ئەردۆغان خەڵاتەكەی ئەمەریكا دەربارەی سەركردەكانی پەكەكە بە "گەمە" ناودەبات

13-11-2018 05:17

 

پەرەگراف

 

ئەردۆغان، 12 ملیۆن دۆلار خەڵاتەكەی ئەمەریكا بۆ پێدانی زانیاریی لەسەر سەركردەكانی پەكەكە بە "گەمە" ناو دەبات‌و دەڵێت، پێی هەڵناخەڵەتێن‌و بۆ شەرعیەتدانە بەوەی پەكەكە و پەیەدە دوو پێكهاتەی جیاوازن.

 

توركیا پەیەدە‌و یەپەگە(باڵی سەربازی پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە پەكەكە لەقەڵەم دەدات، بەڵام ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەپەگە هەیەو گوێ بە ناڕەزاییەكانی توركیا نادات، بەو پێیەی یەپەگە بەهێزترین هێزی شەڕكەرە دژی داعش لە خاكی سوریا.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی پرۆگرامی "خەڵات لە پێناوی دادپەروەریدا"، بڕی 12 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە بۆ پێدانی هەر زانیارییەك كە شوێنی سێ سەركردەی باڵای پەكەكە ئاشكرا بكات، ئەوەش لەكاتێكدایە لە مێژووی ئەو بەرنامە ئەمەریكییەدا كەمترین جار پێدانی ئەو خەڵاتانە سەركەوتووبووەو هەندێك جاریش بڕیارەكانیان "سیاسیی"بوون پتر لەوەی پەیوەندیی بە پێویستیی ئەمەریكا هەبێت بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانە.

 

توركیا چەندجارێك كاردانەوەی پیشانداوە لەسەر ئەو خەڵاتەی ئەمەریكا، ئەمڕۆ سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند"دانانی خەڵاتی پارە لەسەر سێ سەركردەی پەكەكە لەلایەن ئەمەریكاوە، هەنگاوێكی دواكەوتووە. ناكرێت لێی دڵنیابین. ئێمە ئەمە بە گەمەیەك دەزانین بۆ شەرعیەتدان بەوەی گوایە پەكەكەو پەیەدە دوو پێكهاتەی جیاوازن. بێگومان بەم گەمەیە هەڵناخەڵەتێین."

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو، كاردەكەن بۆ چارەسەركردنی بوونی پەكەكە لە خاكی عێراق، وتی"تەنها قەندیل نییە و بابەتی مەخمووریش لە ئارادایە. مەخموور هێلانەی پەكەكەیە. ئێستا 12 بۆ 13 هەزار كەسی تیادایە. نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئیدی لەم كارە بێزار بووە. دەیەوێت ئەوێ تێكبدات. دوای تێكدانی چی دەبێت؟ پێویست دەبێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق، ئەمریكاو حكومەتی هەرێمی باكووری عێراق كارێك لەبارەی بوونی پەكەكەوە بكەین لە عێراق. ئینشائەڵڵا ئەم كێشەیە چارەسەر دەكەین."

 

توركیا لەگەڵ بەردەوامیی بۆردومانكردنی قەندیل، هاوكات چاوی لەسەر ئەو ناوچانەیە كە ئەندام‌و لایەنگرانی پەكەكەی تێدایە، لەو چوارچێوەیەدا پێشتر هەڕەشەی هێرشكردنەسەر شەنگالی جێبەجێ كرد كە بە "قەندیلی بچووك" ناوی دەبات، ئێستاش چاوی لەسەر كەمپی مەخمورە كە ئەندام‌و لایەنگرانی پەكەكەی تێدایە لە قەزای مەخمور سەربە پارێزگای هەولێر.

 

ئەمەریكا هاوپەیمانی توركیایەو هاوشێوەی ئەو وڵاتە پەكەكە بە ڕێكخراوێكی "تیرۆریستی" لە قەڵەم دەدات، بەڵام لەگەڵ پەیەدە لە پەیوەندیی بەردەوامدایەو بە پێدانی چەك‌و پێداویستی سەربازی‌و مەشق‌و ڕاهێنان هاوكاریی دەكات.

 

تائێستا واشنتۆن نەچووەتە ژێرباری فشارو داواكارییەكانی ئەنقەرە بۆ دوركەوتنەوە لە پشتیوانییكردنی یەپەگە، ئەوەش وایكردووە توركیا دڵخۆش نییە بەو خەڵاتەی ئەمەریكا كە لە چوارچێوەی پرۆگرامێكدا بۆ پێدانی زانیاریی لەسەر سەركردەكانی پەكەكە ڕایگەیاندووە.

 

خەڵاتەكەی ئەمەریكا دەربارەی سەركردەكانی پەكەكە

 

ئەو پرۆگرامە ئەمەریكییە وەك بەشێك لە خەڵاتەكانی دژە تیرۆری ئەمەریكی لە ساڵی 1984 دامەزراوە بۆ "ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی" پرۆگرامەكە لە وێبسایتی تایبەتی خۆیاندا لە بارەی ئامانجەكەیانەوە نوسیویانە"ئامانجی خەڵات لە پێناوی دادپەروەریدا بۆ هێنانە بەردەم دادگای تیرۆریستە نێودەوڵەتییەكانە، هەروەها بۆ ڕێگرییكردنیانە بۆ چالاكیی تیرۆریستی دژی كەسایەتی و موڵكەكانی ئەمەریكا."

 

لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، حكومەتی ئەمەریكا 145 ملیۆن دۆلاری لەو پرۆگرامەدا خەرجكردووە كە بەخشیویەتی بەو كەسانەی زانیارییان لەسەر 90 داواكراو پێشكەش كردووە.

 

باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئەنقەرە 6ی ئەم مانگە لە ڕێگەی تویتەری فەرمی خۆیانەوە هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە سێ سەركردەی دیاری پارتی كرێكارانی كوردستان خراونەتە لیستی داواكراوەكانەوە، ئەوانیش هەریەك لە موراد قەرەیلان، جەمیل بایك و دوران كالكان، كە پێكەوە 12 ملیۆن دۆلار وەك خەڵات دانراوە بۆ هەر كەسێك زانیاریی لەبارەی شوێنەكانیانەوە بداتە ئەمەریكا.

 

سكۆت ستیوارت، سەرپەرشتیاری شیكاریی تیرۆر و ئاسایش لە ناوەندی ستراتفۆری ئەمەریكی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و ئەمنی، پێیوایە زۆرینەی جار ئەو ڕێگایەی حكومەتی ئەمەریكا دەیگرێتەبەر بە پێدانی خەڵات بۆ دۆزینەوەی كەسانی داواكراو، شكست دەهێنێت.

 

ئەو لێكۆڵەرە ئەمەریكییە نمونەی حافز محەمەد سەعید دەهێنێتەوە كە دامەزرێنەری "لەشكری تەیب"ـە لە پاكستان، كە هەمان پرۆگرامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردبوو بۆ پێدانی هەر زانیارییەك لەبارەیەوە، بەڵام چەند ڕۆژێك دوای دابینكردنی خەڵاتەكەی ئەمەریكا بۆ دۆزینەوە، سەعید كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی فراوانی لە شوێنێكی ئاشكرای پاكستاندا ئەنجامداو بە توانجیشەوە باسی لەوە كرد كە خواستی ئەوەی هەبووە كاتی ئەنجامدانی كۆنگرەكەی بناردایە بۆ بەرپرسە ئەمەریكییەكان.

 

بەبڕوای سكۆت ستیوارت، ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا دژی حافز محەمەد سەعید بەڕوونی بابەتێكی سیاسیی بووە نەك هەوڵێك بۆ دەستگیركردنی كەسێك كە مەترسی لەسەر ئەمەریكا دروستكردبێت. ئەویش بۆ ڕاكێشانی سۆزی هیندستانییەكان، بەبێ ئەوەی چاوەڕێ بكات لێپرسراوانی پاكستان ئەو كەسایەتییە ڕادەستی ئەمەریكا بكەن.

 

توێژەرە ئەمەریكییەكە پێیوایە كە زۆر سەختە ئەمەریكا بتوانێت ئەو كەسانە دەستگیر بكات یاخود زانیارییان لەسەر وەربگرێت كە لەو ناوچەنەدان كە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەو هێزانە خۆیاندایە، ئەو نمونەی سنورەكانی پاكستان-ئەفغانستان دەهێنێتەوە، یاخود گروپێكی بەهێزی وەك حزبوڵا لە لوبنان كە ئەمەریكا ناتوانێت داواكراوەكانی لەو ناوچانەدا دەستگیر بكات.

 

هاوكات بیل ڕۆجیۆ توێژەر لە دامەزراوەی بەرگریی لە دیموكراسی، لە بارەی كارەكانی ئەو پرۆگرامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە دەڵێت، ئەو كەسایەتیانەی دەخرێنە لیستی داواكراوەكانەوە بەشێوەیەكی گشتی لە وڵاتانی خۆرئاوا یاخود ئەو وڵاتانەی ئاسان دەكەونە بەردەست، ناژین.

 

بیل ڕۆجیۆ دەڵێت"ئەو كەسانە زۆربەی جار لەو ناوچانە دەژین كە پارێزراون و ڕۆیشتن بۆ ناویان قەدەغەیە، ئەو شوێنانە لەلایەن گروپەكانی ئەو كەسانە خۆیانەوە یاخود هاوپەیمانەكانیان كۆنتڕۆڵ كراوە، لەبەرئەوە زۆر زەحمەتە، تەنانەت ئەگەر بشزانیت كەسەكە لەكوێدایە، بچیت و دەستگیری بكەیت."

 

ئەو پرۆگرامە تا ئێستا ملیۆنان دۆلاری وەك خەڵات داوە بەو كەسانەی زانیارییان لەسەر كەسانی داواكراوی ئەمەریكا پێشكەش كردووە، لەنێویاندا 30 ملیۆن دۆلار بەخشراوە لە پێناو ئاشكراكردنی شوێنی هەردوو كوڕی سەدام حسێن، عودەی و قوسەی، كە دواتر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمەریكییەكان كوژران.

 

دیاریكردنی خەڵات بۆ پێدانی زانیاریی لەسەر بەرپرسانی پەكەكە لەلایەن ئەمەریكاوە، لە كاتێكدایە لە نێوان ئەمەریكاو توركیا چەندین دۆسیەی ئاڵۆز‌و كێشە لەسەر بوونیان هەیە، هەروەها سەركردەكانی پەكەكەش لە چیا سەختەكانی قەندیل دەژین كە لە ژێر پاراستنی گەریلادایەو نەك دۆزینەوەو دەستگیركردن، بەڵكو بواری دەستكەوتنی زانیارییش لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونیان بە دیاریكراوی ئەستەمە.