پۆستە، هەربۆیە لەگەڵ یەكێتی ڕێككەوت بگەڕێتەوەو كرایەوە بە جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و حیزبە نوێیەكەی بەجێهێشت، دواجار سەرەتای مانگی ڕابردوو بە خەونەكەی گەیشت‌و بووە سەرۆك كۆمار لەسەر پشكی یەكێتی.

 

بەرهەم ساڵح بە گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی‌و جێهێشتنی هاوپەیمانی، باجێكی زۆریدا لە ناو خەڵكداو لێكەوتەی خراپی لەسەر سومعەی سیاسیی هەبوو، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەدان كەس ڕەخنەی تووند‌و تانەو توانجیان لێگرت.

 

هاتنە دەرەوەو گەڕانەوە بۆ ناو حیزب‌و وازهێنان لە حیزبی نوێ، لە پێناو پۆست‌و پارەدا لەناو سیاسییەكانی كورددا شتێكی نوێ نییە، یەكێتی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە "گەڕانەوە بۆ ماڵە گەورەكە" ناودەبات، نەوشیروان مستەفاش ڕێكخەری كۆچكردوی گۆڕان‌و سیاسیی ناوداری كورد بە "هاوڕێی نیوەی ڕێگا" ناوی دەبردن.

 

بۆ بەرهەم ساڵح جیاوازییەكە ئەوەبوو خۆی كەسی یەكەمی ئەو حیزبە بوو كە دایمەزراند، بەڵام بۆ پۆستێك بەجێی هێشت‌و گەڕایەوە ناو حیزبەكەی پێشتری، بەوەش دەستبەرداری پڕۆژە نوێیەكەی بوو كە دوو چەمكی زۆر گەورەی هەڵگرتبوو ئەوانیش "دادپەروەری ‌و دیموكراسی" بوون.