پەرەگراف وردەكاری ململانێی باڵەكانی یەكێتی لەسەر پۆستەكانی داهاتووی هەرێم ئاشكرا دەكات

15-11-2018 06:21
كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، قوباد تاڵەبانی كاندیدی یەكەمی یەكێتی بۆ باڵاترین پۆستی داهاتووی هەرێم لە پشكی حیزبەكەی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

تەبایی ناوماڵی یەكێتی تەنها دوو مانگ بڕی كرد، ئەوەش كاتێك بوو دوو باڵە سەرەكییەكەی ئەو حیزبە بەرژەوەندییەكانیان یەكی گرتەوە لەلایەك بۆ هەڵبژاردن‌و دواتریش بۆ پشتیوانیكردن لە بەرهەم ساڵح تا ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام ئێستا كە پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ئاراوە، ناكۆكی نێوان باڵەكان تۆخ بوونەتەوە.

 

دوو مانگی ڕابردوو بۆ یەكێتییەكان دڵخۆشكەر بوو، بەتایبەت كاتێك ڕاستەوخۆ دوای دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30-9، سەركردەی باڵە جیاوازەكانی ئەو حیزبە بە فڕۆكەیەك چوونە بەغداو وەك یەك تیم كاریان كرد لە دۆخێكی سەخت بەرامبەر پارتی.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادار لە ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، چیدی باڵەكانی ئەو حیزبە كۆك‌و تەبا نین‌و ناكۆكییەكان سەریانهەڵداوەتەوەو ئەگەری تووندبوونەوەی زیاتریش لە ئارادایە.

 

ئەوە لەكاتێكدایە هەفتەی داهاتوو دانوستاندنەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی‌و حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستپێدەكەن، بۆ یەكێتی قۆناغێكی هەستیارە، لەگەڵئەوەی حیزبی دووەمی كوردستانە، بەڵام كورسییەكانی لە پەرلەمان ناگەنە نیوەی كورسیەكانی حیزبی یەكەم كە پارتی یە، پارتیش وەك جاران نەماوە لەگەڵ یەكێتی بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە.

 

یەكێتی چاوی لەسەر دوو پۆستی باڵایە لە سەرۆكایەتییەكانی پەرلەمان‌و حكومەتی نوێ، كۆسرەت ڕەسوڵ‌و ماڵی تاڵەبانی كاندیدی جیاوازیان هەیەو ململانێی بەدەستهێنانی پۆستەكان دەكەن.

 

"لەو دوو پۆستەی یەكێتی داوای دەكات كە سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەتە، كاك كۆسرەت دەڵێت دەبێت ماڵی مام جەلال كاندید بۆ یەكێكیان دیاریی بكەن‌و منیش بۆ ئەوەی دیكەیان" سەرچاوەیەك كە بە وردیی ئاگاداری دۆخی ناو یەكێتییە وادەڵێت.

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو"ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان بۆ ماڵی مام جەلال بێت ئازادن كێ دیاریی دەكەن‌و كاندیدی دیاریان قوباد تاڵەبانی یان بێگەرد تاڵەبانی یە، بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتیش قادر حەمەجان كاندیدی كاك كۆسرەتە."

 

ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی لە كاتێكدایە هێشتا پارتی هیچ پۆستێكی بۆ ئەو حیزبە یەكلایی نەكردووەتەوەو پەیوەستی كردووە بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتەوە، پارتی دەیەوێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێدا سەرۆكوەزیران دوو جێگری هەبێت، یەكێكیان بۆ كاروباری كارگێڕی‌و ئەوەی دیكەیان بۆ دارایی.

 

پرسی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت خواستی ماڵی مام جەلال نییە، بەوپێیەی لە بەرژەوەندیی قوباد تاڵەبانی نابینن كە "چاوی لەو پۆستەیە بە دەسەڵاتی فراوانەوە."

 

بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بۆ پەرەگراف دەڵێت"كاك كۆسرەت كێشەی نییە ئەگەر سەرۆكی حكومەتی داهاتوو دوو جێگری هەبێت‌و یەكێكیان وەربگرن لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان، ئێستا تەنها پۆستی قوباد تاڵەبانی بووەتە گرێ كوێرە، چونكە كاك قوباد نایەوێت ببێتە سەرۆكی پەرلەمان‌و ئەگەر سەرۆكی حكومەت دوو جێگری هەبێت ئەوەش ناكات."

 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بەهۆی هەستیاریی پرسەكەوە، وتیشی"ئەگەر لە دابەشكاریی ناوخۆییدا ئەو پۆستەی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەر یەكێتی دەكەوێت بدرێتە باڵی كۆسرەت ڕەسوڵ، ئەوا كاندیدەكەیان ڕێواز فایەق پەرلەمانتارو ئەندامی سەركردایەتی دەبێت."

 

ئەوە لەكاتێكدایە، پارتی ئەوەی یەكلایی كردووەتەوە ئەگەر سەرۆكی حكومەتی داهاتوو یەك جێگری هەبێت، "بەدڵنیاییەوە لەگەڵ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێكەوە نادرێن بە یەكێتی، ئەوكات یەكێتی دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرێت" ئەمەش بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری پارتی بۆ پەرەگراف.

 

لەپاڵ یەكێتیدا بزووتنەوەی گۆڕان چاوی لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتەو نایەوێت لە سەرۆكایەتی پەرلەمان پۆست وەربگرێت، ئەگەر بڕیاری بەشداریی لە كابینەی نوێ بدات كە زۆربەی بەرپرسانی باڵایان ئەو خواستەیان هەیە.

 

ئێستا سیناریۆی بەهێز ئەوەیە، سەرۆكوەزیرانی داهاتوو دوو جێگری هەبێت‌و یەكێكیان بدرێتە یەكێتی، هاوكات پۆستێكی باڵای سەرۆكایەتی پەرلەمانیش كە ئەگەری بەهێز ئەوەیە سەرۆكی پەرلەمان بێت، بەهەمانشێوە بۆ یەكێتی بێت، بەڵام لەو دۆخەدا "قوباد تاڵەبانی كێشەی هەیەو بە هیچیان ڕازیی نییە."

 

هەربۆیە سیناریۆیەكی دیكە لە ئارادایە، بەڵام وەك سەرچاوەكان دەڵێن"زۆر لاوازە" ئەویش ئەوەیە، سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت‌و دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆك دابەش نەكرێن بەسەر دوو كەسدا، لەو حاڵەتەدا پۆستەكە بۆ قوباد تاڵەبانی بێت، لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی یەكێتی لەو پۆستەی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان داوای دەكات، ئەوەش بە مەرجی ڕازیكردنی گۆڕان بە وەرگرتنی پۆست لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كە نە ئەو بزووتنەوەیە خۆی، نە پارتی ئەوەیان بەلاوە پەسەند نییە گۆڕان لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا بێت.

 

هەرچەندە پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

 

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، بەڵام گۆڕان خولێكی تەواو ئۆپۆزسیۆن(2009-2013)‌و خولی دواتر سەرەتا لە حكومەت‌و دواتر بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن.