وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت

16-11-2018 12:06

 

پەرەگراف

 

پارتی مانۆڕی سیاسی دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بڕیارە وەفدێكی ئەو حیزبە سبەینێ سەردانی سلێمانی بكات‌و لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، كۆبوونەوەكان بۆ "دەم تاقیكردنەوەو قسە وەرگرتنی فەرمیی لایەنەكان دەبێت دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ."

 

وەفدەكەی پارتی ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی سەرۆكایەتی دەكات، هەریەكە لە؛ مەحمود محەمەد، جەعفەر ئیمینكی، هێمن هەورامی‌و ئومێد سەباح ئەندامی وەفدەكە دەبن، ئەو سەرچاوە ئاگادارە وای وت، وتیشی، یەكەم كۆبوونەوەی وەفدەكەی پارتی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێت، وەفدی یەكێتی قادر حەمەجان سەرۆكایەتی دەكات‌و پێكدێت لە؛ سەعدی ئەحمەد پیرەو چەند ئەندامێكی سەركردایەتی.

 

سەرچاوەكە باسیلەوەشكرد، بڕیاربووە فازڵ میرانی سەرۆكایەتی وەفدی پارتی‌و عومەر فەتاح سەرۆكایەتی وەفدی یەكێتی بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی فازڵ میرانی چووەتە دەرەوەی وڵات، سەرۆكایەتی وەفدەكان گۆڕدراون.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیكرد بە چەند ئەندامێكی هەردوو وەفدی پارتی‌و یەكێتی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

 

دەستپێكردنی گفتوگۆ فەرمییەكان دوای ئەوەدێت لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لە نێوان لایەنەكاندا هەبووە بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و بەرچاو ڕۆشنییان بەیەكترداوە، بەتایبەت لە نێوان پارتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان.

 

ئەوەی تائێستا یەكلایی بووەتەوە، بەشداربوونی یەكێتییە لە كابینەی نوێ‌و ئۆپۆزسیۆن بوونی هەریەكە لە نەوەی نوێ‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعییە، هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كۆتاییان نەداوە، بەڵام زیاتر خواستیان بەلای بەشداریكرنە لە حكومەت، بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان كە زۆربەی بەرپرسانی باڵایان ئەو هەنگاوەیان پێباشە.

 

هەرچەندە پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

 

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، بەڵام گۆڕان خولێكی تەواو ئۆپۆزسیۆن(2009-2013)‌و خولی دواتر سەرەتا لە حكومەت‌و دواتر بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن.