توركیا بۆ ئەمەریكا: وێنەگرتنی سەربازانتان لەگەڵ یەپەگە سوكایەتییەو قبوڵی ناكەین

18-11-2018 06:37
شەڕڤانانی یەپەگەو سەربازانی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان پێكەوە نان دەخۆن.

 

پەرەگراف

 

توركیا بەردەوامە لە فشارەكانی بۆ سەر ئەمەریكا بە ئامانجی دوورخستنەوەی لە شەڕڤانانی یەپەگە، وەزیری بەرگری توركیا بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی سەربازانی ئەمەریكاو شەڕڤانانی یەپەگە كە پێكەوە نان دەخۆن، بە "سوكایەتی" ناودەبات‌و دەڵێت ئەوە قبوڵ ناكەن.

 

توركیا پەیەدە‌و یەپەگە(باڵی سەربازی پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە پەكەكە لەقەڵەم دەدات‌و بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، بەڵام ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەپەگە هەیەو گوێ بە ناڕەزاییەكانی توركیا نادات، بەو پێیەی یەپەگە بەهێزترین هێزی شەڕكەرە دژی داعش لە خاكی سوریا.

 

هەركاتێك سەربازانی ئەمەریكاو شەڕڤانانی یەپەگە پێكەوە دەردەكەون، توركیا تای بەرزدەبێتەوەو ناڕەزایی پیشاندەدات، لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی توركیا جارێكی دیكە نیگەرانیی وڵاتەكەی گەیاندە سەرۆك ئەركانی سوپای ئەمەریكا.

 

"چاوەڕوانییەكانمان لێیان خستەڕوو بۆ دووربارە نەبوونەوەی ئەو دیمەنە سووكایەتی و قبوڵ نەكرانە" ئەمە وتەی خولوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیایە لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ جەنەراڵ جۆزیف دەنفۆرد دەربارەی پەیوەندیی نێوان ئەمەریكاو شەڕڤانانی یەپەگە لە ڕۆژئاوای كوردستان.

 

خولوسی ئاكار لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئاسایشی نێودەوڵەتی(هالیفاكس) لە كەنەدا لەگەڵ دەنفۆرد كۆبووەتەوە، دوای كۆبوونەوەكە ئاكار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی وتووە"دووبارە پێمان ڕاگەیاندنەوە كە بوونی تیرۆریستانی یەپەگە لێرەدا كە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ پەكەكە و بەتایبەتیش هەڵسان و دانیشتنیان لەگەڵ سەربازانی ئەمەریكی و هاریكاریكردنیان گونجاو نییە، ئەوە ئێمەی زۆر نارەحەت كردووە و دەبێت هەرچی زووە ئەو پەیوەندییانە بپچڕێندرێن."

 

وەزیری بەرگری توركیا باسلەوەشدەكات، بە بەرپرسە ئەمەریكییەكەی وتووە"پێدانی چەك‌و تەقەمەنی بە تیرۆریستانی یەپەگە بە بارهەڵگر و فڕۆكە ناگونجێت لەگەڵ تێگەیشتنی هاوپەیمانی و هەروەها ناشگونجێت ئەوە بەلای ئێمەوە قبوڵ بكرێت. هۆشدارییەكانمان دووبارەكردەوە و باسمان لە چاوەڕوانییەكانمان كرد لەبارەی ئەوەی ئەمەریكای هاوپەیمانمان ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و هەرچی زووە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەپەگەدا بپچڕێنن كە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ تیرۆریستانی پەكەكەدا."

 

ئەمەریكا هاوپەیمانی توركیایەو هاوشێوەی ئەو وڵاتە پەكەكە بە ڕێكخراوێكی "تیرۆریستی" لە قەڵەم دەدات، بەڵام لەگەڵ پەیەدە لە پەیوەندیی بەردەوامدایەو بە پێدانی چەك‌و پێداویستی سەربازی‌و مەشق‌و ڕاهێنان بە شەڕڤانانی یەپەگە هاوكارییان دەكات.

 

دەوریەی هاوبەشی ئەمەریكییەكان‌و شەڕڤانان لەسەر سنورەكانی كۆبانێ لە سەرەتای ئەم مانگە. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

تائێستا واشنتۆن نەچووەتە ژێرباری فشارو داواكارییەكانی ئەنقەرە بۆ دوركەوتنەوە لە پشتیوانیكردن لە یەپەگە، ئەوەش وایكردووە توركیا دڵخۆش نییە بەو خەڵاتەی ئەمەریكا كە لە چوارچێوەی پرۆگرامێكدا بۆ پێدانی زانیاریی لەسەر سەركردەكانی پەكەكە ڕایگەیاندووە.

 

وەزیری بەرگریی توركیا دەڵێت"پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ یەپەگەی تیرۆریست ئەگەر بۆ تاكتیك و بە شێوەیەكی كاتیش بێت، زۆر جێگای نیگەرانییە و لە لایەن توركیاوە قبوڵ ناكرێت و ئەمەمان دووبارە و سێبارە پێڕاگەیاندوون."

 

یەپەگە بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌، داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە، هەربۆیە بووەتە جێی متمانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكاو وەك هاوپەیمان لە شەڕڤانان دەڕوانن، سەرباری فشارو ناڕەزاییەكانی توركیا لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكاو هاوپەیمانان لەگەڵ یەپەگە.

 

 

دەوریەی هاوبەشی ئەمەریكییەكان‌و شەڕڤانان لەسەر سنورەكانی كۆبانێ لە سەرەتای ئەم مانگە. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

پەیوەندیی ئەمەریكاو شەڕڤانان بەجۆرێكە، كاتێك سەرەتای ئەم مانگە توركیا چەند ڕۆژێك ناوچە سنورییەكانی كۆبانێ ی لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆردومانكرد، هێزەكانی سوریا دیموكرات(یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی) شەڕی لە دژی داعش ڕاگرت، لە كاردانەوەی ئەوەشدا هێزەكانی ئەمەریكا دەوریەیەكی هاوبەشیان لەگەڵ یەپەگە دەستپێكرد لەو ناوچە سنورییانە، ئەوەش پەیامێك بوو بۆ توركیا‌و سوڕانەوەی ئەمەریكییەكان لەگەڵ شەڕڤانان بەردەوام بوو تائەوكاتەی توركیا هێرش‌و تۆپبارانەكانی ڕاگرت.