ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان

17-11-2018 06:09
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی گۆڕان‌و پارتی لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان. وێنە؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف

 

پارتی مانۆڕی سیاسی دەستپێكرد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لەگەڵ یەكێتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، وتەبێژی پارتی دەڵێت، گۆڕان‌و یەكێتی بە بەرپرسیارێتییەوە دەڵێن دەبێت لەم قۆناغەدا پێكەوەبین‌و ئەوەش هەمان بڕیاری پارتییە بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

 

یەكێتی داوای شەراكەت‌و بڕیاردانی پێكەوەیی دەكات‌و دەڵێت، حكومەت لەسەر بنەمای پێكەوە گونجاندنی بەرنامەی كاری لایەنە سیاسییەكان كار دەكات، گۆڕانیش سەرنج‌و تێبینییەكانی خۆی بە پارتی وتووەو سەرنجەكانی پارتی وەرگرتووەو دەیباتە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بۆ بڕیاردانی كۆتایی.

 

یەكەم كۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی بوو لە مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە لە سلێمانی، شاندی پارتی ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی سەرۆكایەتی دەكرد، شاندی یەكێتی قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، لە دوای كۆبوونەوەی ئەو دوو حیزبە وتەبێژی هەردوولا كە بەشداربوون لە كۆبوونەوەكە پێكەوە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

 

مەحمود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و وتەبێژی پارتی ئەوەی خستەڕوو، بەلای حیزبەكەیەوە جێگیریی سیاسی گرنگە بۆ 4 ساڵی داهاتوو، ئەوەش بە ئامانجی گەشەپێدان بە دۆخی ئابوری‌و بوژانەوەی بژێوی خەڵك.

 

دەربارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ یەكێتی، وتەبێژەكەی پارتی وتی"وتووێژمان كرد كۆمەڵێك بیروڕامان گۆڕییەوەو زۆر لێك نزیك بووین، پێشبینی دەكەین لە كۆبوونەوەی داهاتوو یان یەك دوو كۆبوونەوەی داهاتوو كۆتایی بەم بابەتە بهێنین."

 

مەحمود محەمەد ئەوەسی خستەڕوو، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو حیزبی مێژوویی پێكەوە هاوبەش دەبن لەم قۆناغەشداو كاردەكەن بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی ڕابردوو، "كابینەیەك پێكبهێنین كە تەعبیر لە خواست‌و ویستی خەڵك بكات‌و بەڵێنەكانی هەڵبژاردن جێبەجێ بكات."

 

ئەوەی یەكلایی بووەتەوە بەشداربوونی یەكێتی لە كابینەی نوێ‌و ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعییە، سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا باسیلە پێكەوە كاركردنی ڕابردووی پارتی‌و یەكێتی كرد‌و سوود وەرگرتنی لە هەڵەكانی ڕابردوو بە گرنگ دانا.

 

"خەتی سورمان لەسەر بەشداریكردنی هیچ لایەك نییەو هەرلایەك دەیەوێت بەشداری بكات بەخێر بێت" سەعدی پیرە وای وت، وتیشی"حكومەتی داهاتوو لەسەر ئەساسی پێكەوە گونجاندنی بەرنامەی كاری لایەنە سیاسییەكانی بەشداری كابینەكە كاردەكات."

 

وتەبێژەكەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، حیزبەكەی دەیەوێت لەسەر بنەمای شەراكەت‌و بڕیاردانی پێكەوەیی كاربكات، دەربارەی كاندیدی پۆستەكان وتی"پۆستەكان دواتر باس دەكەین، لەسەر بەرنامە ڕێك بكەوین دواتر كەسەكان بۆ پۆستەكان دیاریدەكەین."

 

 كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتی. وێنە؛ لە سایتی سبەی وەرگیراوە.

 

هێشتا گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی وەك دوولایەنی بەهێزی ئۆپۆزسۆن بڕیاری كۆتاییان نەداوە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێ، چاوەڕوانی كارنامەی كابینەكەو قسەی پارتی دەكەن لەو بارەیەوە.

 

هەر ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی، شاندی پارتی چووە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەكە گفتوگۆی فەرمییان دەستپێكرد، بەرلە گفتوگۆكانی ئەمڕۆش ئەو دوو حیزبە پێشتر بە تەلەفۆن هەمان پرسیان تاوتوێ كردووەو بەرچاو ڕونییان بە یەكتر داوە.

 

دوای كۆبوونەوەكەی پارتی‌و گۆڕان، هەردوو حیزب كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا، شۆڕش حاكی وتەبێژی گۆڕان وتی"برایانی پارتی ویستی خۆیان بەوە دەربڕی گۆڕان بەشدار بێت لە حكومەتی داهاتووی هەرێم، ئێمەش باری سەرنج‌و تێبینییەكانی خۆمان پێڕاگەیاندن‌و بیروڕامان گۆڕییەوەو لە باری سەرنجی یەكتر و تێبینییەكانی یەكتر تێگەیشتین."

 

وتەبێژەكەی گۆڕان باسیلەوەشكرد، كۆبونەوەی دیكە لەگەڵ پارتی ئەنجام دەدەن بۆ گەیشتن بە ئەنجام، وتی"بڕیاری گۆڕان لای جڤاتی نیشتیمانییە، پارتی ڕای خۆی پێوتوین‌و ڕای ئەوان‌و خۆشمان لە كۆبوونەوەی جڤات باسدەكەین‌و بڕیار لای جڤاتە."

 

هاوكات مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ گۆڕان جارێكی دیكە تەئكیدی لەوە كردەوە، پارتی سەقامگیری سیاسیی بەلاوە گرنگە، ئەوەش بە هەموو لایەنەكان دروست دەبێت كە لە پەنای ئەوەدا بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێتەدی.

 

"هەموو لایەنەكان بە بەرپرسیارێتییەوە باسلەوە دەكەن كە دەبێت لەم قۆناغەدا پێكەوەبین، ئەمە زۆر گرنگە، لای برایانی یەكێتی‌و گۆڕانیش ئەو هەستە هەیە، لای ئێمەش بڕیاری خۆمانداوە پێویستمان بەوەیە بەیەكەوەبین‌و لە چوارساڵی داهاتوو هەوڵبدەین ئەم وڵاتە ببەینە قۆناغێك كە ویستی هەموو لایەكمانە" وتەبێژەكەی پارتی وای وت.

 

مەحمود محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، پێیان باش نییە هیچ لایەك كە دەیەوێت بەشداریی حكومەت بكات پشتگوێ بخرێت، وتیشی"تەفاهوم هەیە لەسەر پێكهێنانی حكومەت‌و پرەنسیپەكانی."

 

هەرچەندە پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

 

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، بەڵام گۆڕان خولێكی تەواو ئۆپۆزسیۆن(2009-2013)‌و خولی دواتر سەرەتا لە حكومەت‌و دواتر بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن.