چەكدارێكی كوردی ناو داعش خۆی تەقاندەوە

11-03-2017 05:59

 

پەرەگراف

 

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ڕایگەیاند، چەكدارێكی كوردی ئەو ڕێكخراوە خۆی تەقاندوەتەوە بە سەربازانی حەشدی شەعبی لە باكوری خۆرهەڵاتی بێجی.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی داعش كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تەلەگرام بڵاویكردووەتەوە، هەریەكە لە "یوسف كوردی‌و ئەبو قەعقاع عێراقی" لە دوو كردەوەی خۆكوژیدا خۆیان تەقاندوەتەوە بە چەكدارانی حەشدی شەعبی لە گوندەكانی شوەیش‌و هنشی كە دەكەونە باكوری خۆرهەڵاتی بێجی.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی داعش"دوو ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكەیان لەنزیك وێستگەی وزەو كۆگای بەرهەمهێنانی زەیت تەقاندوەتەوەو بووەتەهۆی تێكشكاندنی سێ هەمەرو دەستبەسەرداگرتنی سیانی دیكەو كوژران‌و برینداربوونی چەند چەكدارێكی لێكەوتوەتەوە."

 

یوسف كوردی ئەو چەكدارەی داعش كە خۆی تەقاندووەتەوە.

 

خۆ تەقاندنەوەی ئەو چەكدارانەی داعش دوای زیادبوونی فشارەكانی سەر ئەو ڕێكخراوەو بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ بەری‌ خۆرئاوای موسڵە كە هێزەكانی‌ سوپاو پۆلیس‌و حەشدی‌ شەعبی‌ بەشدارن تێیدا.


ئەوە یەكەمجار نییە چەكدارانی كوردی ناو داعش خۆیان بتەقێننەوە پێشتریش داعش خۆتەقاندنەوەی چەكداری كوردی ناو ڕیزەكانی‌و كوژرانی چەندینی دیكەی ڕاگەیاندووە، 20ی مانگی ڕابردووش داعش ڕایگەیاند، چەكدارێكی بەناوی عومەر كوردی خۆی تەقاندوەتەوە بە سوپای عێراق‌و میلیشاكاندا لە گوندی (تل كیسوم) لە باشوری خۆرئاوای موسڵ.

 

ئەبو قەعقاع ئەو چەكدارە عێراقییەكەی داعش كە خۆی تەقاندووەتەوە.


لەسەرەتای شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011و دواتریش دروستبوونی داعش ژمارەیەكی زۆر گەنجی كورد لە باشورو خۆرهەڵاتی كوردستانەوە پەیوەندییان بەو ڕێكخراوەوە كردووە.


هەرچەندە ڕێكخراوی داعش لە 2 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەكی خاكی ژێر دەستی لەدەستداوە لەعێراق‌و سوریا لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانان، بەڵام هێشتا لەعێراق بەشێكی شاری موسڵی بەدەستەوە ماوە كە دووەم گەورەترین شاری عێراقە.

 

ئێستا ئۆپەراسیۆن بۆ ئازادكردنی بەشی‌ خۆرئاوای‌ موسڵ بەردەوامە كە كەمتر لەنیوەی ڕوبەری شارەكە پێكدەهێنێت‌و زۆربەی‌ بارەگا حكومییەكان لەو بەشەدان، چەكدارانی‌ داعش لەو بەشەی شارەكە بەتەواوی گەمارۆدراون.

 

چاوەڕواندەكرێت ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی خۆرئاوای شاری موسڵ، شەڕێكی سەختتر بەخۆیەوە ببینێت بەهۆی ئەوەی كۆڵان‌و شەقامەكانی ئەو بەشەی موسڵ باریكن‌و سوپای عێراق ناتوانێت بەپێی پێویست تانك‌و زرێپۆش بەكاربهێنێت لە شەڕەكەدا.

 

شەڕی‌ موسڵ بە گەورەترین هێرشی‌ وشكانیی دادەنرێت لەدوای‌ ڕوخانی‌ رژێمی‌ سەدام لەساڵی‌ 2003، لەسەرەتای شەڕەكەوە هێزەكانی پێشمەرگەش بەشدارییان تێداكردو دوای كۆنتڕۆڵ كردنەوەی چەند ناوچەیەك، پێشڕەوییەكانیان ڕاگرت.