گۆڕان‌و كۆمەڵ چاویان لە كارنامەی حكومەتە بۆ بڕیاری بەشداریكردن

11-11-2018 06:05
ڕێكخەری گشتی گۆڕان‌و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی. وێنە؛ هێمن عەلی.

 

پەرەگراف

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی وەك دوو حیزبی ئۆپۆزسیۆن‌و نزیك لە یەك، چاوەڕوانی كارنامەی حكومەتی نوێی هەرێم دەكەن‌و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدەن بەشداربن یان ببن بە ئۆپۆزسیۆن، كابینەی نوێ پارتی پێكیدەهێنێت‌و نایەوێت ئەزموونی حكومەتی دوو حیزبیی لەگەڵ یەكێتی دووبارە بكاتەوە.

 

هێشتا پارتی دەستی بەسەردانی لایەنەكان نەكردووە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام پەیوەندیی تەلەفۆنیی لە نێوان بەرپرسانی ئەو حیزبەو حیزبەكانی دیكە بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوامە بۆ زەمینەخۆشكردن تا چوار ساڵی داهاتوو پێكەوەبن.

 

ئەوەی یەكلایی بووەتەوە بەشداریكردنی یەكێتی‌و بوون بە ئۆپۆزسیۆنی نەوەی نوێ‌و یەكگرتووە، لەپاڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا هێشتا كۆمەڵی ئیسلامیش بڕیاری كۆتایی نەداوە.

 

عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ، ئەوەدەخاتەڕوو، مەرجیان نییە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێ، دەڵێت"ئەو لایەنەی كە زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر داوای لە كۆمەڵی ئیسلامی كرد بۆ بەشداری لە حكومەت، ئەوكاتە ئێمە پڕۆژەی خۆمان هەیە بۆ بەشداریكردنمان، چونكە ئێمە بڕیاری پێشوەختەمان نەداوە كە بەشدار دەبین یان دەبین بە ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو بەشداریكردنمان پەیوەستە بەوەی كە ئایا ئەمجارە شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت، ئایا چ جۆرە حكومەتێك پێكدێت و پەرلەمان چۆن دەبێت، ئایا وەكو جاران حكومەت نا‌توانێت خزمەتگوازرییە سەرەتاییەكان دابین بكات، من پێموایە ئەمە‌ پێویستی بە میساقێك هەیە."

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ كە وەزیری دەستلەكار كێشاوەیە لە حكومەتی هەرێم‌و ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، باسلەوەشدەكات لەسەر بنەمای بۆچوون‌و كارنامەی ئەو كەسەی حكومەتەكە پێكدەهێنێت بڕیاردەدەن بەشداربن یان نا.

 

حیزبەكەی عەبدولستار مەجید نزیكایەتیی تەواوی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەیەو لە زۆربەی پرسەكانی چوار ساڵی ڕابردوودا هاوهەڵوێست بوون، ئەوان خۆیان بەیەكەوە گرێ نەداوە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییان هەیە لەوبارەیەوە.

 

كارنامەی حكومەتی داهاتوی هەرێم كە پارتی دایدەنێت ئەو خاڵەیە كە بەهەمان شێوەی كۆمەڵ، بزووتنەوەی گۆڕانیش بەشداریكردنی لە كابینەكە پێوە بەستووەتەوە، ئەوان چوار ساڵی ڕابردوو كارنامەكەیان بەدڵ بوو هەربۆیە سەرەتا بەشداربوون‌و لە نیوەیدا توشی كێشەبوون، لە نزیكەی كۆتایی تەمەنی كابینەكەدا پێكەوە لێی كشانەوە.

 

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، پارتی نایەوێت حكومەتی دوو حیزبیی لەگەڵ یەكێتی پێكبهێنێت‌و بەپێی ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ حیزبەكان دەكات، هاوكات پێشوازیی لە گۆڕان دەكات بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێ، لەناوی گۆڕانیشدا ئاڕاستەی بڕیار بەرەو ئەوە دەڕوات بچنە حكومەتەوەو زۆربەی بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەكە ئەو خواستەیان هەیە.

 

شۆڕش حاجی‌ ئەندامی‌ خانەی‌ ڕاپەڕاندنی‌ گۆڕان بۆ میدیای حیزبەكەی ئەوەدەخاتەڕوو، بزوتنەوەكەیان بە گرنگییەوە لە كارنامەی‌ حكومەتی‌ هەرێم دەڕوانێت، "ئەگەر لەگەڵ بنەما و كارنامەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ خزمەتی‌ هاوڵاتیان بگونجێت، ئەوا بەشداری‌ لەو كابینەیەدا دەكەین، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر لەگەڵ كارنامەی‌ گۆڕان نەگونجێت، ئەوا بەشداری‌ ناكەین."

 

شۆڕش حاجی‌ كە هاوكات وتەبێژی فەرمی گۆڕانە، دەشڵێت"لە ئەگەری‌ بەشداریكردنی‌ گۆڕان لە حكومەتدا، كە دواجار جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بڕیاری‌ لەسەر دەدات، سەیری‌ بەرنامەی‌ حكومەتی‌ ئایندەی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەكەین، ئەگەر بەرنامەی‌ چاكسازیی‌ ئێمە كە لەسەرەتای‌ دروستبونمانەوە بانگەشەمان بۆ كردوە، لەگەڵ بەرنامەی‌ حكومەت یەكبگرێتەوە ئەوا ئێمە لەو حكومەتە كار دەكەین بۆ سەرخستنی‌ پڕۆژەكانمان."

 

هەشت كابینەی ڕابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، بەبێ‌ ئەوەی هیچ حزبێك بەتەنیا بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرێت.

 

ئێستا پارتی دەیەوێت ئەو حیزبانەی بەشداریی كابینەی نوێ دەكەن تا كۆتایی تێیدا بمێننەوەو بەشدارییەكەیان یەكلایی بوونەوەبێت، نەوەك لە ڕاگەیاندنەكانیانەوە وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە بكەن، حیزبەكانیش بەتایبەت گۆڕان‌و كۆمەڵ داوای بەشدارییەكی ڕاستەقینە دەكەن، بەو مانایەی ڕۆڵیان هەبێت لە بڕیار‌و ئاڕاستەی كاری حكومەت‌و دەستكراوەبن لە جێبەجێ كردنی پلان‌و بەرنامەكانیان.