یەكگرتوو گۆڕانكاری ناوخۆیی دەستپێكرد‌و زەمینەسازیی دەكات بۆ "هەڵسانەوە"

12-11-2018 11:33
سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

یەكگرتوو چەندین گۆڕانكاریی ناوخۆیی لە حیزبەكەیدا دەكات‌و كۆنگرەی گشتیی بۆ ماوەی 6 مانگ پێشدەخات، ئەوەش وەك زەمینەسازیی هەڵسانەوەی ئەو حیزبە لە دوای پاشەكشەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و لەدەستدانی نیوەی كورسییەكانی.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە سەرپەرشتی سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی تاوتوێ كردووەو بڕیاری لەبارەوەدان.

 

بەپێی بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكە، یەكگرتوو تەئكید لە ئۆپۆزسیۆن بوون دەكاتەوەو بەشداریی كابینەی نوێی حكومەت ناكات، لەبارەی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی حیزبەكەوە دەڵێت"ئەنجامدانی چەندین گۆڕانكاری لە پۆستە سەرەكیەكانی حزب لە سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی ئەنجومەنەكان‌و ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن."

 

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی یەكگرتوو بۆ بڕیاردان بووە لەسەر ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی ئەو حیزبە كە 25-10-2018 لە شاری دهۆك بەڕێوەچوو، ئەوەش یەكەم هەنگاوی كرداریی ئەو حیزبە بوو بۆ خۆنوێ كردنەوە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە تێیدا ئەو حیزبە زەرەرمەندی سەرەكیی بوو، نیوەی كورسییەكانی لەدەستداو لە 10 كورسی خولی پێشوو، لەم خولەدا تەنها 5 كورسی هەیە.

 

لەگەڵ بڕیاردان لە پێشخستنی كۆنگرەی گشتیی یەكگرتوو بۆ ماوەی 6 مانگ كە وادەی ئاسایی دوو ساڵی دیكەیە، هاوكات سەركردایەتی ئەو حیزبە لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ پۆڵێنكردنی بەشی دووەمی ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی‌و ئامادەكردنی پڕۆژەو میكانزمی پێویست لەو بارەیەوە بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتییان.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو تەئكید لەوەدەكاتەوە، تا كاتی كۆنگرەی داهاتوویان، هەموو ئۆرگان‌و دەزگاو ئەندامەكانیان، وزە و لێهاتنەكانیان بخەنە گەڕ بەمەبەستی؛ "خۆ ڕێكخستنەوە و خۆنوێكردنەوە و زەمینە سازكردن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵسانەوەی هەمەلایەنەو تێپەڕاندنی قۆناغی ڕابردوو."

 

سەرباری ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی "پێشێلكاری‌و ساختەكاری"، یەكگرتوو یەكەم حیزب بوو ڕاشكاوانە دانی نا بە "پاشەكشەی نەخوازراو"ی حیزبەكەی لە هەڵبژاردنداو لە سەركردایەتی ئەو حیزبە ئامادەیی پیشاندا بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی‌و بڕیاردانی گۆڕانكاریی‌و بەخۆداچوونەوە.

 

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی گشتی هەڵبژادنەكە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا یەكگرتوو بڕیاری كۆتایی دا كە ناچێتە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و دەبێتە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان، ئەوە خواستی زیاتر لەسەدا 70ی كادرانی ئەو حیزبە بووە لە ڕاپرسییەكی ناوخۆییدا، ئەمڕۆش تەئكید لە هەمان هەڵوێست كراوەتەوە.

 

پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیەو 45 كورسی بەدەستهێناوە، ئەو حیزبە ڕۆژانی داهاتوو گفتوگۆی فەرمی دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

 

هاوشانی یەكگرتوو، نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، یەكێتی وەك براوەی دووەم سوورەلەسەر بەشداریكردن لە كابینەی نوێ، هێشتا گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كۆتاییان نەداوەو چاوەڕوانی گفتوگۆكردنن لەگەڵ پارتی‌و دەڵێن، لەسەر بنەمای كارنامەكەی كابینەی نوێ بڕیار دەدەن بەشداردەبن یان نا.